"ئەنجامی بەدواداچونەکان بۆ دۆسیەی دکتۆرە باخان و تەندروستی هەڵەبجە بۆ رایگشتی دەخەینەڕو"

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى 

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچون لەدۆسیەی د.باخان و کێشەکانی تەندروستی هەڵەبجە بەردەوامی هەیە و لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا ئەنجامەکانی رایگشتی دەخەنەڕو.

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا لەپێنجوێن باسی لەوەشکرد، پەیوەست بە کێشەکانی تەندروستی هەڵەبجە و دۆسیەی د.باخان ئازاد وەزارەتی تەندروستی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و بەردەوامن لەکارەکانیان. لەماوەی نزیکی داهاتووشدا ئەنجامی کاری لیژنەکە بۆ رایگشتی دەخەنەڕو.

ئەوەشی خستەڕو، رەوشی تەندروستی هاوڵاتیان لەهەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەش کاری لەپێشینەیە بۆ وەزارەتی تەندروستی و  نابێت هیچ شتێک هۆکاربێت بۆ زیانگەیاندن بە تەندروستی هاوڵاتیان.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردراوە تەندروستی پێنجوێن بکرێتە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و ئاسانکاری رایکردنی کاروباری هاوڵاتیان، بڕیاری دیکەش بۆ ناوچەکان بڵاودەکەنەوە.

دکتۆرە باخان ئازاد کە بەوە ناسراوە باس لە هەبوونی گەندەڵی لە کەرتی تەندروستیی هەڵەبجەدا دەکات و چەندین جار لە میدیاکانەوە ئەو پرسەی ورووژاندووە و لە دادگایش سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە، بەهۆی قسەکانیەوە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە زیاتر لە دوو رۆژ دەستگیر دەکرێت و دواتر ئازادی دەکەن.

رۆژی 3ی حوزەیرانی ئەمساڵ، دکتۆر باخان ئازاد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە سلێمانی رایگەیاند رۆژی 31ی ئایار لەلایەن هێزێکی سەر بە ئاسایشی سلێمانی بەشێوەیەک کە بە "نامرۆڤانە" ناویبرد دەستگیرکراوە و سێ رۆژ هێڵدراوەتەوە، هەرچەندە رۆژێک دوای گرتنەکەی فەرمانی دادوەر بۆ ئازادکردنی هەبووە.

ئەو پزیشکەی تەندروستیی هەڵەبجە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانیدا باس لە وەرگرتنی پارەی زۆر بە رێگەی نادروست لە نەخۆش، فرۆشتنی خوێن، نووسینی پارەی زۆر لە کڕینی ئامێر و کەلوپەلی تەندروستی و چەندین شتی دیکەی کردووە، وەکو جۆرەکانی گەندەڵی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە وەکو بانگەشەی بۆ دەکات.

رۆژی 28ی نیسان وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی سێ کەسی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزیری تەندروستی پێکهێنا، بەڵام تائێستا ئەنجامەکەی رانەگەیەندراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار