"پێویستە لە هێنانی بەنزین ئاسانکاری بۆ سەرجەم بازرگانان بکرێت"

لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمان:

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پێویستە رێکارەکانی ھاتنی بەنزین ئاسان بکرێت، ئاسانکاری بۆ سەرجەم بازرگانان بکرێت، ناکرێت بەرزبونەوەی نرخی بەنزین ببێتە بارگرانی لەسەر خەڵک گرفتێکی گەورەیە دەبێت چارەسەری خێرای بۆ بدۆزرێتەوە.

گولیزار رشید سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی گرانبونی نرخی بەنزین لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، "پێویستە رێکارەکانی ھاتنی بەنزین ئاسان بکرێت، ئاسانکاری بۆ سەرجەم بازرگانان بکرێت، ناکرێت بەرزبونەوەی نرخی بەنزین ببێتە بارگرانی لەسەر خەڵک گرفتێکی گەورەیە دەبێت چارەسەری خێرای بۆ بدۆزرێتەوە، ئێمە کە لەپەرلەمان یاسامان دەرکرد بۆ ئەوە نەبو رێکارەکان ببنە ھۆکاری گران بونی نرخی بەنزین".

ئاماژەی بەوەشکردوە، کاتی خۆشی ئەو مەرجەیان دانا کە ئاسانکاری بکرێت بۆ هێنانی بەنزین، بۆیە گرنگە کۆبونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەت بکەن و ھۆکارەکانی ئەو گران بونە دیاری بکرێت و رێکاری خێرا بۆ چارەسەر بدۆزرێتەوە.

پێشتر پارێزگاری سلێمانی لە راپۆرتێكی رۆژنامەی هاوڵاتیدا هۆكاری گران بونی بەنزینی بۆ وەزارەتی ستاامنە سروشتیەكان گێرابۆوە و رایگەیاند هۆكاری گرانی بەنزین وەزارەتی سامانە سروشتییەكان خۆیەتی

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ، هۆكاری ناوخۆیی گرانبوونی نرخی بەنزینی باس كرد «یەكەمیان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە سیاسەتی خۆیدا تائێستا بڕیاری نەداوە نەوتی خاو بدات بەپاڵاوگەكانی ناوخۆ تابتوانن بیپاڵێون و بەو نرخەی كەهەیە بیفرۆشن، یاخود رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بكات وەكو چۆن لەسەر بودجە كراوە».

پارێزگاری سلێمانی پێشیوابوو هۆكاری دەرەكی كە پەیوەندی بەگرانبوونی نرخی نەوتی خاو لەبازاڕی نێودەوڵەتی هەیەو بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلار دابەزیوە»سوتەمەنی بەدۆلار دەكڕدرێت و جارێكی دیكە بەدینار بەهاووڵاتیان دەفرۆشرێت».

پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشكرد»هەرێم دەتوانێت رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بكات بەو نرخە پشتیوانیكراوەی حكومەتی فیدڕاڵی دەیدات بەهەموو پارێزگاكانی تر لەبەسرەوە تا كەركوك بیدات بەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش».

هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پاڵاوگەكانی ناوخۆ لەبەرئەوەی نەوتی خاویان پێنادرێت توانای بەرهەمهێنانی بەنزینیان بۆ بازاڕەكان نیە، ئەو پاڵاوگە ناوخۆییانەشی كە نەوت لەحكومەتی فیدڕاڵ یان شوێنێكی دیكە پەیدا دەكەن بەنرخی بازاڕو بۆرسە دەیفرۆشنەوە بەبەنزینخانەكان» ئەوانیش لەجیاتی ئەوەی ببێت بەسەرچاوەی پشتیوانیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە بەهۆی گرانبونی بەرهەمە ناوخۆییەكان كەهەمانە».

لەبارەی چارەسەری گرانبوونی بەنزین، هەڤاڵ ئەبوبەكر بەپێویستی دادەنێت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕێك لەو سوتەمەنیە دابینبكات بۆ پێداویستی ناوخۆ بەنرخێكی پاڵپشتیكراو بیفرۆشێت و بیدات بەپاڵاوگە ناوخۆییەكان كە سێ پاڵاوگەی سەرەكی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییەكانی ناوخۆ دابینبكەن، «یاخود ئەو باج و گومرگ و رسوماتەی لەسەر هێنانی سوتەمەنی دایناوە هەڵیبگرێت بۆ ئەوەی ئەو نرخە بگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان نەك بچێتە سەر داهاتی گشتی كەدواجار دەبێت هەموومان باجەكەی بدەین».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار