بریارێکی حکومەت دەرمان لە نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە کەمدەکاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ڕایگەیاند، لەلایەن وەزیری داراییەوە بڕیاریانداوە پارەی دەرمان مانگانە بڕی ۲٪ خەرج بکەن بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی (نانەکەلی و ڕزگاری لە هەولێر ، هیوا لە سلێمانی ، ئازادی لە دهۆک ).

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ى ئایارى 2021،  تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لەراگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند،" بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی دەست تۆڕەکەمان کەوتوە سەبارەت بە خەرجکردنی شایستەی دارایي کۆمپانیاکانی دەرمان، بەداخەوە ئەم کابینەی حوکمەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ زوڵم و زۆرداری بەرامبەر هاوڵاتیانی کوردستان زیاتر دەکات و زۆر بێباکە بەرامبەر ژیانی هاونیشتیمانیانی”.

هەروەها هاتووە،” لە تازەترین بڕیاریدا بڕیاری کە لەلایەن وەزیری داراییەوە دراوە، بڕیاریانداوە کە پارەی دەرمان مانگانە بڕی ۲٪ صرف بکەن بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان دوای گەیشتنی دەرمانەکان بە نەخۆشخانەکان. واتا دوای ٥۰ مانگ (زیاتر لە ٤ ساڵ) کۆمپانیاکان دەتوانن پارەکانیان دەست بکەوێت لەوکاتەی کە دەرمانەکان دابین دەکەن بۆ حکومەت”.

جەختکراوەتەوە کە،” بێگومان ئەم بریارە بە ڕەزامەندی (سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی ، وەزیری تەندروستی)ە”.

تۆڕەکە ڕایشیگەیاندووە،” ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵانی پێشوتر لەکاتی گەیشتنی دەرمان بە نەخۆشخانەکان حکومەت یەکسەر پارەی دەرمانەکانی بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان صرف کردوە”.

هۆشداری دراوە لەوەی کە،” دەرکردنی ئەو بڕیارە بۆتە هۆی ئەوەی بەشێوەیەکی گشتی ئەزمەی دەرمان لە کەرتی گشتی دروست بێت و نەخۆشخانە شێرپەنجەییەکان زەرەرمەندی یەکەم بن و ژیانی چەندەها نەخۆشی شێرپەنجە بکەوێتە مەترسیەوە”.

لە بڕیارەکەی وەزارەتی دارایدا هاتوە،”خەرجکردنی پارەی کۆمپانیاکانی پاککەرەوەو خواردن ٦۰٪ و ۷۰٪ دەبێت”.

هاتووە،”تۆڕەکەمان ئەم بڕیارە بە بڕیارێکی بەرنامەداڕێژراو دەزانێت بۆ ئەوەی ئەو خزمەتگوزاریە کەمەی لەکەرتی گشتی هەیە نەیهێڵن و نەخۆش ناچار بە نەخۆشخانە تایبەتەکان بکەن”.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،”تۆڕەکەمان داوا لە سەرۆکی حوکمەت و جێگرەکەی و وەزیرانی دارای و تەندروستی دەکات لەماوەی کەمتر لە ۷ ڕۆژدا ئەوبڕیارەیان هەڵبوەشێننەوەو شایستەی دارایی بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان صرف بکەن، هەروەک چۆن لە ساڵانی ڕابردو و شەڕی داعش و قەیرانی دارای صرف کراوە”.

لە کۆتایدا هاتووە،”بە پێچەوانەوە گیان لەدەستان یاخود تێکچونی تەندروستی هەر نەخۆشێک بەتایبەت نەخۆشانی شێرپەنجە لە ئەستۆی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرانی دارای و تەندروستیدایە”.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار