پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا داوا لە حكومەتی وڵاتەكەی دەكات چاودێری گروپەكانی سەر بە ئەردۆغان بكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پەرلەمانتارێکی پارتی چەپی ئەڵمانیا رایگهیاند لەبارەی دانپێدانانەكانی سەدات پەکەر داوا لە حكومەتی ئەڵمانیا دەكات چاودێری گروپەكانی سەر بە ئەردۆغان بكات.
سەدات پەکەر تائێستا 10پارچە ڤیدیۆی لەسەر ئەردۆغان و پارتەكەی بڵاوكردۆتەوە و باسی كارە نایاساییەكانی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان (ئەپەكە) دەكات و ئێستا لە دوبەی ژیان دەكات.
سەدات پەکەر لە دوا ڤیدیۆیدا وتبووی، "رێکخراوەکان لە ئەڵمانیا (گروپ وکۆمەڵە و رێکخراوەکانی سەر بە دەوڵەتى تورک) هاوڕێ باشن و من ئەوانم خۆشدەوێت. بۆ نمونە، ئەوان داوایانکرد پارەیان بۆ بنێرم، منیش بە نهێنی پارەم بۆ ناردن". پەکەر بەو وتەیە دانی بەوەدا نا، کە پارەی بۆ گروپەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە ئەڵمانیا ناردووە.
ئولا یەلپکە پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا، کە زۆر جار کار و تاوانەکانی میت و گروپ و مافیاکانی سەر بە رژێمەکەى ئەردۆغانی لە ئەڵمانیا بە ناوی "دەستی درێژ" پێناسە کردبوو ئەمجارەش بابەتی دانپیادانانی سەدات پەکەری لەبارەی ئەو گروپ و مافیانەوە کردە تەوەری ئەمڕۆی پەرلەمانی ئەڵمانیا و داوایکرد، لێکۆڵینەوەى بەرفراوان لەو بابەتەدا بکرێت. راشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨دا گروپی عوسمانییەکانی ئەڵمانیا قەدەغە کران، بەڵام ئەوە بەس نییە و دەبێت گروپەکانی تریش قەدەغە بکرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10 حوزەیرانی 2021 ئولا یەلپکە لەبارەی دانپیادانانەکانی پەکەر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و وتی، "ئەو رێکخراو و کۆمەڵانە لە ئەڵمانیا، کە پەکەر ئەوانی وەک کۆمەڵەى باش پێناسەکردووە، بە تایبەتی لە کاتی هەڵبژاردندا بۆ کۆکردنەوەى دەنگ لەلایەن ئاکەپەوە بەکار دەهێنرێن. ئەوانە هەم لە تورکیا و هەم لە ئەڵمانیا بەکار دەهێنرێن تاوەکو کۆمەڵگە بکات بە گژی یەکتردا".
یەلپکە رایگەیاند، دەبێت ئەڵمانیا وتەکانی ئەو سەرەک مافیایە بە جدی وەربگرێت و راشیگەیاند، "چاوەڕوانی من لە حکومەتی فیدراڵ و یەکەکانی ئاسایش ئەوەیە، کە دوای ئەو زانیارییانە لەلایەن پەکەرەوە، کە باس لە پەیوەندیی دەوڵەتی قوڵ لە تورکیا دەکات، دەبێت بە خێرایی لێکۆڵینەوە دەست پێ بکەن تاوەکو بزانرێت جگە لە عوسمانیەکانی ئەڵمانیا چەند گروپی تر پارەیان پێدراوە".
یەلپکە باسی ئەوەیکرد، گروپە جیاجیاکانی سەر تورکیا، هەر وەک لە دانپیادانانەکەی پەکەردا باسیان کراوە، لە رێگەی مافیاکانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و دەشبێت چەکیان هەبێت، بۆیە دەبێت ئەو گروپانە بخرێنە ژێر چاودێری. ئەڵمانیا نابێت تەنها سەیری ڤیدیۆکانی پەکەر بکات، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئەو تەونە سیخوڕییە، کە لەلایەن دەزگای سیخوڕیی تورک (میت)ەوە بەرێوەدەبرێت، زۆر گرنگە.
ئولا یەلپکە، کە هاوکات وتەبێژی کاروباری ناوخۆی حیزبی چەپی ئەڵمانیا لە کۆتایی وتەکانیدا داوای لە حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا و ئەنگێلا مێرکلی راوێژکاری ئەلمانیا کرد، کە گروپە فاشیست – نەژداپەرستەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە و یەکێتیى ئیسلامی تورک و کاری دیانەت (دیتیب - DÎTÎB) ئەوەندە لە ئامێز نەگرن و نەیان حەوێننەوە.
