هەموو حاڵەتێكی سكچوونو رشانەوە كۆرۆنا نییە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: منداڵان لەم مانگەدا تووشی پەتا دەبن
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەدات زۆر حاڵەت هەیە منداڵان بەسكچوون و رشانەوە تووشی كۆرۆنا دەبن، بەڵام مەرج نیە هەموو سكچوون و رشانەوەیەك تووشبووی ڤایرۆسەكە بن.
پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:»بەحوكمی هاتنی زووتری وەرزی گەرما، ئەمساڵ سكچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا زۆرەو تەنیا پەتایەكی وەرزییەو هەموو ساڵێك لەم وەرزەدا بڵاودەبێتەوە».
هەروەها وتیشی:»لەناو حاڵەتەكانیشدا راستە هەندێك لەو منداڵانەی تووشی سكچوون و رشانەوە دەبن كۆرۆنایان هەیە».
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كەناكرێت بوترێت هەموو نەخۆشێكی سكچوون و رشانەوە تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنایە.
دكتور پشدەر عەبدوڵڵا ئەوەشی باسكرد لەناو منداڵاندا كۆرۆنای گۆڕاو زۆرەو وتی:»حاڵەتەكان زۆرن، بەڵام توندنین و تەنیا دوو سێ رۆژ كاریگەریەكەی بەسەریانەوە دەبێت و زوو چاكدەبنەوە».
دەربارەی بوونی نەخۆشی كۆلێرا لەناو منداڵاندا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی وتی:»ساڵانە لەم وەرزەدا حاڵەتی نەخۆشی كۆلێرا هەیە، بەڵام زۆر كەمن».
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەحاڵەتی نەخۆشی كۆلێرا لەسلێمانی تۆمار نەكراوە.
هێرش سەلیم، وتی:»هەموو ساڵێك لەگەڵ رێكخراوی جیهانی لەسەر هێڵین، لەبوونی هەر ئەگەرێكی حاڵەتی كۆلێرا ئاشكرای دەكەین و رێنمایی تایبەت بەبازاڕو شوێنە گشتییەكان دەخەینەڕوو».