وەزارەتی جەنگ و کۆبونەوەی تەواوی جەنەڕاڵەکانی سوپای ئەمەریکا .!!

6 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: خەبات کوردە
هیچ کات و هیچ وڵاتێک نەبووە حکومەتێ ناوی وەزارەتی جەنگی بۆ تەواوی هێزە سەربازیەکانی هەڵبژاردبێ .
کاتێک گەورەترین و بەهێزترین وڵاتی گۆی زەوی کە ئەمەریکایە ئەو ناوە هەڵدەبژێرێ و وشەی وەزارەتی بەرگری لە فەرهەنگی سەربازیی خۆیدا لادەبات، هیچ گومانی تێدا نیە کە ترسێکی گەورە بەڕێوەیە و دەیانەوێ لە ژێر ئەو ناوەوە گۆڕانکاری گەورە بخولقێنن .
سەرەتای ۲٠۲٥ دەبوو پارەی برێکس مونافەسەی دۆلاری کردبا لە بازاڕە جیهانیەکان و سەری نەگرت .
فلادیمێر پۆتینیان بردە ئالاسکا و زۆر هەوڵیاندا کە شەڕی ئۆکڕانیا ڕابگرێ کەچی بە درۆن ئاسمانی پۆڵەندا و ڕۆمانیای بەزاند و هەڕەشەی لە هەر دوو دەوڵەتی لیتوانیا و ئستۆنیای هاوپەیمانی ناتۆ کرد .
لوتکەی شەنگەهای، زەمینەی کۆبوونەوەی چین و ڕوسیا و هیند و پاکستان بوو و کیم جون ئۆنی سەرۆکی کۆریای باکور لە پێشەنگی ڕێڕۆیشتنەکەدا بوو هاوشانی سەرۆکی وڵاتنی چین و هند و ڕوسیا، لە کاتێکدا هەموو ئاشکرایە کە ئەو سەرۆکە چەند توڕەهات و نابوتە لە سیاسەتدا .
لە کۆبونەوەی دەوڵەتانی عەڕەبی و ئیسلامی بۆ یەکەم جار سعودیە بڕیاریدا پشت بە دەوڵەتی پاکستان ببەستێ و لە ڕێی ۱۷٠ بۆمبە ئەتۆمیەکەی پاکستانەوە مەملەکەتەکەی بپارێزێ و دەوڵەتانی عەڕەبیش سوپایەکی یەکگرتوو دابمەزرێنن و هیچی تر پشت بە ئەمەریکا و ناتۆ و ڕۆژئاوا نەبەستن .
چین و ڕوسیا شکستیان هێنا کە بەرگری لە ئێران بکەن و ئەوروپا و ئەمەریکا ، سەر لە نوێ سزای ئابوری توندیان بەسەر ئێراندا سەپێاندەوە و پێدەچێ ئەوجارە بە یەکجاری پەڕ و باڵی بکەن .
تۆم بەڕاک نەیشاردەوە کە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، دەوڵەتی یاسا و ڕێسا نین و زەمەنی سایکس پیکۆ بەسەر چووە و کەس ناتوانێ بنیامین ناتانیاهۆ ڕابگرێ لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە .
لە ئێستادا فەنزوێلا سوپا کۆدەکاتەوە و وڵاتەکەی خستۆتە ئینزارەوە و ترسی هەیە ئەمەریکا پەلاماریان بدات .
زەختێکی زۆر لە سەر تورکیا هەیە و دوور نیە ئەردۆگان پاڵنەداتە ڕوسیا و چین و لە ناتۆ دوور کەوێتەوە .!
شەڕی حوسیەکانی یەمەن و گروپە چەکدارە توندڕەوە شیعەکانی عێڕاق و هەڵنەوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و گەڕێکی دیکەی کاولکاری لە نێوان ئێران و ئیسڕائیلدا و هەڕەشەکانی تورکیا لە بەردەم ئیسڕائیل دان و بەبێ وەزارەتی جەنگی ئەمەریکاش زەحمەتە ئیسڕائیل بتوانێ دڵی جولەکە تێر ئاو بکات .
کۆبونەوەی تەواوی ژەنەڕاڵەکانی سوپا و وەزارەتی شەڕی ئەمەریکا لە گەڵ وەزیری جەنگ بۆ یەکەم جار لە ۳٠ ی سێپتەمبەر ڕوداوێکی مێژوویی و ترسناکی لێ دەخوێنرێتەوە، چونکە هەرگیز نەبووە تەواوی ژەنەڕاڵەکانی سوپای ئەمەریکا لە ۲٠٠ ساڵی ڕابردوەوە بەو شێوەیە کۆببنەوە .
دەبێت لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە ئەمەریکا هەتا دوای جەنگی جیهانی دووەمیش وەزارەتی جەنگی هەبووە بەڵام هەرگیز نەبووە تەواوی سوپای ئەمەریکا لە ژێر ناوی سوپای جەنگ کۆکرابێتەوە و وەزیرێک بەرپرسیار و سەرپەرشتیاری بێ و هیچ پلە و پایەیەکی سەربازی نەبێت.
لێرەدا چەندین پرسیار سەرهەڵدەدەن، لەوانە:
دەبێ وەزیری جەنگی ئەمەریکا بیر لە چی بکاتەوە ، ؟
ئایا لە دوای ئەو کۆبونەوەیە جیهان بەرەو ئارامی دەبا ، یان شەڕ و خۆسەپاندن .؟
دەبێ وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا دوای گۆڕینی ناوەکەی یەکەم کاری کە ئەنجامی دەدات سود بە مرۆڤایەتی بگەیەنێ یان خۆ سەپاندنی سەربازی دەبێ ؟
پرسیار زۆرن و بەڵام بە هۆی پێشبڕکێی دەوڵەتە زلهێزەکان لە بەرهەم هێنانی چەکی پێشکەوتوو و نوێ، زەحمەتە کەس بتوانێ پێشبینی بکات کە ئایا لە دوای کۆکردنەوەی نزیکەکەی ۸٠٠ ژەنەڕاڵی گەورەترین سوپای دونیا ، چی ڕوودەدا و مەزنترین سوپای سەر ڕووی زەوی خەریکی چیە لە داهاتودا .!
