بۆردومانەكانی توركیا لەبادینان 10 هەزار دۆنم زەوی سوتاندووە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی. دهۆك
لەسەرەتای ئۆپراسیۆنی سەربازیی توركیا كە لەمانگی نیسانەوە دەستیپێكردووە بۆ سەر ناحیەی كانێ ماسی یەك گوند چوڵكرا، بەڵام لەئێستادا ژمارەیان زیاد بووە بۆ پێنج گوندو (10) هەزار دۆنم زەویش سووتان .
تاكە گوندی سنوری ناحیەی كانێ ماسی كەئێستا رۆژانە دەوروبەرەكەی بۆردوومان دەكرێت (گوندی هرورە) كە تائێستا چۆڵنەكراوە، سەڕەرای بەركەوتنی زیانێكی زۆر بەر دانیشتوانەكەی و برینداربوونی هاونیشتیمانیەكی هرور.
شڤان هروری، خەڵكی گوندی هرور لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد رۆژانە لەدەوروبەری گوندی هرور بۆردومان دەكرێت، هەندێكجار بۆردوومانەكە تەنها یەك كێلومەتر لەدەوروبەری گوندەكە دوورە، زیانێكی زۆر بە هاونیشتیمانیان كەوتووە، وەك سووتانی سەدان دۆنم زەوی.
شڤان هروری وتیشی:» پێش هەفتەیەك سوپای توركیا چەند توپێكی لەدەوروبەری گوندی هرور دا كە ئەوكات زۆر نزیكبوون لەمەڕو ماڵاتەكان، ئەوانەی خاوەنی مەڕەكانن دەیفرۆشن لەترسی بۆردومانەكان ئێستا تەنها پێنج خێزان لەكۆی (50) سەرۆك خێزان لە گوندی هرۆر مەڕ بەخێودەكەن، بەڵام ئامادەنین بۆ هیچ كەس و لایەنێك چۆڵی بكەین».
بەڕێوەبەری ناحەی كانی ماسی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « دۆخی ناوچەكە كەمێك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام بۆردوومان و شەڕی پەكەكەو توركیا هەر بەردەوامە».
ناوبراو باسی لەوەشكرد تائێستا پێنج گوند لەسنوری ناحیەكە بەهۆی شەڕی توركیاو پەكەكە چوڵكراون، زیاتر لە (10) هەزار دۆنم زەوی سووتاون»بەداخەوە دوو كەسیش لەسنوری ناحیەكە برینداربوون».
هەفتەی رابردوو وەفدێك كەپێكهاتبوون لەئەندامانی پەرلەمانی عێراق و كۆمەڵێك لەپەرلەمانتارانی كوردستانی سەردانی قەزای ئامێدی و زاخۆیان كرد، ئامانج لەسەردانەكەیان نووسینەوەی راپۆرتێكی وردە لەسەر دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەو زیانەكانی بۆردومانەكانی توركیا.
لەبارەی داواكاری بەرپرسانی ناوچەكە بۆ وەفدەكەی عێراق و پەرلەمانی كوردستان، سەربەست سەبری وتی: «ئێمە زۆر بەڕوون و ئاشكرا بەوەفدەكەی پەرلەمانی عێراقمان وت پێویستە سەرۆك كۆماری عێراق بەپێی ماددەكانی (67) و (114) كەتایبەتن بەسەروەری عێراق و پاراستنی سنورەكان دەستەڵاتی خۆی بەكاربێنێت تاچیتر ناوچەكە بۆردوومان نەكرێت، نووسینی راپۆرت و بەدواداچوون بێت هیچ سوودی نیە، دەبێت شتێك بەكردەوە بكرێت، چونكە ناوچەكە وردە وردە چۆڵ دەبێت «.