بایدن پرۆژەیاسای بودجەی 2022 بە شەش ترلیۆن دۆلار دیاریکرد

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

پرۆژەیاسای بایدن بۆ بودجەی ساڵی 2022 کە بە شەش ترلیۆن دۆلار دانراوە، گەورەترین بودجەی ئەمریکایە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە. 

 بایدن پرۆژەیاسای تایبەت بە بودجەی ساڵی 2022 بە 6 ترلیۆن دۆلار داناوە، بەڵام بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس دەڵێن ئەو بڕە پارەیە قەرزی گشتی حکومەت دەگەیێنێتە لووتکە.

ساڵی دارایی لە ئەمریکا لە 1ی مانگی 10 هەموو ساڵێک دەستپێدەکات و لە 30ی مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت.

ئەمە یەکەمین بودجەیە کە ئیدارەی بایدن ئامادەی دەکات و بڕیارە ئەمڕۆ هەینی پێشکەشی کۆنگرێسی بکات، کە لە هەردوو ئەنجوومەنەکانیدا (پیران و نوێنەران) دیموکراتەکان زۆرینەن.

بودجە 6 ترلیۆنییەکەی ئیدارەی بایدن دوو ترلیۆن دۆلاری بۆ بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و 1.6 ترلیۆن دۆلار بۆ پەرەپێدانی پرۆسەی خوێندن و هێزی کار تەرخانکراوە.

پرۆژەیاسای بودجەی بایدن پشتی بە زیادکردنی باج لەسەر سامانداران و خاوەن کارگەکان بەستووە؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی نێو کۆشکی سپی بایدن پلانی هەیە بۆ زیادکردنی بڕی بودجەی ساڵانەی ئەمریکا بە جۆرێک کە تاوەکو ساڵی 2030 بگاتە 8 ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار.

پێشنیازکردنی بودجەی ساڵی 2022 بە دوو ترلیۆن دۆلار رەخنەی بەشێك لە ئەندامانی کۆنگرێسی لێکەوتووەتەوە کە پێشبینی دەکەن قەرزی گشتیی وڵات بە بەراورد لەگەڵ بودجەکانی دوو ساڵی رابردوو زیاتر دەکات، بەڵام ئیدارەی بایدن پێشبینی دەکات قەرزی گشتی وڵات تاوەکو 2030 بەرەو هەڵکشان دەڕوات و لەدوای ئەو ساڵە دەست بە داکشان دەکات تاوەکو دەگاتە ئاستی باڵانس، واتە کۆی داهات و خەرجییەکان یەکسان دەبنەوە.

ئەمریکا ساڵانە کورتهێنانی بودجە تۆماردەکات و لە ساڵی 2020 بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆڤید-19 زیاتر لە 3.1 ترلیۆن دۆلار کورتهێنانی تۆمارکرد، کە سێ هێندەی کورتهێنانی ساڵی 2019 بوو، لەمساڵیشدا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1.9 ترلیۆن دۆلار کورتهێنان تۆمارکراوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار