هەڤاڵ ئەبوبەكر: هۆكاری گرانیی نرخی بەنزین وەزارەتی سامانە سروشتییەكان خۆیەتی

حكومەتی هەرێم سووتەمەنی نادات بەپاڵاوگەكان‌و گومرگی لەسەر بەنزینخانەكانیش زیاد كردووە

4 ساڵ لەمەوپێش



ماردین نورەدین

كۆتایی هەفتەی رابردوو لیترێك بەنزین (50 بۆ 100) دیناری خرایەسەرو ئەوەش كاردانەوەی شۆفێرانی لێكەوتەوە بەتایبەت ئەوانەی كاری گواستنەوەی هاووڵاتیان دەكەن، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت:» هۆكاری گرانی نرخی بەنزین وەزارەتی سامانە سروشتییەكان خۆیەتی و سوتەمەنی نادات بەپاڵاوگەكان و باج و گومرگی لەسەر بەنزینخانەكان زیاد كردووە».

لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەشێك لەشۆفێرانی تاكسی رۆژی شەممە پێنجی حوزەیران لەسلێمانی گردبوونەوەو رێگای سەرەكی بەردەم پارێزگای سلێمانیان گرت و داوایان لەحكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كەنرخی بەنزین كەمبكرێتەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگاكە كرایەوە  گردبوونەوەكە كۆتایی پێهێندراو هیچ بەڵێنێكیشیان پێنەدرا.

هادی كەریم شۆفێرێكی تاكسی لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:»لەئێستادا نرخی بەنزین بەرزبۆتەوە بەڕاستی بۆ ئێمە بەم شێوەیە كاركردن هیچ دەریناهێنێت، وەك وایە بەبەلاش كار بكەین، نرخی لیترێك بەنزین بە (850)دینارە كەداخلییەك بكەی دوو سێ لیتر بەنزین دەسوتێنیت».

ئەو شۆفێری تاكسییە باسی لەوەشكرد لەكەركوك و بەغدا نرخی لیترێ بەنزین بە (450)یە، ئەمە جیاوازییەكی  زۆر زۆرە.

لەئێستادا لەبەنزینخانەكان نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆڕماڵ بە (700) دینارو موحەسەن (750)، سۆپەر بە (825) دینارە.

خاوەنی یەكێك لەبەنزینخانەكان كەنەیویست ناوی بهێندرێت باسی لەوەكرد كە قازانجەكان بەنیسبەت هەموو بەنزینخانەكانەوە دیاریكراوە لەنێوان (35-45) دینار بۆ هەر لیترێك.

هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی بۆ بەرزبوونەوەی نەوتی خاو گەڕاندەوەو ئەوەشی دووپاتكردەوە كەگومرگیان لەسەر بەنزینخانەكان سێ قات كردووە، وتیشی:» تاكە چارەسەر ئەوەیە حكومەتی هەرێم دەعمی بەنزینخانەكان بكات بڵێت من بەوەندە دەتدەمێ تۆش بەو نرخە بیفرۆشە».

پەرلەمانتارێك: 

گەندەڵییەكە لەوەدایە بەرهەمی بەنزینی خۆماڵی بەهەمان نرخی بەنزینی هاوردەكراو دەفرۆشرێت

شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی سوتەمەنی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» گەندەڵییەكە لەوەدایە بەرهەمی بەنزینی خۆماڵی بەهەمان نرخی بەنزینی هاوردەكراو دەفرۆشرێت، بۆ ئەوەی ئەو كۆمپانیا خۆماڵییانە قازانج بكەن كە سەر بەحزبن و لەو ناوەدا شۆفێری ئۆتۆمبێل و تەكسی دەبێتە قوربانی».

هەروەها ئەو پەرلەمانتارە  پێشیوابوو دەبێت پارێزگاكان بەپلەی یەك كۆنتڕۆڵی ئەو نرخە بكەن، لەبەر ئەوەی ناكرێت بەرهەمی خۆماڵی بەنزین بەهەمان نرخی بەنزینی هاووردەكراو لەدەرەوەی وڵات بفرۆشرێت.

شێركۆ جەودەت وتیشی:»ئەوە بڕیاری حكومەت و پارێزگاكانە لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە بەنزین هاوردە بكرێت».

هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بەشەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، نیوەی لەڕێگەی پاڵاوگە ناوخۆییەكانەوە دابین دەكرێت و سێ ملیۆن لیترەكەی دیكە  لەڕێگەی بازرگانەكانەوە لەتوركیاو ئێرانەوە هاوردە دەكرێت.

شێركۆ جەودەت  وتیشی:»نیوەی پێویستی خۆماڵی لەبەرهەمی خۆماڵییەوە دابین دەكرێت پەیوەندی بەبۆرسەو دەرەكییەوە نیە، نیوەكەی دیكە لەدەرەوەی وڵات دەكڕدرێت كە لەوانەیە ئەوە كاریگەری هەبێت لەسەر نرخ، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا نابێت بەو شێوەیە گران بكرێت، بەڵگەش ئەوەیە لەناوچەكانی تری عێراقدا لیتری بەنزین بە (400-450)دینارە، بەڵام هەر كە دێیتە ئەمدیو بۆ هەرێمی كوردستان دەفڕێت بۆ (700-750) دینار».

هەڤاڵ ئەبوبەكر:

هۆكاری گرانی بەنزین وەزارەتی سامانە سروشتییەكان خۆیەتی

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ، هۆكاری ناوخۆیی گرانبوونی نرخی بەنزینی باس كرد «یەكەمیان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە سیاسەتی خۆیدا تائێستا بڕیاری نەداوە نەوتی خاو بدات بەپاڵاوگەكانی ناوخۆ تابتوانن بیپاڵێون و بەو نرخەی كەهەیە بیفرۆشن، یاخود رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بكات وەكو چۆن لەسەر بودجە كراوە».

پارێزگاری سلێمانی پێشیوابوو هۆكاری دەرەكی كە پەیوەندی بەگرانبوونی نرخی نەوتی خاو لەبازاڕی نێودەوڵەتی هەیەو بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلار دابەزیوە»سوتەمەنی بەدۆلار دەكڕدرێت و جارێكی دیكە بەدینار بەهاووڵاتیان دەفرۆشرێت».

پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشكرد»هەرێم دەتوانێت رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بكات بەو نرخە پشتیوانیكراوەی حكومەتی فیدڕاڵی دەیدات بەهەموو پارێزگاكانی تر لەبەسرەوە تا كەركوك بیدات بەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش».

هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پاڵاوگەكانی ناوخۆ لەبەرئەوەی نەوتی خاویان پێنادرێت توانای بەرهەمهێنانی بەنزینیان بۆ بازاڕەكان نیە، ئەو پاڵاوگە ناوخۆییانەشی كە نەوت لەحكومەتی فیدڕاڵ یان شوێنێكی دیكە پەیدا دەكەن بەنرخی بازاڕو بۆرسە دەیفرۆشنەوە بەبەنزینخانەكان» ئەوانیش لەجیاتی ئەوەی ببێت بەسەرچاوەی پشتیوانیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە بەهۆی گرانبونی بەرهەمە ناوخۆییەكان كەهەمانە».

لەبارەی چارەسەری گرانبوونی بەنزین، هەڤاڵ ئەبوبەكر بەپێویستی دادەنێت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕێك لەو سوتەمەنیە دابینبكات بۆ پێداویستی ناوخۆ بەنرخێكی پاڵپشتیكراو بیفرۆشێت و بیدات بەپاڵاوگە ناوخۆییەكان كە سێ پاڵاوگەی سەرەكی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییەكانی ناوخۆ دابینبكەن، «یاخود ئەو باج و گومرگ و رسوماتەی لەسەر هێنانی سوتەمەنی دایناوە هەڵیبگرێت بۆ ئەوەی ئەو نرخە بگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان نەك بچێتە سەر داهاتی گشتی كەدواجار دەبێت هەموومان باجەكەی بدەین».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار