«خەرجی چارەسەری رۆژانەی تووشبووی كەڕووی رەش هەزار دۆلارە»

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

هەفتەی رابردوو تەندروستی سلێمانی گیانلەدەستدانی تووشبوویەكی نەخۆشی كەڕووی رەشی راگەیاند، ئەوەش دڵەراوكێی لەناو هاووڵاتیاندا دروستكرد، پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت:» خەرجی چارەسەری تووشبووی كەڕووی رەش رۆژانە هەزار دۆلار لەسەر نەخۆشەكە دەكەوێت».

كەڕووی رەش یەكێكە لەو نەخۆشییە ڤایرۆسیانەی كە بە نەخۆشییە «كوشندە»كان دیاریكراوە لەجیهانداو تووشی ئەو مرۆڤانە دەبێت كە بەرگری لەشیان زۆر لاوازە.

هەفتەی رابردوو تەندروستی سلێمانی گیانلەدەستدانی تووشبوویەكی نەخۆشی كەڕووی رەشی راگەیاند كەپیاوێكی تەمەن (43) ساڵ بوو دانیشتووی خوارووی عێراق بوو بۆ چارەسەری نەخۆشی كۆرۆنا سەردانی نەخۆشخانەی كردبوو.

هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» تەنیا ئەو حاڵەتە بوو بەخۆشحاڵییەوە تا ێستا حاڵەتی ترمان نەبووە بەنەخۆشی كەڕووی رەش».

ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كەهیچ مەترسییەكی ئەو نەخۆشییەیان لەسەر نیەو تائێستا بوونی نەبووە ، بۆیە پێویست ناكات هیچ رێكارێك بگیرێتەبەر.

پزیشكێكی پسپۆر لەنەخۆشخانەی شار لەسلێمانی باس لەوەدەكات دەرزی چارەسەری نەخۆشی كەڕووی رەش زۆر گرانەو رۆژانە نزیكەی هەزار دۆلار لەسەر نەخۆش دەكەوێت لەقۆناغی چارەسەر وەرگرتندا.

سوارە عەلی، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی لەنەخۆشخانەی شار لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» بەداخەوە كەڕووی رەش نەخۆشییەكی كوشندەیە و لەماوەی دیاریكراوی خۆیدا چارەسەر نەكرێت، نەخۆشەكە ئەگەری مردنی لەسەدا (50بۆ80) بەرزدەبێتەوە».

كەڕووی رەش یەكێكە لەو نەخۆشییانەی تووشی مرۆڤ دەبێت و دەگمەنەو كوشندەیە، لەهیندستان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا حاڵەتەكان زۆرتر بووە.

كەڕووی رەش تووشی ئەو كەسانە دەبێت كە بەرگریی لەشیان زۆر لاوازە یاخود نەخۆشی شەكرەیان هەیە  كۆنتڕۆڵ نەكراوە.

ئەم پزیشكە رێگاكانی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ باسكرد  كە لەڕێگەی خۆڵ و خواردنی بۆگەن و كۆن یاخود برینەوە تووشی مرۆڤ دەبێت.

سوارە عەلی، ئەوەشی روونكردەوە كۆرۆنا خۆی ڤایرۆسەو شەڕ لەگەڵ بەرگری لەش دەكات، بەتایبەت ئەو كەسانەی بەئاستی مامناوەندو توند كۆرۆنایان گرتووە، بەگری لەشیان زۆر دابەزیوە ، بۆیە پێشیوابوو كەڕووی رەش بەهەمان شێوەیە.

ئەم پزیشكە پسپۆرە لەبارەی نیشانەكانی كەڕووی رەشەوە ئاماژەی بەوەكرد لەڕێگەی هەناسەوە دەبێتە هۆی هەوكردنی رووخساری كەسەكە، هەوكردنی شانەكانی ژێر پێست و تا ئێسكەكان دەڕوات و دەیپوكێنێتەوەو  خوێن بۆ شانەو بۆریەكان ناچێت، دەبێتە هەوكردنی مێشك، بۆیە كوشندەیە، لەسەرەتادا بۆ سێ رۆژ چارەسەر نەكرا دەبێتە هۆی هەوكردن، بۆیە بە گرنگی دادەنێت زوو چارەسەر بكرێت.

سوارە عەلی وەك پزیشكی پسپۆر ئەوەی دووپاتكردەوە تەنیا دەرزی هەیە بۆ چارەسەری كەڕووی رەش و وتی:» دەرزییەكان بەداخەوە زۆر گرانن، تووشبوویەكی كەڕووی رەش رۆژانە چارەسەربكرێت پێویستی بەخەرجی هەزار دۆلار دەبێت و ئەوەش لەسەر نەخۆشەكە دەكەوێت».

تائێستا زیاتر لە (10) حاڵەتی كەڕووی رەش لەعێراقدا تۆماركراوە و چوار حاڵەتیان لەپارێزگای كەركوك بووە.

هاوكات وڵاتی هیندستان زۆرترین حاڵەتی تووشبوونی هەبووە كەزیاتر لە (10) هەزار كەس تووشی كەڕووی رەش بوون و (200) كەسیان بەنەخۆشی كەڕووی رەش گیانیان لەدەستداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار