کۆرۆنایەكی مەترسیدار لەڤێتنام بڵاودەبێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی تەندروستی ڤێتنام رایگەیاند:" جۆرێکی نوێی کۆرۆنای گۆڕاو لەوڵاتەکەیاندا سەری هەڵداوە و کەهەڵگری تایبەتمەندییەکی تێکەڵە لەهەردو کۆرۆنای گۆڕاوی بریتانی و هیندی".
ئەمڕۆ شەممە، 29 ئایاری 2021 نگۆین سان لۆنگ، وەزیری تەندروستی ڤێتنام بەمیدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندوە، جۆرێکی نوێی کۆرۆنای گۆڕاو لە ڤێتنام سەری هەڵداوە کە جۆرێکی "مەترسیدارە" و بەگوێرەی پشکنینی ئەو کەسانەی توشی پەتاکە بون، جۆرە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا تێکەڵەیەکە لەهەردو جۆرە ناسراوەکەی کۆرۆنای گۆڕاو کەئەوانیش کۆرۆنای گۆڕاوی بریتانی و هیندین.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی تێبینی کراوە و لەئەنجامی پشکنینی توشبوان دەستیانکەوتوە، کۆرۆنای گۆڕاوی ڤێتنامی جۆرێکی مەترسیدارترە و بەئاسانیش لەرێگەی هەواوە دەگوزرێتەوە.
بەگوێرەی دواین ئامارەکان تائێستا سەد و حەفتا ملیۆن و سەد و نەوەد هەزار و پێنج سەد و شەست و چوار کەس لەجیهان توشی کۆرۆنا بون، لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و پێنج سەد و سی و نۆ هەزار و سەد و حەفتا و سێ توشبو بەهۆی کاریگەری پەتاکەوە مردون.
