دۆناڵد ترەمپ و جەنەڕاڵە باڵاکانی

3 كاتژمێر لەمەوپێش
خەبات کوردە
مانگێک زیاترە بە بڕیارێک ناوی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا گۆڕاوە و دوێنێ یەکەم دیداری وەزیری جەنگ بیت هێگست و دوناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە بنکەیەکی هێزی دەریایی لە ولایەتی فێرجینا لە گەڵ زیاتر لە ۹٠٠ جەنەڕاڵی پلە بەرزی سوپای ئەمەریکادا کە چەندین ساڵە دیداری لەو شێوەیە ڕوینەداوە .!
شایانی باسە تڕەمپ لە دیدارەکەیدا لە گەڵ ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بە دەستپشخەریەک و بە ۲۱ خاڵ لایەنگری خۆی بۆ وەستان و کۆتایی هێنان بە شەڕی غەزە دوپاتکردەوە و ئێستا بە پاڵپشتی تورکیا و قەتەڕ و میسڕ خەریکە شەڕ لە کەرتی غەزە بانگەوازی بۆ دەکرێ .!
تڕەمپ لەو دیدارەیدا کە لە گەڵ جەنەڕاڵەکان ئەنجامیدا بە شانازیەوە ڕایگەیاند کە جیلی شەشەمی فڕۆکە تازە و پێشکەوتوەکانیان کە لە بی ۲ ڕاپتەردا خۆیان دەبیننەوە بە سەرکەوتوویی کەوتۆتە بواری خزمەتی سەربازییەوە .
ئینجا پێدەچێ لە دوای ئەو کۆبونەوەیە کۆمەڵێ جەنەڕاڵ دوور بخرێنەوە و جەنەڕاڵی گەنج و شەڕکەری جەنگی تازە جێیان بگرنەوە و ڕاهێنان و مەشقی تازە و سەربازی زیاتر بخرێنە ناو ڕیزەکانی سوپاوە لە هەموو بوارەکانی سەربازیدا .
شەڕی سێ ساڵەی ئۆکرانیا و ڕوسیا ئەوەی سەلماند کە گۆڕانکاری گەورە دەبێ بکرێن و شێواز و پلانەکانیش بە چەکی تازە و بیری تازە ئەنجام بدرێن . بە تایبەتیش کە درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان جەنگی ئەلەکتڕۆنی لە هەموو بوارەکاندا خەریکە زۆرێک لە چەکەکان بێ کەڵک دەکات .
میزانیەی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا بۆ ساڵی داهاتوو لە ناو کۆنگرێس هەرای ناوەتەوە لە نێوان دیموکراتەکان و کۆماریەکان و خەریکە لە چەندین تڕلیۆن دۆلار تێدەپەڕێ ، هەر بۆیەش تڕەمپ دەڵێ پێویستە عەمبارەکانی سوپا زیاتر پڕ بکرێن ، بۆ نمونە پێنج ملیار دۆلاری تەنها بۆ کڕینی چەندین جۆری گولە تۆپ بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردوە .
هەواڵەکان وا ڕادەگەیەنن کە بڕیارە فڕۆکە هەڵگرێکی ئەمەریکا بگاتە دەریای باڵتیک و لە نزیک کەناراوەکانی سوئێد و فینلەند لەنگەر بگرێ و هەر ئەمڕۆش دانەیەکی تر گەروی جەبەل تاریقی تێپەڕاند و بەرەو قوڵایی دەریای ناوەڕاست بە ڕێگاوەیە .
بە پێی ئەوەی لایەکی کۆبونەوەی جەنەڕاڵەکان نهێنی بووە و زۆرێکیش لە چاودێران پێیان وابووە ئەو دیدارە بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئۆکڕانیا ڕێکخراوە ، بەڵام ئاژانسی تاسی ڕووسی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە بە پەلە بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بانگێشتی مۆسکۆ کراوە و ڕوسەکان بە بەرپرسە ئێرانیەکەیان ڕاگەیاندوە کە کۆبونەوەی ئەو جەنەڕاڵانە بۆ دوبارە لێدانەوەی ئێرانە .
بە مەرجێ تڕەمپ لە کۆبونەوەکە ڕایگەیاند کە ئێران ڕازی بووە بچێتە ناو پەیماننامەی ئیبراهیمیەوە و هیچی تر دژایەتی بۆ ئیسڕائیل نیشان نەدا .
لە تورکیاش دوای ئەوەی کە ئەردۆگان لە دیدارەکەی لە گەڵ تڕەمپ ڕیسوا کرا ، خێرا سوپا بەزیوەکەیان ڕەوانەی دەوروبەری حەڵەب کردۆتەوە و خودی ئەردۆگانیش کەوتۆتەوە دژایەتی ئیسڕائیل و خۆی بە لایەنگری غەزاویەکان لە قەڵەم دەدا و کوردان لە باکوریش بە برا ناوزەند دەکا و لە ڕۆژئاڤاش بە دوژمن هەژماریان دەکات .
لە هەمانکاتیشدا دوای دەنگگۆی ڕازی نەبوونی تڕەمپ لە پێدان و فرۆشتنی چەک بە تورکیا ناڕەزاییەکی گەورە لە نێوان هاکان فیدان و کوڕ و زاواکەی ئەردۆگان سەریهەڵداوە بە هۆی فەشەل هێنانی فرۆشتن و دروست کردنی چەندین کەرەستەی سەربازی کە لە نێوانیاندا دڕۆن و فڕۆکەی جەنگی بوونی هەبووە و پێویست بووە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا کەرستەی ئەو عەقدانە دابین بکەن کە لە نێوان تورکیا و ئەندەنوسیا ئیمزا کراون و بای دەیان ملیار دۆلارن .
بە بڕوای بەندە گەیشتنی هێزێکی زۆری بەرگری ئەمەریکا بۆ قەتەر و ناوچەکە بە گشتی سەرەتا کۆتایی هێنان دەبێ بۆ شکاندنی باڵەکانی ئێران لە یەمەن و عێڕاق و زەختێکیش دەبێ لە سەر ئێران و ڕوسیا بۆ چۆکدادان و ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگری کردن لە فرۆشتنی بە قاچاغی نەوت و غازی هەر یەکە لە ئێران و ڕوسیا و زەحمەتیشە ئەگەر ئێران چۆک دانەدات لێدانێکی سەربازی توند و خێرا بۆ خۆی مسۆگەر نەکات .
