یەكێتیو گۆڕان: دەنگەكانمان لەهەڵبژاردنەكاندا زیاد دەكات
«هاوپەیمانێتییەكەمان بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكەو ئارامیی ئابووریو كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە»
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان دەڵێن هاوپەیمانێتییەكەیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكەو ئارامیی سیاسی و ئابووری لێدەكەوێتەوەو دەتوانن پێكەوە بەرگری لەمافەكانی كورد لەبەغدا بكەن.
هەریەكە لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كەبڕیارە لە10/10ی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت هاوپەیمانێتییەكیان پێکهێناوە بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی.
یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق خاوەنی (20) كورسی و بزوتنەوەی گۆڕان پێنج كورسییان هەیە كە بەهەردوولایان دەگەنە (25) كورسی.
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، عێراق دابەشكراوە بۆ (81) بازنەی هەڵبژاردن كەپێشتر هەر پارێزگایەك یەك بازنە بووەو ئەوەش دەنگی لایەنەكان لەزۆری بازنەكاندا پەرت دەكات.
سەركردایەتییەكی یەكێتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەسەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە لەلایەن لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی كەپێگەی جەماوەری بەهێزە، رۆڵی دەبێت لەوەی هاووڵاتیان و ئەندام و لایەنگرانیان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هاوپەیمانێتی بۆ بەغدا گرنگە بۆ هاوهەڵوێستی نێوانمان، چەند یەكدەنگ بین ئەوەندە كاریگەریی دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كوردو ناوچە دابڕێندراوەكان».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد بنكەی جەماوەریی یەكێتی و گۆڕان ئەگەر سەد لەسەد نزیك نەبن ئەوا زۆر زۆر لێك نزیكن، لەبەرئەوە گرنگە هەردوولا پێكەوەبن لەپێناو ئەو بنكە جەماوەرییە، وتیشی:»ململانێكانی یەكێتی و گۆڕان كاریگەری یان كاردانەوەی خراپی لەبواری ئابووری هەبوو، ئەو هاوپەیمانێتییە هەڵبژاردنێكی ئارامی لێدەكەوێتەوە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە بەگشتی».
ئارێز عەبدوڵا، ئەوەشی باسكرد كە هاوپەیمانێتییەكەیان بۆ دژایەتی پارتی و هیچ لایەنێكی دیكە نییە» هەڵبژاردن ململانێیەكی دیموكراسییە، بێگومان ئێمە حەزدەكەین پارتی كورسی نەهێنێت، پارتیش حەز دەكات ئێمە كورسی نەهێنین، بەڵام ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی ئەو هاوپەیمانێتییەمان كردووە، ئەگەر هاوپەیمانێتییەكەمان لەگەڵ گۆڕان ببێتە شكستی نەیارەكانمان كارێكی باشە».
هەروەها ئەو سەركردایەتییەی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كەسەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە لەلایەن لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی كەپێگەی جەماوەریی بەهێزە، رۆڵی دەبێت لەوەی هاووڵاتیان و ئەندام و لایەنگرانیان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، وتیشی:» راستە بازنەكانی هەڵبژاردن لەعێراقدا زیادیان كردووە، بەڵام یەكێتی و گۆڕان دڵنیام دەنگەكانیان زیاتر دەكەن و قورساییان پێكەوە زیاتر دەبێت لەبەغدا».
هاوكات، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت:» هاوپەیمانێتی یەكێتی و گۆڕان كاریگەری لەسەر باشتركردنی ژیانی خەڵك دەبێت».
وشیار عومەر، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی كاریگەری دروستدەكات لەهەڵبژاردنەكاندا لەهەرێمی كوردستان، هەمیشە ململانێ و نائارامی هەبووە كەئێمەش سەرچاوەی ئەو نائارامییە نەبووین، گۆڕان هێزێكی مەدەنییە لایەنەكانی بەرانبەر كاردانەوەیان بەرانبەر گۆڕان هەبووە».
هەروەها پێشیوابوو هاوپەیمانان خواستیان ئەوەیە كەكورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بێت و ئەو هۆشدارییە دراوە بەلایەنە سیاسییەكان كەكورد ئاگاداری خۆی بێت كەئەو عێراقەی ئێستا عێراقی (17) ساڵی رابردوو نییە، هەمواری دەستورو زۆر پرسی تر لەئارادایە، «كورد پێویستە یەكڕیز بێت و كار بۆ یەكخستنی هەڵوێستەكانی بكات».
« یەكێتی و گۆڕان لەسەر ئاستی حكومەتی خۆجێیی رێکكەوتنیان هەیەو پێویستە بەوردی چاوپیاخشاندنەوەی تێدا بكرێت كەسلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە لە زۆر رووەوە بێبەش كراوەو ناعەدالەتیی هەیە، هەمیشە خەڵك زیاتر چاوی لەو رێکكەوتنەی حكومەتی خۆجێیی زیاتر بووە وەك لەبەشداری گۆڕان لەكابینەی نۆیەمدا»، وشیار عومەر وا دەڵێت.
دەربارەی پارێزگاریكردن لەدەنگ و كورسییەكانیان لەڕێگەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە، وشیار عومەر وتی:» دڵنیام ئەو پێنج كورسییەی بەغدا قورسایی گۆڕان نییەو زۆر لەوە زیاترە، وڵاتانیش كەبەردەوام دەیانبینین دەزانن قورسایی گۆڕان زۆر زیاترە، چونكە هیچ هێزێك بەقەدەر گۆڕان ئەم ماوەیە تووشی دژایەتی و ململانێ نەبووەتەوە، بەڵام دڵنیام دەنگەكانمان دەپارێزین و قورسایمان زیاتر دەبێت، ئەوەش كارو بەرنامەی دەوێت، چونكە رەخنەی خەڵك كە هەبووبێت لەسەر پرۆژەكانی گۆڕان بووە كە باش تێنەگەیشتووە لە نیەت و كاری گۆڕان».