ئێران گروپی نوخبە بەناوی»وەلائییەكان» لەمیلیشیاكانی عێراق دروستدەكات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران و زیادبوونی دەنگی ناڕەزایی شەقامی عێراقی بەرامبەر گروپەكان، ئێران گروپی نوخبە بەناوی"وەلائییەكان" لە میلیشیاكانی عێراق دروستدەكات.

هاوكات جێگرتنەوەی سولەیمانی لەلایەن ئیسماعیل قائانییەوە، كە ناتوانێت وەك ئەو دەسەڵاتی بەسەر گروپە چەكدارەكاندا بسەپێنێت، هەژمونی ئێران لەعێراق پاشەكشەو كەمبوونەوەی بەخۆوە بینی، بۆیە ماوەیەكە تەكتیكێكی نوێی گرتووەتە بەرو گروپی نوخبە بەناوی"وەلائییەكان" لەمیلیشیاكانی عێراق دروستدەكات.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەبنكۆڵكارییەكدا دەڵێت، ئێران لەنێو كادری بەهێزترین گروپە چەكدارەكانی سەر بەخۆیدا، سەدان كادری متمانەپێكراوی هەڵبژاردووەو گروپی نوخبەی بچكۆلەترو وەفادارتری بۆ خۆی لێدروستكردوون. ئەوەش گۆڕانێكە لەشێوازی سەپاندنی هەژمونەكەیدا، كەپێشتر پشتی بەگروپە گەورەكان دەبەست.

ئەم گروپە نوێیە نهێنییانە، لەساڵی رابردوو مەشقیان لەسەر بەكارهێنانی درۆن و شێوازەكانی چاودێریكردن و پڕوپاگەندەی ئۆنلاین پێدەكرێت و راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە فەیلەقی قودسەوە.

 بەوتەی بەرپرسە ئەمنییە عێراقییەكانیش بەرپرسیارن لەزنجیرەیەك هێرشی ناوازە دژی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی و بەرپرسانی چەند گروپێكی چەكداریی ترو دیپلۆماتە رۆژئاواییەكان و سەرچاوە سەربازییەكان.

راپۆرتەكە دەڵێت ئێران ئەم تەكتیكەی وەك كاردانەوەیەك بەكارهێناوە، بەرامبەر ئەو پاشەكشەیەی لەداوی كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە تووشی هاتووە، چونكە ئیسماعیل قائانی جێگرەوەی، شارەزای سیاسەتی ناوخۆی عێراق نییە و هێندەی ئەو هەژمونی بەسەر میلیشیا شیعییەكانەوە نییە.

هاوكات گروپە گەورەكانی سەر بەئێران، بەهۆی خۆپشاندانەكانی تشرینەوە، ناچاربوون نهێنییانەتر كاربكەن و دوای كوژرانی سولەیمانیش بوون بەچەند بەشێكەوەو بەوەش كۆنترۆڵكردنیان لەلایەن ئێرانەوە سەختتر بووە.

لەلایەكی تریشەوە پشتبەستن بەگروپی بچوكتر، باشەی زۆری هەیە، چونكە رێگردەبێت لەوەی ریزەكانیان ببەزێندرێت و كاریگەرتریشە لەلێدان و هێرشكردندا، بەتایبەتی لەكاتی بەكارهێنانی ئەو تەكنیكە نوێیانەی ئێران بەرهەمیان دەهێنێت وەكو درۆنە سەربازییەكان.

لەو بارەیەوە بەرپرسێكی ئەمنیی عێراقی بەڕۆیتەرزی وت:"ئەم فەسیڵە نوێیانە راستەوخۆ بەستراونەتەوە بەفەیلەقی قودسەوەو فەرمانەكانیان لەئەوان وەردەگرن و لەهیچ لایەنێكی عێراقی وەریناگرن".

ئەو لێدوانەش لەلایەن بەرپرسێكی ئەمنی تری عێراقی و سێ فەرماندەی میلیشیا گەورەكانی لایەنگری ئێران و بەرپرسێكی حكومەتی عێراق و دیپلۆماتێكی رۆژئاوایی و سەرچاوەیەكی سەربازیی رۆژئاواییەوە، تەئكیدی لێكراوەتەوە كە راستە.

فەرماندەی یەكێك لەمیلیشیا لایەنگرەكانی ئێرانیش دەڵێت:"ئێرانییەكان گروپی نوێیان دروستكردووە كە ئەندامەكانیان زۆر بەوریاییەوە هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی هێرش ئەنجامبدەن و بەنهێنی بمێننەوە، ئێمە نازانین ئەوانە كێن".

بەرپرسانی ئەمنیی عێراقی دەڵێن، لە ماوەی چەند مانگێكی 2020دا بەلایەنی كەمەوە (250) جەنگاوەر چوونەتە لوبنان و لەوێ لەسەر دەستی شارەزایانی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان، مەشقیان لەسەر بەكارهێنانی درۆن و هەڵدانی موشەك و چاندنی بۆمب كردووە. هاوكات چۆنیەتی بڵاوكردنەوە و پڕوپاگەندە كردن بۆ هێرشەكانیان لەتۆڕە كۆمەڵاتییەكاندا.

بەرپرسێكی ئەمنیی عێراقیش بە رۆیتەرزی وت:"گروپە نوێیەكان بەنهێنی كاردەكەن و بەرپرسەكانیشیان كە نەناسراون، راستەوخۆ لەژێر فەرمانی سوپای پاسداراندان".

چەند بەرپرسێكی تری ئەمنیی عێراقی و سەرچاوە رۆژئاواییەكانیش دەڵێن، گروپە نوێیەكان لەپشت چەند هێرشێكەوە بوون كە كراوەتەسەر هێزە ئەمریكییەكان و بنكەی عەین ئەسەدو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو هێرشەكەی مانگی كانونی دووەمی سەر سعودیەش. هەموو هێرشەكانیش لەڕێگەی درۆنەوە كراون. ئەگەرچی ئەو هێرشانە هیچ قوربانییەكیان لێنەكەوتووەتەوە، بەڵام دیقەت و ناوازەییان، بوونەتە ئاگاداركەرەوەیەك بۆ هێزە رۆژئاواییەكان.

دوای ئەوەی ئەمریكا لەساڵی 2003دا رژێمە سونییەكەی سەدام حسێنی رووخاند، ئێران وەك هێزی سەرەكیی شیعەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كەوتە هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر ئەو وڵاتانەدا كە شیعەیان تێدایە، بەتایبەتی ئەوانەی زۆرینە شیعەن. لەوكاتەشەوە كەوتە كێشمەكێش لەگەڵ ئەمریكادا، لەسەر هەژمونی عێراق، بەتایبەتی كە لەعێراقدا حوكمی شیعە باڵادەستبوو.

ئەمریكا لە 2011دا هێزەكانی لەعێراق كشاندەوە، بەڵام دروستبوونی داعش وایكرد هەزارانیان بگێڕێتەوە ئەو وڵاتە، بووە دەرفەتێكیش بۆ ئێران، تاوەكو بەرگێكی فەرمی بدات بەچەندین گروپی چەكداریی لایەنگری خۆی و ژمارەو قەبارەیان زیاترو گەورەتر بكات، دیارترینیان كەتائبی حزبوڵاو كەتائبی سەید ئەلشوهەدا و عەسائبی ئەهلی حەق.

بەڵام دوای كوژرانی سولەیمانی و بەهۆی ئەوەشی خۆپیشاندەران بەئاشكرا كەوتنە دژایەتیكردنی گروپە لایەنگرەكانی ئێران، بەوتەی هەندێك لەبەرپرسانی ئەو گروپانە، ئێران گومانی لەبەرامبەریاندا دروستكردو رەزامەندییان بەرامبەر هەندێكیان كەم بووەوە.

یەكێك لەفەرماندەكانی ئەو گروپانە بەڕۆیتەرزی وت:"ئێرانییەكان باوەڕیان وایە دزەكردنی زانیاری لەیەكێك لەگروپەكانەوە یارمەتیدەرو هۆكار بووە بۆ كوشتنی سولەیمانی، هاوكات بەهۆی بەرژەوەندی كەسییەوە، دابەشبوون دەبینن لەناو گروپەكاندا".

فەرماندەیەكی تریش وتوویەتی:"كۆبوونەوە و پەیوەندی نێوان ئێمەو ئێرانییەكان كەمبووەتەوە، چیتر كۆبوونەوە ئاساییەكانمان نەماوە لەگەڵیان و ئەوانیش وەستاون لەوەی بانگهێشتمان بكەن بۆ ئێران".

بەرپرسە ئەمنییە عێراقییەكان و بەرپرسێكی حكومی و سێ بەرپرسی گروپە چەكدارییە لایەنگرەكانی ئێران جەختیانكردەوە لەئەوەی بەچەند مانگێك دوای كوژرانی سولەیمانی، فەیلەقی قودس دەستیكرد بەجیاكردنەوەی چالاكوانە متمانەپێكراوەكانی لەگروپە سەرەكییەكان.

ئەو گۆڕانكارییە لەپشتیوانیكردنی گروپی گەورەوە بۆ پشتبەستن بەگروپی بچوكتر لەكادری كۆنترۆڵكراو، ستراتیجێكە پێشتریش ئێران پەیڕەوی كردووە.

 لەگەرمەی داگیركاریی ئەمریكادا لەعێراق، ساڵەكانی 2005 بۆ 2007، ئێران شانەی تایبەتی دروستكردو كاریگەریی خۆیان سەلماند لەدروستكردنی بۆمبی ناوازەدا، كە توانای بڕینی زرێپۆشە ئەمریكییەكانی هەبوو.

لەدوای سەركەوتنی جۆو بایدنەوە، تاران كەناڵە دیپلۆماتییەكانی لەگەڵ واشنتۆن و ریازدا كردەوە، بەڵام یەكێك لەسەرچاوەكانی باڵادەستیی ئێران لەئەو گفتوگۆیانەدا، تواناكەیەتی لە لێدانی دوژمنەكانیدا.

ئەو درۆنانەی لەئێستادا لایەنگرەكانی بۆ هێرشكردن بەكاریدەهێنن ئاشكراكردن و بەرگریكردن لێیان زۆر لەموشەكە ئاساییەكان سەختترە، بەوەش مەترسیی سەر ئەو دوو هەزارو (500) سەربازە ئەمریكییەی لەعێراق ماونەتەوە، زۆر زیاتر بووە.

جەنەراڵ كێنس مەكێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا، دوای هێرشەكانی مانگی نیسانی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر وتی كە ئێران دەستكەوتی گرنگی بەدەستهێناوە لەڕێی وەبەرهێنانەكانییەوە لەدرۆندا.

ساڵی رابردوو، گروپێك كە پێشتر نەناسرابوون، دەستیانكرد بەبانگەشەی بەرپرسیاربوونیان لەهێرشی موشەكی و چاندنی بۆمب لەسەر رێگاكان. بەرپرسە رۆژئاواییەكان و راپۆرتە ئەكادیمییەكان ئەو ئەگەرەیان دوورخستەوە كە ئەوانە واجیهەی كەتائبی حزبوڵا یان گروپە ناسراوەكانی تربن، بەڵام سەرچاوە عێراقییەكان ئاشكرایانكرد، كە ئەوانە جیان و سەربەخۆیانە هەڵسوكەوت دەكەن.

بەرپرسێكی حكومەتی عێراقیش دەڵێت:"لەژێر فەرمانڕەوایی قائانی جێگرەوەی سولەیمانیدا، هەوڵدەدەن گروپی ئەوتۆ دروستبكەن كە چەند سەد كەسێك لەملاوئەولا لەخۆدەگرێت، ئامانجەكە ئەوەیە دڵسۆزی و وەفاو ئەمەكیان، تەنیا بۆ فەیلەقی قودس بێت، ئەوانە نەوەیەكی نوێن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار