"داوا لە پارتی و پەكەكە دەكرێت شەڕی میدیایی ڕاگرن"

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی كه لهژمارهیهك كهسایهتى دیار پێكهاتوه ڕایگهیاند سهردانى ههردوو لایهنى ناكۆكیهكانى ئێستا پارتىو پهكهكه یان كردوه بۆ هێوركردنهوهى ئهو مهترسیانهى ڕویان لهههرێمى كوردستان كردوه، لهبانگهوازیهكهشیاندا داوادهكات، "ههردولا هێرشى میدیایی بۆسهر یهكتر ڕابگرن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10 حوزەیرانی 2021 لهبانگهوازیهكى بهپهلهدا کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی ڕایگهیاندوه، "کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی شەڕی ناوخۆییو دەرەکیدایهو تائێستاش دەرفەتی گەورە لەبەردەم خەڵکی کوردستانو هێزە سیاسییەکانیدا هەیە کە دۆزی کوردستان بەئاقارێکی سەرکەوتووانەدا ببەنو دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستبێت، با پێکەوە هەوڵبدەین لەجێی شەڕی ناوخۆ سوود لەدەرفەتەکان بۆ پەرژەوەندی گەلی کوردستان ببینین".
ئهوهشى ڕونكردۆتهوه، "هەر لەسەرەتای گرژییەکانەوە دەستمان بەهەوڵی ناوبژیوانیو خۆشکردنی زەمینەی دیالۆگ کرد، شاندی کۆمیتەکە سەردانی هەردوولایەنی ناکۆکو زۆربەی لایەنە کوردستانییەکان کردو ئهوهشى بهئێمه بكرێت بۆ دورخستنهوهى ئهو مهترسیانه درێغى ناكهین".
دهقى ڕاگهیهنراوهكه:
بانگەواز لەکۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆییەوە
کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی شەڕی ناوخۆییوو دەرەکیدا
گەلی ئازادیخوازی کوردستان
هەروەک ئاگادارن گرژیو ئاڵۆزیی نێوان چەند هێزێکی کوردستانیی لەئاستێکی مەترسیداردایە. ئەم دۆخەش خەڵکی کوردستانی زۆر نیگەرانکردووە. ڕووبەڕوو وەستانەوەی هێزە کوردستانییەکان بەرامبەر یەکترو شەڕی میدیایی، خەڵکی کوردستانی خستۆتە دۆخێکی نالەباری ئەوتۆوە کە ڕۆژانی شەڕی نەگریسی ناوخۆیان بیردەخاتەوە.
بێگومان ئەم دۆخە بۆ نەیارانی کوردستان دەرفەتێکە کە هەمیشە خەونیان پێوە بینیوەو کاریان بۆ کردووە، هەتا لەو رێگایەوە زیاتر درێژە بەداگیرکارییەکانیان بدەنو ئەو دەسکەوتانەش کە بەخوێنی سەدان هەزار شەهیدو رەنجو تێکۆشانی سەدان هەزار تێکۆشەر بەدەستهاتوون، لەناوببەن.
لەهەلومەرجێکی ئاوادا سەرباری ئەوەی کە شەڕێکی ناوخۆ لەم قۆناغەی دنیای پێدا تێپەڕئەبێ، شەرمەزارییەکی گەورە بۆسەر گەلی ئێمە دێنێت، لەهەمانکاتدا هیچ کام لەدۆستەکانمان بەدەنگمانەوە نایەنو مێژوو نەوەی داھاتووشو دەستپێشخەرانو بەرپرسانی شەڕی ناخۆیی نابەخشێت.
سەرەڕای هەموو مەترسییەکانیش، تائێستا دەرفەتی گەورە لەبەردەم خەڵکی کوردستانو هێزە سیاسییەکانیدا هەیە کە دۆزی کوردستان بەئاقارێکی سەرکەوتووانەدا ببەنو دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستبێت، با پێکەوە هەوڵبدەین لەجێی شەڕی ناوخۆ سوود لەدەرفەتەکان بۆ پەرژەوەندی گەلی کوردستان ببینین.
ئێمەوە وەک کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی کە لەچەند دەزگاو کەسایەتی کوردستانیی هەر چوار بەشی کوردستان پێکهاتووە، هەر لەسەرەتای گرژییەکانەوە دەستمان بەهەوڵی ناوبژیوانیو خۆشکردنی زەمینەی دیالۆگ کرد، شاندی کۆمیتەکە سەردانی هەردوولایەنی ناکۆکو زۆربەی لایەنە کوردستانییەکان کرد.
ئێمە لەکارەکانمان بەردەوامدەبینو لەپێناو ئاشتیو ئارامیی لەکوردستان، هەر کارێک بەئێمە بکرێت، ئامادەین، داواش لەسەرجەم پارتو ڕێکخراوە کوردستانیەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ڕۆڵی جدیو ئەرێنی ببینن.
هەروەها داوا لەکەسایەتی سیاسیو رۆشنبیرییو ئەکادیمیی کوردستان دەکەین، کە بەهەڵوێستی جوامێرانەی خۆیان ڕۆڵی ناوبژیوانو کاراکتەری ئارامکردنەوەی ئەم دۆخە ببینن، داوا لەئەندامو لایەنگرانی ئەو دوو هێزەو خەڵکی کوردستانیش بەگشتی دەکەین، زیاتر دان بەخۆیاندا بگرن، هێرشی میدیاییو کەناڵەکانی سۆشیال میدیا لەبەرامبەر یەکتر ڕاگرنو ئاگری ناکۆکیی زیاتر خۆشنەکەن.
پێویستە هەموو کوردستانیان بەهەر شێوازێکی دیموکراسیی گونجاو، لەدژی فراوانکردنی گرژیو ناکۆکییەکان دەنگ هەڵپڕن.
کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی

