سه‌نته‌رى میترۆ رونکردنه‌وه‌یه‌کى "توند" بڵاوده‌کاته‌وه

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سه‌نته‌رى میترۆ بۆ داکۆکى له‌مافى رۆژنامه‌نوسان رایده‌گه‌یه‌نێت، ماوه‌ى چه‌ند رۆژێکه هه‌ڵمه‌تێک دژیان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و گومان ده‌خه‌نه سه‌ر کار‌و چالاکییه‌کانیان، جه‌ختیش ده‌کاته‌وه له‌نامه‌یه‌کدا که ئاڕاسته‌ى نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانیان کردووه باسیان له‌وه‌کردوه ژماره‌یه‌ک "ده‌زگاى راگه‌یاندنى ئه‌منى به‌پاره‌ى هاوپه‌یمانى دژى داعش" له‌به‌رامبه‌ریان به‌کارده‌هێنرێت.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 29ى ئایارى 2021، سه‌نته‌رى میترۆ بۆ داکۆکى له‌مافى رۆژنامه‌نوسان له‌رونکردنه‌وه‌یه‌کدا ئه‌وه‌شیان خستۆته‌روو "ئۆباڵى هه‌ر کرده‌یه‌کى توندوتیژى به‌رامبه‌ر رێکخه‌رى میترۆ و ئه‌ندامه‌کانى ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆى ئه‌و ده‌زگایانه‌ى پاره‌ى (هێزه‌کانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژ به داعش) خستۆته خزمه‌تى میدیا و کرینى ویژدانى میدیاکاران و چالاکوانى مه‌ده‌نى و دروستکردنى سوپاى ئه‌لیکترۆنی".
ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى سه‌نته‌رى میترۆ:
بۆ راى گشتی
ده‌رباره‌ى کچان و کورانى میدیاى هه‌واڵگری
میترۆ رێز له‌ره‌خنه‌ى هه‌موو ئه‌و که‌سانه ده‌گرێت که ئامانجى باشکردن و ئه‌کتڤیبوونى میترۆیه بۆ به‌رگرى زیاتر له ئازادى رۆژنامه‌گه‌رى و راده‌ربڕین، ، پێشوازى لێده‌کات، ئه‌زمونمان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کات و به هه‌ڵه‌کانماندا ده‌چینه‌وه، هێزمان پێده‌به‌خشێ، ئه‌وانه هاورێ و هاوکارمانن، سوپاسیان ده‌که‌ین.
میترۆ توشى شۆک نابێت کاتێک میدیاى به‌کرێگیراوى ده‌زگاى ئه‌منى و هه‌وڵگرى و چالاکوانى چالاک به پاره‌ى حزب و گه‌نده‌ڵى و قاچاخچێتى نه‌وت و مه‌رزه‌کان، هه‌ڵمه‌ت ده‌که‌ن و گومان ده‌خه‌نه سه‌ر کار‌و چالاکییه‌کانمان، ئه‌وه ئه‌رکیانه ئه‌گه‌ر به‌جێى نه‌گه‌یه‌نن، پولێک وه‌رناگرن.
میترۆ درک به‌وه ده‌کات کچان و کوڕانى ده‌زگاى هه‌وڵگرى و ئه‌منی، کاسپى و مه‌سره‌فى رۆژانه‌یان، موچه‌ى مانگانه‌و ژیانیان، بۆ دروستکردنى گومانه له‌سه‌ر رێکخراو و که‌سایه‌تى چالاک و سه‌ربه‌خۆ، ئه‌وانه گوزارشت له ره‌وشتى خۆیان ده‌که‌ن، ئێمه له دانیشتنى ره‌سمیدا راشکاوانه به کاره‌کته‌ره دیاره‌کانى ئه‌و دوو حزبانه‌مان ووتوه: ئه‌م موتیعانه ئه‌مرۆ لاى ئێوه‌ن سبه‌ینێ لاى ئیتلاعات و میت و حه‌شدى شه‌عبى دژ به خۆتان ته‌وزیف ده‌کرێت.
ئێمه کارى رێکخراوى مه‌ده‌نى ده‌که‌ین، حزب و پرۆژه‌ى سیاسى نیین، ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێت حکومه‌ت بروخێنێت به رێگاى خۆی، رێگاى ئێمه چاودێرى و فشاره، پیشاندانى که‌لێن و که‌موکورتى و پێشێلکارییه، تۆمارکردن و به دیکۆمێنتکردنه، به‌رگرییه له ئازادى میدیا و ئازادى زانیاری، ئازادى راده‌ربڕین.
په‌نابردن بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ى درۆ و بوختان و سوکایه‌تی، ئاسانترین کرده‌یه له تۆره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ئه‌وه‌شى به‌رامبه‌ر به میترۆ‌و چالاکوانه‌کانى بڵاوده‌کرێنه‌وه، چونکه سه‌رچاوه‌که‌ى ئاشکرایه، به ووردى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین.
ئه‌م هێرش و هه‌ڵمه‌تى ناوزڕاندنه له‌و کاته‌وه سه‌رى هه‌ڵداوه، که میترۆ خۆى هه‌واڵى دیداره ره‌سمییه‌کانى هه‌ولێر بڵاو ده‌کرده‌وه، ده‌چوون وێنه‌ى هه‌واڵه‌که‌ى میترۆیان ده‌بردو وه‌ک ئینجازێکى گه‌وره‌ى ئه‌منى و موخابه‌راتى خۆیان، ئینجا به لکاندنى درۆى ده‌زگاکه‌یان، بڵاویانده‌کرده‌وه. چ گاڵته‌جارییه‌که، وێنه‌کانى میترۆ بکه‌یت به ئینجازى ئه‌منى و هه‌واڵه‌کانمان بکه‌یت به سه‌رچاوه‌ى تایبه‌تى هه‌واڵگری، بیده‌یت به په‌یجه به‌کرێگیراوه‌کانتان.
ئێمه تێگه‌یشتنمان هه‌یه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی، که ژیان ته‌نگى پێهه‌لچنیون و ناچار کراون هه‌واڵمان له‌سه‌ر بڵاوبکه‌نه‌وه، به شه‌رمه‌وه نامه‌مان بۆ ده‌نێرن و خه‌جاڵه‌تى ده‌رده‌بڕن له‌به‌رامبه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ى درۆى شاخدار له سه‌ر سه‌نته‌رو رێکخه‌ره‌که‌ی، که له ده‌سه‌ڵاتى ئه‌واندا نییه‌و له‌سه‌رو خۆیانه‌وه به سه‌ریاندا سه‌پاوه.
میترۆ نامه‌یه‌کى بۆ نێرده‌ى نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له عێراق، رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، کونسڵى وڵاتان له هه‌رێمى کوردستان ئاماده کردوه، به‌روونى ناوى چالاکوان و میدیاکارانى ده‌زگا ئه‌منییه‌کان و سایت و په‌یجه‌کانیان و هه‌ڵمه‌تى تۆقاندن و فشار‌و هه‌ره‌شه‌و درۆکانیان بۆ سه‌ر سه‌نته‌رى میترۆ روونده‌کاته‌وه، هه‌روه‌ک ئۆباڵى هه‌ر کرده‌یه‌کى توندوتیژى به‌رامبه‌ر رێکخه‌رى میترۆ و ئه‌ندامه‌کانى ده‌خاته ئه‌ستۆى ئه‌و ده‌زگایانه‌ى پاره‌ى (هێزه‌کانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژ به داعش) خستۆته خزمه‌تى میدیا و کرینى ویژدانى میدیاکاران و چالاکوانى مه‌ده‌نى و دروستکردنى سوپاى ئه‌لیکترۆنى وچالاککردنى په‌یجه‌کانیان له تۆرى کۆمه‌ڵایه‌تى به ئامانجى سوکایه‌تى به ژنان و میدیاکارانى ئازاد و چالاکوان و رێکخراوه سه‌ربه‌خۆکان و بڵاوکردنه‌وه‌ى ترس و تۆقاندن له‌ناو کۆمه‌ڵگادا.
کچان و کورانى ده‌مامکدارى دامه‌زاروه پۆلیسى و هه‌واڵگرییه‌کان و به‌رپرسه‌کانیان: زه‌مه‌ن له نێوانماندا بێت ئه‌و کاته‌ى ده‌مامکه‌کانتان ده‌که‌وێت، ئاشکرا ده‌بێت کێ به گرێگیراوى کێ بووه؟ کێ به پاره‌ى سیخوری، گروپ ورێکخراو و په‌یجى دروستده‌کرد؟ کێ به مه‌سره‌فى رۆژانه‌ى گیرفان راپۆرت له‌سه‌ر هاورێ و هاوپیشه‌کانى ده‌دایه ده‌زگا ئه‌منییه‌کان؟ کێ موسته‌شارى کێ بوو؟ زه‌مه‌ن له نێوانماندا بێت تا روون ده‌بێته‌وه به موچه‌ى مانگانه‌ى چه‌ند؟ شه‌ره‌فى پیشه‌که‌تان فرۆشت و که‌وتنه زه‌لکاوى میدیاى هه‌واڵگرى به‌کرێگیرواو. هه‌روه‌ها کێ و چۆن هه‌موو تواناى هه‌واڵگرى ده‌زگاکاکه‌ى بۆ چاودێرى ئه‌وانه‌ى خۆى و باڵه‌که‌ى بیرناکه‌نه‌وه سه‌رفده‌که‌ن، نه‌ک داعش و ماعش.
سه‌نته‌رى میترۆ
29ى ئایارى 2021
