بە سێ فڕۆکەی درۆن فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کراوەتە ئامانج

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دوای بۆردوومانکردنی بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، بە سێ فڕۆکەی درۆن فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرایە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-06-2021 شانەی راگەیاندن ئەمنی عێراق لە راگەیاندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە کە فڕۆکەخانەی بەغدا بە سێ درۆن کراوەتە ئامانج .
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق سەبارەت بە رووداوەکە دەڵێت "دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان، بە سێ مووشەک بنکەی ئاسمانی بەلەد-یان کردە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و ماددی هەبێت. جارێکی دیکە درەنگانێکی شەوی چوارشەممە فڕۆکەخانەی بەغدا-یان لەڕێگەی 3 فڕۆکەی درۆن کردە ئامانج، کە فڕۆکەیەک خراوەتە خوارەوە و دواتر وردەکاریی دوو فڕۆکەکەی دیکە رادەگەیێنین."
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هێزە ئەمنییەکان بەدوای هەموو ئەوانەن کە ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگەی عێراقی تێکدەدەن و دەیاندەنە دادگە، بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.
شەوی رابردوو 09-06-2021 شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند،" مووشەکەکان لە بنکەی ئاسمانی بەلەد کە دەکەوێتە باشووری پارێزگای سەلاحەدین کەوتنەخوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی رۆژی 3ی حوزەیرانیش رایگەیاندبوو، بنکە ئاسمانییەکە بە سێ مووشەک کراوەتە ئامانج.
رۆژی 24-05-2021 شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاندبوو کە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق کە هێزەکانی سوپای ئەمریکا تێیدا جێگیرکراون بە مووشەک کراوەتە ئامانج. مووشەکەکەش یەک دانە بووە و لە جۆری کاتیۆشا بووە.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندەین جار بنکەی عەین ئەسەد و بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کرانە ئامانج و زیانیان لێکەوتەوە.
