عەلی حەمەساڵح: بە 13 رێگا پارە لە خەڵک وەردەگیرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە هەر خاڵێکی سنووری بە 13 رێگا پارە لە خەڵک وەردەگیرێت، ئەمەش وای لە بازرگانان کردووە کوردستان جێبهێڵن و بچن لە دەروازەی دیکەوە بارەکانیان بهێنن.

ئەمڕۆ سێشەممە8ى حوزه‌یرانى 2021، لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی دۆخی خاڵە سنوورییەکان و ئەو مەترسیانەی لەسەر ئەو خاڵە سنووریانە هەیە کرد و هۆشداری لەبارەی داڕمانی ئەو خاڵە سنووریانە و کەمبوونەوەی داهات لەو خاڵانە کرد.

 عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "لە هەر خاڵێکی سنووری بە 13 رێگا پارە لە خەڵک وەردەگرن، تاوەکو 20-10-2019 شتێکی هەبوو پێی دەگوترا تەسڵیحەی گومرگی حکومەت خۆی دەیکرد هیچ کێشەی نەبووە، بەڵام درا بە دوو کۆمپانیا، لەولا کۆریدۆر و لەولاش رۆژان، کە لە یەک ساڵدا 25 ملیۆن دۆلاریان خستە باخەڵیان هیچ ناکەن تەنیا A4 دەفرۆشن. دڵنیایی 25-50 هەزار وەردەگیرێت، لەولا ستار لەولاش کۆمپانیای دڵنیایی ئەوانیش 40 ملیۆن دۆلاریان خستە باخەڵیان. مەنەفێست 25 دۆلار، لێرەو لەولاش ساڵانە 38 ملیۆن دۆلاریان دەخەنە باخەڵیان. سکانەر 35-50 هەزار دینار 100 ملیار دینار دەخەنە باخەڵیان. لە مانگی 3ی 2020ـەوە بەناوی ئۆتۆمبێل تەعقیمکردن 10 دۆلار لە هەر ئۆتۆمبێلێک وەردەگیرێت و لەو رێگەیەوە 20 ملیۆن دۆلاریان لەو ساڵەدا بۆ 3 کۆمپانیا کۆکردووەتەوە، تەنیا لە پەروێزخان 2 ملیار و 400 ملیۆن دیناریان لە 10 مانگدا خستووەتە باخەڵی، لەکاتێکدا بەرپرسی گومرگ پێیگوتم ئەوەی دەرمانەی ئۆتۆمبێلی پێ تەعقیم دەکرێت ئاوە بیهێنن دەیخۆمەوە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، کۆمپانیا هەن بۆ پشکنینی خۆراک و کاڵا "بڕە پارەیەک لەنێوان 35-10 هەزار دینار وەردەگرن و 100 ملیار دیناریان دەستکەوتووە. کۆمپانیای شەو و رۆژ لە حاجی ئۆمەران 25 هەزار دینار بۆ هەر حاڵتێک وەردەگرێت بەناوی گەشتیاری، کۆمپانیایەکی ئێرانیان هێناوە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکی ترانزێت لە حاجی ئۆمەران لە باشماخ و پەروێزخان لە هەر بارهەڵگرێک 50 دۆلار وەردەگرن. بەناوی نۆژەنکردنەوەی رێگا لە حاجی ئۆمەران 25 دۆلار لە هەر ئۆتۆمبێلێک وەردەگیرێت و ئێستا دەیانەوێت لە خاڵە سنوورییەکانی دیکەش دایبنێن. کۆمپانیا هەیە بەس لە ئیبراهیم خەلیل ئەگەر باشە بۆ لە هەموو شوێنێک دانانرێت بەناوی ئەنتەرتیک بۆ پشکنین بۆ هاوتاکردنی بڕوانامەی بارەکە، لە هەر بارهەڵگرێک 700 بۆ 2 هەزار دۆلار وەردەگیرێت، ئەگەر 10 هەزار حاڵەت بێت 10 ملیۆن دۆلار دەکات".

 عەلی حەمەساڵح ده‌شڵێت، هەر بەرپرسێکیش گۆڕەپانێکی پێدراوە، کە ئەمە لە هەموو دەروازەکان هەیە، "بۆ نموونە لە ئیبراهیم خەلیل گۆڕەپانی بەتون هەیە جگە لە وەرگرتنی پارە لە هەر حاڵتێک، هەر بارهەڵگرێک بەناچاری گازوایلی ئۆتۆمبێلەکەی پێ پڕدەکات بە دوو قات، بەمەش لە ساڵێکدا نزیکەی 35 ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت. لەولا کۆمپانیاکانی ئەستێرەکان و ئاسمانی کوردستان هەیە هەر هاووڵاتییەک 5 هەزاری لێدەستێنن بەناوی هەواڵی گەیشتن".

عەلی حەمەساڵح ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، "بەهۆی ئەو گەندەڵیانەی لە دەروازە سنوورییەکان دەکرێت، وایکرد هەرچی بازرگانە کوردستان جێبهێڵن و بچن لە دەروازەی دیکەوە بارەکانیان بهێننە کوردستان بەمەش داهاتی دەروازەکان کەمدەکات".

عەلی حەمەساڵح رونیشیكردۆته‌وه‌، بە پێویستی دەزانێت کۆمەڵێک بڕیاری خێرا بۆ ئەو خاڵە سنوورییانە دەربکرێت و کاری ئەو کۆمپانیایانە و خاڵە سنوورییەکان رێکبخرێنەوە، "ئەگەرنا خاڵە سنووریەکانی کوردستان دادەڕمێن، باجەکەشی بەرپرسان نایدەن، ئەوان رێگەیەکی دیکەی گەندەڵێ دەدۆزنەوە یان زەوی داگیر دەکەن و کۆمپانیای دیکەی نەوتی دادەنێن، بەڵام باجەکەی خەڵکی کوردستان دەیدات".

 سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەى بەوەدا "یاسای چاکسازی ناچێتە بواری جێبەجکردن، تاوەکو ئێستا یەک خانەنشینی نایاسایی ئەوانەی بە پلەی عەمیدو عەقید و لیوا خانەنشین کراون، رانەگیراوە، 1169 وەزیر و بریکاری و پلەی تایبەت و باڵا 9 مانگە ناوەکانیان جیاکراوەتەوە، رانەگیراوە، بەهەمان شێوە بۆ توێژەکانی دیکە وەکو شەهید سەنگەر و کەمئەندامی سەنگەر".

عەلی حەمەساڵح راشیگه‌یاند، " کاتێک کە سەری مانگ مووچە نادرێت، هیچ حیزبێک با موزایەدە بەسەر خەڵکەوە نەکات، چونکە پارە لەبەر ئەو گەندەڵیانە نییە، ئەگەر دەتەوێت گوشار بکەیت بۆ دانی مووچە، دەبێت گوشار بکەی بۆ ئەوەی ئەو چاکسازیانە بکرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار