بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم هۆشداری دەداتە وڵاتانی دراوسێ

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەمبارانی پاساو نییە بۆئەوەی وڵاتانی دراوسێ ئاوی هەرێمی کوردستان ببڕن، دەبێت دۆخی هەرێم لەبەرچاو بگرن بەتایبەت ئێران ئاوی روباری سیروانی وشککردوە.
ئەمڕۆ هەینی،٢٨ئایاری ٢٠٢١ ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ ئاستی ئاوی بەنداوەکان بە رێژەیەکی زۆر کەمبوەتەوە و بەنداوی دەربەندیخان 12.5 مەتر بەراورد بە ساڵی رابردو ئاستی ئاوەکەی دابەزیوە، بەنداوی دوکانیش هەشت مەتر دابەزیوە، هۆکاری سەرەکیی کەمئاویی بەنداوەکان کەمیی بارانبارینە، بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆئەوەی وڵاتانی دراوسێ ئاوی هەرێمی کوردستان ببڕن، بەتایبەت ئێران ئاوی رووباری سیروانی وشککردوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد "پلانی دانوستاندن هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بڕیارە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق 13ی حوزەیران سەردانی تاران بکات و بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانیش بەشداریی کۆبونەوەکانیان دەبێت، چونکە خراپترین دۆخی کەمئاوی لە روباری سیروان و بەنداوی دەربەندیخانە، دەیانەوێت ئێران لە موعاناتی ئەو خەڵکە ئاگاداربکەنەوە".
بەوتەی ئەکرەم ئەحمەد، "ئاوی بەنداوەکان بە تەنها، کێشەی وشکەساڵی چارەسەر ناکات، بەڵام ئاستی ئاوی بەنداوەکانمان زۆر خراپە، ئەمساڵ کەمئاوی کاریگەریی زۆری لەسەر هاوڵاتیان دەبێت، بەتایبەت ئەوانەی لەسەر روبارەکانن، ئاوی بیرەکانیش زۆرتر دادەبەزێت، ئەمساڵ ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی دەوروبەری روبارەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراقیش ئاگادارکراونەتەوە کە کشتوکاڵ نەکەن، چونکە ئاوەکە کەمە".
لەبارەی هۆکاری تەواونەکردنی ژمارەیەک بەنداو کە پێشتر بڕیاردرابوو دروستبکرێن ئاماژەی بەوە کرد، "17 بەنداوی نوێ بەهۆی کەمیی بودجە کارەکانیان وەستاون، داواشمان لە ئەنجومەنی وەزیران کردوە ئەو بەنداوانە تەواوبکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێک نەبوە".
