پەرلەمانی كوردستان هێشتا یەكلانەبووەتەوە دانیشتن لەسەر لێبڕینی مووچە بكات

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

سەرەڕای واژۆی ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بەردەوامی لێبڕینی موچە، بەڵام هێشتا سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاری یەكلاكەرەوەی نەداوە دانیشتنێكی تایبەتی لەسەر ئەنجام بدات، بەڵام پەرلەمانتاران دەڵێن داوایان كردووە ستافی حكومەت بەشداربێت.

ماوەی حەوت مانگە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەڕێژەی لەسەدا 21% بەردەوامەو ئەوەش نیگەرانی موچەخۆرانی لێكەوتووەتەوەو پێیانوایە داهاتی ناوخۆ زیادی كردووەو نرخی نەوتیش بەرزبووەتەوە ناكرێت لێبڕینی موچە بەردەوام بێت.

دانیشتنی پێشتری پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە واژۆ كۆكرایەوە بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە بڕیار بدرێت دانیشتنێكی تایبەت بەو پرسە ئەنجامبدرێت، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە.

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی كۆمەڵ: لەم قۆناغەدا پێویستە بڕیار بدرێت لێبڕینی موچە نەمێنێت نەگ گفتوگۆی لەسەر بكرێـت

روپاك ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كۆدەنگییەك لەناو پەرلەمانتاران هەیە بەڵام دوو بەش دروستبوون، ئێمە  (57) پەرلەمانتار  واژۆمان بۆ ئەوە كۆكردۆتەوە كە پرسی لێبڕینی موچە نەمێنێت بەڵام (60) پەرلەمنتاری دیكە لەحزبەكانی بەشدار لەحكومەت واژۆیان كردووە بۆ گفتوگۆكردن».

«لەم قۆناغەدا پێویستە بڕیار بدرێت لێبڕینەكە نەمێنێت نەك تەنیا گفتوگۆی پەرلەمان بێت، چونكە كە بڕیار نەدات گفتوگۆ هیچ ئەنجامێكی نابێت»، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ وای وت.

روپاك ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو هەندێك لەپەرلەمانتارەكانی گۆڕان و یەكێتی لەهەرودوو لاوە واژۆیان كردووە.

پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرسی لێبڕینی موچە بوونەتە دوو بەش  (57) پەرلەمانتار لەفراكسیۆنە جیاوازەكان واژۆیان كردووە پرسی لێبڕینی موچە نەمێنێت.

بەشەكەی دیكەی ناو پەرلەمان لەفراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی و پارتی (60) واژۆیان كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان گفتوگۆ بكات لەسەر پرسی لێبڕینی موچە.

حكومەتی هەرێم ماوەی حەوت مانگە موچە بەلێبڕینی لەسەدا 21% دابەشدەكات و بۆ مانگی ئایاریش لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پەسەندكردنی بودجەی عێراقیش بەو شێوازەی خۆی بەردەوامە لەدابەشكردنی موچە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی: هیچ پاساوێك بۆ لێبڕینی موچە نەماوە و پێویستە ستافی حكومەت لەپەرلەمان ئامادەبن

ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی موچە نەماوە لەدوای رێككەوتنی لەگەڵ بەغداو بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆش زۆر بووە».

هەروەها باسی لەوەشكرد، داهاتەكان زۆربوون بەڵام بەداخەوە دوو حزبی دەسەڵات داهاتەكان ناگێڕنەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و وەزارەتی دارایی وەك چالاكی حزبی و دەربڕین و سەنگەر گواستنەوە بەكاریدەهێنن.

ئەبوبەكر هەڵەدنی وتیشی:» دانیشتنی ئەم جارە تایبەت دەبێت بەهەڵگرتنی لێبڕینی موچە بەئامادەبونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان تابڕیاری كۆتایی لەبارەی هەڵگرتنەوە بدرێت، چونكە بڕیارەكە بەئەنجومەنی وەزیران بووەو  دەبێت سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان بێنە پەرلەمان و بەدەستەجەمعی بڕیارەكەیان داوە نەك تەنیا وەزیر بێت هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت بڕیار بدات».

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: چاوەڕێین لەیەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان لێبڕینی موچە كۆتایی پێبهێنرێت

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد بارودۆخی دارایی هەرێم لەبارودۆخێكی باشدایە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە لێبڕینەكە نەمێنێت، بۆیە پێكەوە هەموویان كار بۆ ئەوە دەكەن.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە: « كاركردنی هەموو لایەنەكان و فراكسیۆنەكان پێكەوە كاریگەرییەكان لەسەر حكومەت زیاد دەكات و وادەكات كۆتایی بەلێبڕینی موچە بهێنرێت».

پەرلەمانتارێكی پارتی: خۆمان بەخاوەنی كەیسی هەڵگرتنی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەزانین

رێبوار عەبدولڕەحیم، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»  ئێمە وەك پارتی هەر زوو لەسەر ئەوە قسەمان كردووەو خۆمان بەخاوەنی كەیسی هەڵگرتنی لیبڕینی موچە دەزانین، چونكە زۆرینەی خەڵكی هەرێم دەنگی بەئێمە داوە».

پەرلەمانتارەكەی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان پێشیوابوو ئەوان یەكەم كەس بوون واژۆیان كردووە كە شاندی ئەنجومەنی وەزیران بێتە پەرلەمان و كار بۆ كۆتایی هاتنی لێبڕینی موچە بكەن.

رێبوار عەبدولڕەحیم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد» ئێمە داوا دەكەین شاندی حكومەت بێتە پەرلەمان كەئەو شاندە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێدەدات لەكێ و كێ پێكهاتووە دێنە دانیشتنی ئەمجارەی پەرلەمانەوە».

پەرلەمانتارێكی گۆڕان: پێویستە هەموو ئەوانەی پەیوەندی بەبودجە و داهاتی وڵاتەوەیە پێكەوە بێنە پەرلەمان

بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لێبرێنی موچە بڕیارێكی نایاسایی ئەنجومەنی وەزیرانە كەدەسەڵاتی خەرجكردن گەورەترین كێشەیە كە یاسایەكی تایبەتی نیەو لەسەری بڕوات».

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان پێیوابوو ئەم خەمە بەردەوام هەبووەو ئێستا چڕتر بۆتەوەو پێویستە حكومەتیش كار لەسەر ئەوە بكات و ئەو ژمارانە بخاتەڕوو كەداهاتەو لەبەردەستدایە تا بەو پێیە كاربكرێت بۆ كۆتایی هاتنی لێبڕینی موچە.

بەڵێن ئیسماعیل ئەوەشی دووپاتكردەوە كەئەمجارە پێكەوە ستافی ئەنجومەنی وەزیران بێنە پەرلەمان و لەسەر هەڵگرتنی لێبڕینەكە بڕیار بدرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار