پەكەكە؛ لەنێوان پیلانی ئێران‌و دوژمنایەتیی توركیادا

سەرۆك كۆماری توركیاو ئێران بەڵێنیان داوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی پەكەكەو پژاك ئەنجام بدەن

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

توركیاو ئێران كەمیراتگری دوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی-ن سەرەڕای ململانێكانیان، ستراتیژێكی نزیك و دوژمنكارانەیان لەسەر پرسی كورد هەیەو هیچ كات ناكۆكییەكانیان وای نەكردووە دژی كورد كۆك نەبن و پەكەكە وەك هێزێكی سەرەكیی كورد باجی ستراتیژی هاوبەشی تاران و ئەنقەرە دەدات.

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كە لەساڵی (1978) دامەزراندنی خۆی راگەیاندو وەك هێزێكی سیاسی و سەربازیی بۆ بەدەستهێنانی بەشێك لەمافەكانی كورد چالاكییەكانی لەبازنەی چوارپارچە یان كوردستانی گەورە رێكدەخات، بەبەردەوامی دەكرێتە ئامانجی وڵاتانی وەك (ئێران و سوریاو عێراق و توركیا) بەڵام توركیاو ئێران راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ زیاترین رێگریی و دوژمنایەتیی ئەم هێزە دەكەن و زۆرجار لەڕێگەی بەكرێگیراوان یان هێرشی سەربازییەوە پەكەكە دەكەنە ئامانج، چونكە ئەم دوو وڵاتە مێژوییەكی هاوبەشی دورودرێژیان هەیە لەدژایەتیی كوردو بزوتنەوەكانی، بۆیە پەكەكە بەپێی ئەو هەلومەرجانە پلان و ستراتیژیی خۆی بۆ هەڵسوكەوت یان خۆپاراستن لەبەرامبەر دەسەڵاتی ئەو دوو وڵاتە رێكدەخات.

توركیاو ئێران وەك دوژمن و نەیاری پەكەكە هەوڵی دانوستانی نهێنی و رێككەوتن لەگەڵ ئەو هێزە دەدەن و رەنگە مەبەستیشان لەم كارە زیانگەیاندن بەپەكەكە و پرسی كورد بێت بەتایبەت كۆماری ئیسلامی ئێران بەبەردەوامیی هەوڵیداوە كە هەستیاریی لەگەڵ پەكەكە دروستنەكات بۆ ئەوەی لەلایەك كێشەی كورد لەئێران هاوشێوەی توركیا سەرهەڵنەدات و لەلایەكی دیكەوە پەكەكە ببێتە مایەی لاوازبوونی توركیا وەك ركابەرێكی سەرەكیی ئێران لەناوچەكەدا.

رێككەوتنی توركیاو سوریا ستراتیژی پەكەكە دەگۆڕێت

ناكۆكییەكانی توركیاو سوریا كەمێژوویەكی دورودرێژی هەیەو رەنگە بتوانرێت بووترێت سەرچاوەی ئەو ناكۆكییەش ئاوی رووباری فورات بووە كە لەناوچە شاخاوییەكانی باكوری كوردستانەوە هەڵدەقوڵێت و ئەم دوو وڵاتە لەگەڵ عێراق لەچەند قۆناغێكی جیاجیاو لەساڵانی (1960) تاساڵی (1990) چەند رێككەوتنێكی سێقۆڵیی نێوانیان ئەنجامداوە، بەهۆی ئەوە زۆربەی ئاوی روباری فورات دەچێتە سوریاو ژیانی بەشێكی بەرچاوی خەڵكی ئەو وڵاتەی پێوە گرێدراوەتەوە، توركیا بەبەردەوامیی وەك كارتێكی فشار لەدژی سوریاو هەندێكجاریش دژی عێراق بەكاریهێناوە.

كودەتای سەربازیی (1980)ی توركیا دژی حكومەتی سولەیمان دەمێرەل و دەستگیركردنی ئەندامانی پەكەكەی بەدوای خۆیدا هێناو ئەو كودەتایە  (210) هەزار دۆسیەی دادگایی لێكەوتەوەو (230) هەزار كەس دادگایی كران و بڕیاری لەسێدارەدان بۆ حەوت هەزار كەس دەرچوو  (400) رۆژنامەنوس دەستگیركران و سەرجەم چوار هەزار ساڵ زیندانییان بۆ بڕایەوەو ژمارەیەكی بەرچاویش بەهۆی مانگرتن و هەوڵی راكردن لەزیندانەكانی توركیا گیانیان لەدەستدا، بووە هۆی ئەوەی پەكەكە پەنا بۆ خاكی رۆژئاوای كوردستان لەژێر دەسەڵاتی حافز ئەسەد بەرێت.

كودەتا سەربازییەكەی توركیاو قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ سوریا لەسەر ئاوی رووباری فورات رەنگە هۆكارێكی سەرەكیی بووبێت بۆ ئەوەی رژێمی ئەوكاتی حافز ئەسەد لەسوریا چاوپۆشیی لەبوونی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان لەو سەردەمەدا بكات.

ئەگەرچی بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان حافز ئەسەد سەرۆكی ئەو كاتی سوریا ویستوویەتی بەجێگیربوونی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان ئەو هێزە دژی توركیا وەك كارتێكی فشار بەكاربهێنێت، بەڵام واژۆكردنی رێككەوتنی نێوان توركیاو سوریا بەناوی (پەیمانی ئادانا) لەساڵی (1998) بووە هۆی دەستبەجێ دەركردنی پەكەكە لەخاكی رۆژئاوای كوردستان، چونكە توركیا بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ دیمەشق رێگەپێدراو بوو كە بەمەبەستی سەركەوتنی هێزە نەیارەكانی تاقوڵایی پێنج كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریاوە.

دوای رێككەوتنی (ئادانا) كە ئێران و روسیا نێوبژیوانی بوون رژێمی سوریا بڕیاری دەركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی پەكەكە و پارتەكەی دەدات، بۆیە ئەو پارتەو هێزەكەی بۆ خۆپاراستن لە رژێمی سوریاو حكومەتی توركیا پەنا بۆ هێڵە سنورییەكانی نێوان خاكی رۆژهەڵاتی كوردستان و باكوری كوردستان بەتایبەت قەندیل دەبات و بەشێك لەهێزەكانیشی لەناوچەكانی (ورمێ، خۆی، سەڵماس، ماكۆ) جێگیردەكات، ئەمەش وایكردووە توركیا بە بەردەوامیی تۆمەتی پەیوەندیی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و پەكەكە بداتەپاڵ ئەو دوو لایەنەو لەدوایین رووداویشدا كاتێك ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لەعێراق رایگەیاند؛ ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان نایاساییەو پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراقە، سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی توركیا بەتوندی وەڵامی مەسجدی دایەوەو رایگەیاند؛ تائێستا ژمارەیەك چەكداری پەكەكە لەسنورەكانی ئێرانن و حكومەتی ئەو وڵاتە داڵدەیان دەدات، ئەم گرژییەش بانگهێشتی باڵیۆزەكانی ئەو دوو وڵاتەی لەئەنقەرە و تاران لەلایەن توركیاو ئێرانەوە لێكەوتەوە.

رێككەوتنەكەی سوریاو توركیا بووە هۆی ئەوەی ئۆجەلان بڕواتە دەرەوە لەسوریا و روو لەچەند وڵاتێكی وەك (روسیا، ئیتاڵیا، یۆنان) بكات و دواجار لەپیلانێكی نێودەوڵەتییدا لەساڵی (1999) لەكینیا دەستبەسەر كراو ئەمەش كاردانەوەی كوردی لەهەموو جیهان و بەتایبەت لەناوچە كوردییەكان لێكەوتەوەو رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژی دەستگیركردنی ئۆجەلان وەك ناوچەیەكی سەربازیی لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە راگەیەنراو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لەچەند رۆژێكدا دەیان قوربانیی و برینداری لێكەوتەوەو سەدان كەسیش دەستگیركران و هێزە ئەمنییەكانی ئێرانیش بەهەموو شێوەیەك هەوڵی سەركوتی ئەو خۆپیشاندانانەیان دەدا بەجۆرێك سوپاو هێزە ئەمنییەكانی زۆربەی ناوچەكانی ئێران بۆ سەركوتی خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان روویان لەو ناوچانە كرد.

رێككەوتنی سوریاو توركیاو دەستگیركردنی ئۆجەلان، ستراتیژیی پەكەكەی بەتەواوەتی گۆڕی و ئەو گۆڕانكارییە لەبەهێزبوونی پەكەكە لە رووی سەربازیی و سیاسییەوە بەدی دەكرێت، چونكە حاشا لەوەناكرێت كە توركیا دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان بەهاوكاریی سەرەكیی ئیسرائیل، خەونی بە لەناوچوونی ئەو هێزەوە دەبینی و پێی وابوو بەو هەنگاوەی چیتر پرسی كورد لەتوركیا نابێتە كێشەی سەرەكیی دەسەڵات لەو وڵاتە.

پەكەكە لەستراتیژی ئێراندا

زۆربەی شیكەرەوانی سیاسیی تورك پێیان وایە بەهۆی ئەوەی دوای رووخانی سۆڤیەت لەساڵی (1991) توركیا پەیوەندییە سەربازیی و هەواڵگرییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل بەرفراوان كردووە، ئێران وەك پیشەیەكی مێژویی خۆی هاوشێوەی پشتیوانیی لەمەلا مستەفا، سەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی) لە رابردووداو هاوكاریی پارتی و یەكێتیی نیشتیمانی (یەكێتی) لەدژی رژێمی بەعس لەعێراق، دەیەوێت پەكەكە هاوشێوەی ئەو هێزانە دژی توركیا بەكاربهێنێت و یەكەم هەنگاویشی لە رێگەی رژێمی حافز ئەسەد لەسوریا بووە و كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (1988) لە رێگەی رژێمی سوریاوە بەبەردەوامیی پەیوەندیی بەسەركردەكانی ئەو هێزەوە كردووە و بواری بۆ رەخساندون سەردانی تاران بكەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران.

ئێران هاوشێوەی توركیا خاوەنی كێشەی پرسی كوردە، بەڵام دنیابینی ئێران بۆ پرسی كوردو داگیركردنی شێوازێكی دیكەی هەیە و بەچاوخشاندنێكی خێرا لەپلانی داگیركردنی كورد بەدەستی ئێران دەردەكەوێت ئەو وڵاتە پێچەوانەی توركیا كەكورد بەگەلێكی جیاواز لەتورك دەزانێت، دەیەوێت بەپشتبەستن بەچەند سەرچاوەیەكی مێژوویی درۆو دوور لە راستیی بەبەردەوامی گەلی كورد وەك بەشێك یان پاشكۆی نەتەوەی فارس یان هەندێك جار بەهاونەژاد لەگەڵ گەلانی ئێران ناوببات و لەم سۆنگەیە بەشێك لەستراتیژو سیاسەتی خۆی بۆ داگیركردنی كورد داڕشتوە.

 بۆیە بەرپرسانی ئێران بەگشتی هیچ كات نایەنەوێت پرسی كورد هاوشێوەی پرسی كورد لەتوركیا یان وەك نەتەوەیەكی سەربەخۆخواز ببێتە بابەتێكی سەرەكیی لەئێران و وڵاتانی دراوسێشی.

موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) و ئەندامی سەركردایەتیی پەكەكە ساڵی (2014) لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا ئاشكرای دەكات، كە پەكەكە دوای رێككەوتنی توركیاو سوریا لەساڵی (1998) بۆ پاراستنی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دانوستانی كردووە بەڵام هیچ پەیوەندییەكی پەكەكە لەسەر زیانگەیاندن بەپرسی گەلی كورد نەبووەو نابێت.

قەرەیلان لەو چاوپێكەوتنەدا دەڵێت: «ئەو سەردەمەی پەیوەندیی لەنێوان ئێمە و ئێران هەبووە، رێگەمان نەداوە زیان بەپرسی كوردو هیچ رۆڵەیەكی كورد بكەوێت و ئەگەر هەر كەسێكیش بەڵگەیەكی لەسەر ئەوە هەیە كە لەو سەردەمەدا پەكەكە لەسەر زیانگەیاندن بەپرسی كورد پەیوەندیی لەگەڵ ئێران هەبووە دەتوانێت ئاشكرای بكات و رەخنە لەپەكەكە و سەركردەكانی بگرێت».

ئەو سەركردەیەی پەكەكە لە نوێترین لێدوانیدا بۆ گۆڤارێكی ئیسرائیلی رایگەیاندووە توركیاو ئێران وەك دوژمنی هاوبەشی گەلی كوردن و تەنانەت ئەو دوو وڵاتە پێكەوە هێرش دەكەنەسەر پەكەكەو پژاك و لایەنەكانی دیكەی كورد لەزۆربەی ناوچەكانی كوردستان و بەتایبەت باكورو رۆژهەڵاتی كوردستان.

لەلایەكی دیكەوە جەمیل بایك، هاوسەرۆكی (كەجەكە)و یەكێك لەدامەزرێنەرو سەركردەكانی (پەكەكە) لەنوێترین لێدوانیدا بۆ (شارپرێس) رایگەیاندووە: لەو سەردەمەی عەبدوڵا ئۆجەلان لەلوبنان و سوریا بووە پەیوەندییان لەگەڵ حكومەتی سوریاو ئێران هەبووەو دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان ئەو دوو وڵاتەش لەژێر كاریگەریی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا دەكەونە دژایەتیی پەكەكە.

دەشڵێت:»ئێمە بەهۆی هەرێمی پاراستنی مێدیا سنورێكی بەرفراوانمان لەگەڵ ئێران هەیەو ئەو وڵاتە لەساڵی (2011) بەشێوەیەكی بەرفراوان هێرشی كردەسەر قەندیل كە هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) تێیدا جێگیرن، بۆیە بەئاگربەستێكی ناڕاستەوخۆو دوو لایەنە هێرشەكان كەمكرایەوە، سەڕای ئەوانەش بەهۆی ئەو پەیوەندییانەی ئێران لەگەڵ توركیا هەیەتی ناوبەناو هێرش دەكاتەسەر گەریلا لەناوچە سنورییەكانی نێوان باكوری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان.

بایك جەختی كردووەتەوە هیچ پەیوەندییەكی سیاسییان لەگەل ئێران نییەو ئەوەی لەسەر پەیوەندیی نێوان ئێران و پەكەكە بڵاودەكرێتەوە تەنها پڕوپاگەندەیە.

لای هەموو كەس و بەتایبەت سەركردەكانی پەكەكە روونە كەپەیمانی ئادانا زیانیكی گەورەی بەكوردو پەكەكە گەیاندووە، بەڵام حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لەپێنجەمین كۆبوونەوەی (ئاستانە) لەنێوان روسیاو توركیاو ئێران لەسەر شەڕی ناوخۆی سوریا رایگەیاند؛ باشترین بژاردە بۆ چارەسەری دۆخی سوریا چالاككردنەوەی رێككەوتنی ئادانایە بۆ ئەوەی نیگەرانییەكانی نێوان سوریاو توركیا چارەسەر ببێت، چونكە بەهۆی دۆخی سوریاوە بە كردەوە ئەو رێككەوتنە لەساڵی (2011)ەوە راگیراوە.

لێدوانەكەی رۆحانی ئاشكرایە كە كۆماری ئیسلامی ئێران هاوشێوەی توركیا تا چ ئاستێك خوازیاری زیانگەیاندن بەپرسی كوردو لێدانی پەكەكەیە، بۆیە زۆر روونە ئێران لەستراتیژدا دژی پەكەكەو پرسی كوردە، بەڵام نایەوێت پەكەكە یان پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) لەدژی خۆی و پرسی كورد بوروژێنێت، بەڵكو دەیەوێت ئەو هێزانە بەبەردەوامی ببنە هۆی لاوازكردنی توركیا وەك ركابەرێكی سەرەكیی كۆماری ئیسلامی ئێران لە رووی نێودەوڵەتیی و ناوچەییەوە.

رێككەوتنی توركیاو ئێران دژی پەكەكە

كۆمەڵێك رێككەوتنی سەربازیی و ئەمنیی لەنێوان توركیاو ئێراندا هەیە بۆ ئەوەی رێگە بەهیچ وڵات و هێزێكی نەیاریان نەدەن سود لەخاكی وڵاتەكانیان وەگرن دژی دەسەڵات و حوكمڕانیی ئەنقەرەو تاران، بەڵام زۆرجار بەئەنقەست و دەمارگیرانە هەندێك هەواڵ و زانیاریی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و لایەنەكانی نزیك لەم هێزە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاودەكرێتەوە كەسەرچاوەی زۆربەی ئەو هەواڵ و زانیارییانە دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی وەك توركیاو ئێرانە بۆ نموونە دەوترێت زۆربەی سەركردەكانی پەكەكە عەلەوی-ن، بۆیە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە لەكاتێكدا گومانەكان لەمێژووی عەلەوی لەلای شیعەو سوننە نەڕەویوەتەوە، بەڵام شیعەكان تا ئاستێك هەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو پێكهاتە ئاینییە دەدەن.

جگە لە رێككەوتنە گەورە ئابورییەكانی نێوان ئەنقەرەو تاران كەهەندێك جار دەگاتە (35) ملیار دۆلار لەساڵێكدا، كۆمەڵێك رێككەوتنی سەربازیی مێژویی لەنێوان توركیاو ئێران هەیە كەگرنگترینیان بە رێككەوتنی (سەعدئاباد)ناوی دەهێنرێت و بەپێی رێككەوتنەكە ئەو دوو وڵاتە نابێت هاوكاریی هیچ وڵات و لایەنێك بكەن بۆ داگیركردن و زیانگەیاندن بەوڵاتەكانیان و هاوكات لە رووی ئەمنیی و هەواڵگریی و سەربازییەوە دژی نەیارانیان هاوكاریی یەكتری بكەن و لەنوێترین رێككەوتنیشیاندا، رۆژی سێشەممە (8/9/2020) حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران بەئۆنلاین لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا قسەی كردو دواتر بەیاننامەیەكی هاوبەشی (10) خاڵییان بڵاوكردووە كە لەچەند خاڵێكیدا ئاماژە بەپاراستنی بەرژەوەندیی هەردوولا لەدژی نەیاران و گروپە چەكدارەكانی وڵاتەكەیان كردبوو .

لەو رێككەوتنە (10) خاڵییەدا پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) وەك نەیاری توركیاو ئێران ناویان هێنراوەو چەند سەعاتێك دوای ئەو رێككەوتنە بۆردومان و بۆمبارانی هاوبەشی هێزە سەربازییەكانی ئێران و توركیا دژی ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردو رۆژی دواتر سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی لە راگەیەنراوێكیدا ئاشكرای كرد بۆردومانەكانی سوپاكەیان بۆسەر هەرێم لەچوارچێوەی رێككەوتنی توركیاو ئێران بووە بۆ لێدان لەنەیارانی ئەو دوو وڵاتە لەسنورەكانیان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار