یاریدەدەرێكی مەسرور بارزانی؛ پەردە لەسەر نهێنییەكی دارایی ئاشكرا دەكات
دواجار پەرلەمان بڕیاریدا، لەسەر لێبڕینی مووچە كۆببێتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی و وەبەرهێنان و ئەنجومەنی راژە پەردەی لەسەر نهێنییەكی دارایی كابینەی نۆیەم ئاشكراكرد كەبڕی دانەوەی قەرزەكان مانگانە (253) ملیۆن دۆلارو بەدینار (379) ملیارو (500) ملیۆن دینار دەكات.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە دانیشتنێكی تایبەت لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بێت و پەرلەمانتارانیش دەڵێن:» دارایی هەرێم لەبارودۆخێكی باشدایە كاتی ئەوە هاتووە لێبڕین لەمووچە نەمێنێت».
دانیشتنی پێشتری پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە واژۆ كۆكرایەوە بۆ ئەوەی لەدانیشتنی داهاتوودا حكومەت بانگ بكرێتە پەرلەمان و هۆكارەكانی لێبڕینی موچە روونبكاتەوە.
رۆژی شەممە رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ دارایی و وەبەرهێنان و ئەنجومەنی راژە رایگەیاند:»حكومەتی هەرێم مانگانە بری (253) ملیۆن دۆلار قەرز دەداتەوە».
رێباز حەملان راشیگەیاند:»ئەگەر بەغدا پارەش بنێرێت ناتوانین بڵێین سەدا سەد لێبڕینی موچە كۆتایی پێدێت»، چونكە بەپێی داهاتی بەردەستی خۆیان و پارەكەی بەغدا بڕیار لەسەر موچە دەدەین بێ لێبڕین دابەش بكرێت.
هەروەها راشیگەیاند:» نەوتمان فرۆشتووە تەواوی داهاتەكەی بۆ موچە نییەو دەبێت قەرزی لێبدەینەوە، چونكە مانگانە (253) ملیۆن دۆلار قەرز دەدەینەوە».
بەپێی وتەكانی رێباز حەملان بێت، حكومەتی هەرێم مانگانە (253) ملیۆن دۆلار قەرز دەداتەوە، واتا بەدینار دەكاتە (379) ملیارو (500) ملیۆن دینار.
لەئێستادا حكومەتی هەرێم بەلێبڕینی لەسەدا 21% مووچە مانگانە (700) ملیار دینار خەرج دەكات، واتا حكومەتی هەرێم لەئێستادا مانگانە ترلیۆنێك و (79) ملیار دینار زیاتری لەبەردەستدایە بێجگە لەو خەرجییانەی بۆ وەزارەتەكان تەرخان دەكرێت، دەتوانێت دانەوەی قەرزەكان كەمبكاتەوەو لێبڕین نەهێڵێت تا پشكی هەرێم لەبەغداوە دێت.
پێشتر مەسرور بارزانی لەناو پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كەحكومەتەكەی (28) ملیار دۆلار قەرزارە، بەڵام هیچ وردەكارییەكی لەسەر قەرزەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ئاشكرا نەكرد.
رێباز حەملان ئەوەی خستەڕوو هەموو بڕیارەكان بەلێبڕینی موچەشەوە پارتی و یەكێتی و گۆڕان بەهاوبەشی دەیدەن لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا، وتیشی:»ئەوەی لەپەرلەمان دەوترێت و باس دەكرێت لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا بوونی نییە».
ماوەی هەشت مانگانە حكومەتی هەرێم بەلێبڕینی لەسەدا 21% موچە دابەشدەكات، سەرەڕای زیادبوونی داهاتە ناوخۆییەكان بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو (70) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:» دەبێت وەزیرە تایبەتمەندەكان بێنە پەرلەمان و گفتوگۆ لەسەر لێبڕینی موچە بكرێت، چونكە دۆخی دارایی هەرێم باشە».
زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:» دارایی هەرێم لەبارودۆخێكی باشدایە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە لێبڕینەكە نەمێنێت».
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئێستا كاتی ئەوە هاتووە لێبڕینی موچە كۆتایی پێبهێنرێت» دەبێت دانیشتنی پەرلەمان بكرێت لەسەر لێبڕینی موچە».
ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوە دەخاتەڕوو بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمان داوای بانگهێشتی وەزیرەكان كراوە.
جەلال محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان، بەهاوڵاتی وت:» بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمان داواكراوە حكومەت ئامادەی دانیشتنەكە بێت، بەڵام تائێستا دیار نیە ئامادە دەبێت یان نا».
پەرلەمانتارێكی پارتی داوا دەكات وەزیری دارایی وەڵامی ئەوەیان بداتەوە كەداهاتی سلێمانی بۆچی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت.
رێبوار عەبدولڕەحیم، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە داوامان كردووە لەسەر لێبڕینی موچە حكومەت بێت روونكردەوە بدات، كەحكومەت ناتوانێت بێ لیبڕین موچە بدات پەیوەندی بەچییەوە هەیە روونكردنەوەمان پێبدەن».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد حكومەت و وەزیری دارایی وەڵامی ئەو پرسیارەیان بدەنەوە كە «داهاتی سلێمانی بۆچی وەك پێویست ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم».
هاوكات رێبوار عەبدولڕەحیم ئەوەی دووپاتكردەوە كەهەموو پەرلەمانتاران دەیانەوێت لێبڕینی موچە كۆتایی بێت و وتی:» دوای هەڵسەنگاندنی رەوشی دارایی قسە لەسەر هەڵگرتنی لێبڕینی موچە دەكەین، ئێستا پێویستە هۆكارەكانی بزانین و چارەسەری بكەین».
لەكاتێكدا پێشتر چەند جارێك حكومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەكان چوونەتە پەرلەمان، بۆیە هەندێك لەپەرلەمانتاران پێیان وایە هاتنی حكومەت بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمان هیچ كاریگەری نابێت و پێویستە پەرلەمان خۆی بڕیار بدات.
ئەندامێكی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت هاتنی حكومەت بۆ پەرلەمان هیچ لەبابەتە ناگۆڕێت تەنیا پێویستە پەرلەمان خۆی بڕیاری كۆتایی لەسەر بدات.
رووپاك ئەحمەد لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بابەتەكە نایاساییەو حكومەت هیچ رێگەچارەیەكی بنبڕی و وەڵامێكی قەناعەت پێكەری پێنەبووە، بۆیە ئێستا تەنیا پێویستی بەبڕیاری پەرلەمانە بۆ هەڵگرتنی لێبڕینەكە ئەوە ئەركی سەرەكی خۆیەتی».
ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ ئەوەشی روونكردەوە كەبڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە دانیشتنی پەرلەمان لەسەر لێبڕینی مووچە بكرێت.