کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی

4 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسینی شریف العصفوری
وەرگێڕان: یادگار عەلی
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ شاندەکانی چەند وڵاتێکی ئیسلامی کۆبووەوە و کۆبوونەوەکە، وەک گرنگ و مێژوویی باس کرا. هەواڵەکە گرنگییەکی ئەوتۆی لە ڕاگەیاندنە عەرەبییەکاندا پێنەدرا بەهۆی ئامادەنەبوونی سەرۆکی وڵاتە عەرەبییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، ڕەنگە باڵاترین نوێنەرایەتی عەرەبی سەرۆکوەزیرانی میسر بووبێت، لە کاتێکدا سەرۆکی کۆماری ئەندەنوسیا ئامادە بوو، کە گەورەترین وڵاتی ئیسلامییە لە جیهاندا بە دوو سەد و هەشتا ملیۆن دانیشتووانەوە.!
بێگومان کۆبوونەوەکە گرنگییەکی زۆری هەیە، هیچ گومانێکم نییە، کە کۆبوونەوەکە بە جۆرێک بەڕێوەچوو، کە بە دڵی عەرەبەکان نەبوو، هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا ڕاستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، کە بە پشتبەستن بە کۆبوونەوەکە، دژی لکاندنی زەوییەکانی کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوەیە. ئەگەر سەرۆکی ئێستای ئەمریکا کەمێک متمانەپێکراو بووایە، ئەمە لێدوانێکی گەورە دەبوو.
یەکەم: کێ ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو لەگەڵ ئەمریکییەکان؟ میسر، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، ئوردن، تورکیا، ئەندەنوسیا و پاکستان.
دووەم: ڕاگەیاندنە سیاسییەکان چین؟ ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا: لکاندنی زەوییەکانی کەناری ڕۆژئاوا نییە و پڕۆژەیەک لە ئارادایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەزە. گرنگترین ڕاگەیاندن وتارەکەی پرابۆفۆ سوبیانتۆ، سەرۆکی ئەندەنوسیا بوو، کە دەبێت جیهان لەگەڵ دەوڵەتی فەلەستین بوەستێت [ئەمە لەو گرتە ڤیدیۆیانەی بە عەرەبی بڵاوکراونەتەوە سڕاوەتەوە] و جەختکردنەوە لەسەر دڵنیابوون لە ئاسایش و مانەوەی ئیسرائیل لە بەرامبەردا. ئەندەنوسیا هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل نییە و بەرەو نزیکبوونەوەیەکی سەربازی و سیاسی لەگەڵ تورکیا دەڕوات. پاکستان چەند ڕۆژێک پێش ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتنێکی سەربازی لەگەڵ سعودیە ئەنجامدا. پاکستان و ئەندەنوسیا وڵاتانی گەورەی ئاسیان، بەڵام ئابووری ئەندەنوسیا بەهێزەوە بەرەو پێش دەچێت بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان و هەرچەندە ئەندەنوسیا تێوەگلاوە لە جەنگەکانی جیابوونەوە، بەڵام سوپای ئەندەنوسیا بچووکترە لە سوپای پاکستان یان تورکیا و زیاتر لە [1%]ی بەرهەمی ناوخۆیی ناخاتە سەر بەرگریی.! ڕەنگە لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵێک دوورگە پێکهاتووە لە [19] هەزار دوورگە.! بە پێچەوانەی پاکستان و تورکیا، کە لە گەڕەکە پڕ لە ئاژاوەگێڕەکاندا دەژین.
سێیەم: وادیارە ئەوەی لەسەر مێزە و نزیکە لە جێبەجێکردن بەپێی لێدوانەکانی مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و سوبیانتۆ، سەرۆکی ئەندەنوسیا، ئەوەیە کە هێزێکی نێودەوڵەتی [ئیسلامی] پێکدەهێنرێت بە نوێنەرایەتییەکی عەرەبی ڕەمزی یان کەم، بە تەمویلی عەرەبی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەزە، زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن، کە هیچ بوونێکی حەماس لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەزە لە داهاتووی نزیک یان دووردا نییە. هەڵبژاردەکانی فەلەستینییەکان لە نێوان جەنگێکی قڕکردنی بەردەوامدایە [بە ئاوارەکردن یان بێ ئاوارەکردن] یان، وەک داواکارییەکانی ئەمریکا ئازادکردنی بارمتەکان [زیندووەکان و تەرمەکان] و ڕادەستکردنی چەکی حەماس بە دەسەڵاتی فەلەستین بە سەرپەرشتی نێودەوڵەتی و ڕەنگە ئاڵوگۆڕکردن بە دڵنیابوون لە ژیانی سەرکردەکانی حەماس لە ناوخۆدا. ئایا پڕۆژەیەکی لەمشێوەیە دەتوانێت بێتە دی؟ با ڕۆژگار لە نێوانماندا بێت.
چوارەم و کۆتایی: ڕۆڵی سەرکەوتووی ئەندەنوسیا، لێرەدا سەرنج دەخەمە سەر چینی سیاسیی حاکمی ئەندەنوسیا، لە ڕوانگەی پەیوەندییەکانی میسر و ئەندەنوسیاوە، ئەندەنوسیا دڵی نەوەیەکی میسری داگیرکردووە، بەتایبەتی دوای کۆنفرانسی باندۆنگ لە ساڵی [1955]، کە بزووتنەوەی بێلایەنی دامەزراند. لێکچوونێک هەیە لە نێوان گەشەسەندنی نیشتمانپەروەری میسریی و ئەندەنوسی لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بوونی کاریگەریی هۆڵەندی لە ئەندەنوسیا کەمتر و خوێناوی بوو، وەک داگیرکاری بەریتانی بۆ میسر، بە پێچەوانەی مۆدێلی فەڕەنسی لە هیندۆچین یان جەزائیر، ڕێگەیدا بە دروستبوونی چینە کۆمەڵایەتییەکان، کە لانیکەم توانای بەڕێوەبردنی خۆبەڕێوەبەری نیشتمانییان هەبێت. کۆمەڵگەی ئەندەنوسیا بە پێچەوانەی میسر، چەندین نەتەوە و گرووپی ئایینی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، هەرچەندە موسڵمانان [90%]ی دانیشتووان پێکدەهێنن.
جەنەڕاڵ سوبیانتۆ هاوسەرگیریی لەگەڵ کچی جەنەڕاڵ سوهارتۆ کردووە.! فەرماندەی هێزە تایبەتەکان بوو، کە کۆمەڵکوژییەکانی لە تەیموری ڕۆژهەڵات و پاپوا ئەنجامدا و لە ساڵی [1998]ەوە ڕێگەی پێنەدرا بچێتە ئەمریکا.! سەرۆکی [دیکتاتۆر] و پاڵەوانی نیشتمانپەروەریی ئەندەنوسیا سۆکارنۆ، کە لە نێوان ساڵانی [1950-1965] بە هەر شێوەیەک حوکمی وڵاتەکەی کرد، ڕۆڵی هێزە چەکدارە پاڵەوانەکەی لە حوکمی وڵاتدا دامەزراند بە دروستکردنی هاوسەنگی سیاسیی لە نێوان سێ هێزی ڕەسەن، ئەوانیش بزووتنەوەی نیشتمانی و بزووتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی.! بۆیە پارتی کۆمۆنیستی ئەندەنوسیا لە ساڵی [1960] سێیەم گەورەترین پارتی کۆمۆنیستی بوو لە جیهاندا دوای سۆڤیەت و چین.! بەڵام جەنەڕاڵ سوهارتۆ گەورەترین ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردن و قڕکردنی دژی کۆمۆنیستەکان ئەنجامدا بە کوشتنی نیو ملیۆن بۆ یەک ملیۆن کەس دوای ساڵی [1965].!
دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا، ئەردۆگان کۆبووەوە.! وادیارە ئەوەی دوایی هێشتا کارتەکان دەباتەوە، بە ڕوونی دیارە، کە ئەمریکا – بەفەرمی پێشوازی لە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا کرد سەرەڕای ئەوەی لە لیستی داواکراوانی تیرۆردا بوو – بەڵکو سەرۆکی سوریا بۆ یەکەمجار لە ماوەی پەنجا ساڵدا وتارێکی لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەش کرد.! ئەمریکا کاریگەریی تورکیا لە ناوچەکەدا دەپارێزێت لە بەرامبەر توندکردنەوەی گەمارۆکان لەسەر پوتین.! ئەم نموونەیەم بەکارهێنا بۆ ئاڵوگۆڕکردن، چونکە ئەندەنوسیاش دەبێت ئاڵوگۆڕێکی هاوشێوە بکات بۆ تێوەگلانی لە گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەندەنوسیا چیی پێویستە؟ ئابووری ئەندەنوسیا گەورەترە لە ئابووری سعودیە یان تورکیا، پێویستی بە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی کاریگەر لە دەوروبەری خۆیدا و ڕێگەگرتن لە کاریگەریی چین لە دەریای چینی باشوور و یەکگرتن لەگەڵ فلیپین، ئاڵوگۆڕەکە لێرەدا ئابوورییە لە بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەی چین.
شەست ساڵ لەمەوبەر ئەندەنوسیا کۆتایی بە بڵاوبوونەوەی کاریگەریی کۆمۆنیستی ماوی هێنا.! سبەی بەرەیەکی پتەو لەبەردەم چیندا دروستدەکات.! ئەندەنوسیا کەمینەیەکی بچووک لە مالایییەکان [نەتەوەیەکی پێکهاتەی مالیزیی] و کەمینەیەکی بچووکتر لە نەتەوەی چینی تێدایە.! هەردوو نەتەوەکە، وەک پردێک کار دەکەن بۆ چوونە ناو سەرمایەداری چین/ ئاسیایی.!، بەڵام بە پاراستنی هاوسەنگی سیاسیی ناوخۆیی لە دوای سەربەخۆییەوە لەگەڵ بەکارهێنانی دیموکراسی [سۆکارنۆ ناوی لێنا دیموکراسی ڕەشید].
کۆتا تێبینیم ئەوەیە سروشتی پەیوەندییەنێودەوڵەتییەکان، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا سەرهەڵدەدەن، مۆدێلی پەیوەندییەکانی پێش جەنگی جیهانی یەکەمم بیر دەهێنێتەوە، ئەگەر زۆربەمان بە دوای [جیهانێکی فرە جەمسەر]دا دەگەڕاین.! ئەوا ئێستا جیهان هەوڵ دەدات بە چەندین جەمسەر پێکبێت.! بە جەنگە بێ کۆتاییەکان و جەنگە گەورەکان، کە لە هەر ساتێکدا ڕەنگە سەرهەڵبدەن بەهۆی هەڵە لە حیساباتەکان.
