وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسی گرنگی میدیای ئازادمان کرد

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رایگەیاند، "لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی گرنگی میدیای ئازادمان کردووە، باسی سەربەخۆیی و پاراستنی ئازادی رادەربڕینیشمان کردووە". 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9حوزەیرانی 2021  دوای کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و  وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، "لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی گرنگیی میدیای ئازادمان کردووە، باسی سەربەخۆیی و پاراستنی ئازادیی رادەربڕینیشمان کردووە".

راشیگەیاند" چاوەڕێی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ لەندەن" لەبارەی سەردانەکەیشیەوە دەڵێت، "سەردانەکەم بۆ درێژەدانە بە پەیوەندیمان لەگەڵ گەلی کورد، پەیوەندییەکی دێرینمان لەگەڵ گەلی کورد هەیە".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان لە ململانێکانی ناوچەکەو وتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بەرگەی گوشارەکانی ئێران بگرێت، هەروەها بێگومان رۆڵی زۆر گرنگی هەبووە لە شەڕی دژی داعش، بۆیە من ستایشی رۆڵی پێشمەرگە و رۆڵی میللەتی کورد دەکەم کە زۆر قوربانیان داوە لەم پەیوەندییە ماوەدرێژە".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش دا ئەمڕۆ گفتوگۆیەکی نایابیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردو وتی "بەریتانیا پابەند دەبێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری ئابووری و سەربازی".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بەرزدەنرخێنین و سوپاسی پشتگیریی بەردەوامیان بۆ گەلی کوردستان دەکەین، هاوبەشی بەریتانیا 30 ساڵ پێش ئێستا دەستی پێکردووە کاتێک کە لە نیسانی 1991 لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بڕیاری 688ـیان دەرکرد بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام. کە ئەوە سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت پەیوەندییەکی دۆستانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستبکات، لەو کاتەشەوە پەیوەندیمان لەگەڵ بەریتانیا هەمیشە بەردەوام بووە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی داعش رایگەیاند، "هاوشانی بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیان پابەندی خۆمان بە بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسی و هەڕەشەکانی داعش دووپات دەکەینەوە." 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دۆخی ئافرەتان دەڵێت، "وڵاتانی جی حەوت 15 ملیۆن دۆلاریان تەرخانکردووە بۆ پشتگیری لە پەرەپێدان بە تواناکانی ئافرەتان و هیوادارین ئەو پاڵپشتییانە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بگرێتەوە".یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدا بابەتی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا بوو کە بەپێی توێژینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر دەردەکەوێت،

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "ئێستا لە هەرێمی کوردستان خەریکە کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت و خەریکە وشکەساڵی دەبێتە کێشەیەکی رژدی لەبەردەممان.. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پابەندین بە رێکارە نێودەوڵەتییەکانی خۆگونجاندن و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆرانی کەشوهەوا لە جیهان.. هەروەها لە هەرێمی کوردستان پلانمان بۆ کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکانی وەکو دووانە ئۆکسیدی کاربۆن داناوە."

دوێنێ سێشەممە 8ی حوزه‌یرانی 2021، دۆمەنیک راب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی عیراق کۆبوونەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار