سلێمانی داوای دامەزراندنی 13 هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستی لەقوباد تاڵەبانی دەكات
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت: »(13) هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستییان كەمەو ئەوەش كێشەی بۆ دروستكردوون و داوامان لەقوباد تاڵەبانی كردووە چارەسەری بكات».
دوێنێ یەكشەممە نوێنەری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كردو بەڵێنیدا كێشەی كەمی دەرمان و كارمەندی تەندروستی بۆ پارێزگاكە چارەسەر بكات.
هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئەو میلاكەی ئێستا هەمانە زۆر كەمترە لەو رێژەیەی كە دەبێت هەبێت كە لەسەدا (50 بۆ 60) سەرچاوەی مرۆییمان كەمە».
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا ئاستی دامەزراندن زۆر لاوازە، بۆیە پێشنیاریان كردووە كەمی میلاك بەوە پڕبكرێتەوە ئەو كارمەندانەی مۆڵەتیان وەرگرتووە یان ئەوانەی كە خانەنشین بوون كەسی دیكە بكرێتە شوێنیان.
هەروەها وتی:»بەپێی میلاكی وەزارەتی تەندروستی بۆ پارێزگای سلێمانی پێویستە (27) هەزار كارمەندو پزیشكی بواری تەندروستی هەبێت، لەئێستادا كەمتر لە (14) هەزار میلاك هەیە، واتا پێویستمان بە (13) هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستی زیاتر هەیە».
هێرش سەلیم، جەختی لەوەشكردەوە»دەتوانین پێداویستییەكان هەرچۆنێك بێت دابینی بكەین، بەڵام سەرچاوەی مرۆیی ناتوانین پڕبكەینەوە، بۆ نموونە ناتوانین نەخۆشخانەیەكی تازە بكەینەوە تاپسپۆری تازە دانەمەزرێنرێت تاكێشەی كەمی كارمەندو پزیشك چارەسەر نەبێت».