شەفاعەتی سەرۆكی پەرلەمان؛ كەسوكاریانی گەیاندە سزادراوانی بادینان
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان و لیژنەی ناوخۆ شەفاعەتیان گەیاندە ئاسایشی هەولێر تاكەسوكاری سزادراوانی بادینان، لەزیندان چاویان پێیان بكەوێت، هاوسەری شێروان شێروانیش دەڵێت:» دوێنێ یەكشەممە سەردانیان كردوون و توانیومانە (10) خولەك بیانبینین».
ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و لیژنەی ناوخۆ لەگەڵ ئاسایشی هەولێر گفتوگۆیان كردووەو مۆڵەتیان بۆ وەرگرتین دوێنێ یەكشەممە سەردانی كەسوكارمان بكەین».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد لەئێستادا ئومێدیان زۆرە تانە لێدانەوەی دادگای پێداچوونەوە كە بە بڕیارەكەدا بچێتەوە، چونكە» بەڵگەكان زۆر جیاوازن و كارمان بۆیان كردووە».
نوێنەری زیندانییان جەختی لەوەشكردەوە لەئێستادا دەیانەوێت سزاكە هەڵبوەشێنرێتەوە، نایانەوێت تاهەتایە لەسەریان بمێنێت.
هاوسەری رۆژنامەنووس شێروان شێروانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد دوای چەندین مانگ دوێنێ یەكشەممە توانییان بۆ ماوەی (10) خولەك بچینە لایان.
روگەش جەباری هاوسەری رۆژنامەنوس شێروان شێروانی، وتیشی:» شێروان تەنیا وتی تۆ ئومێدت لەدەست مەدەو ئاگاداری منداڵەكان بەو ئێمەش چاوەڕێی ئەم تانە لێدانەی ئەمجارەین».
ئەمە دووەم جارە تانە لەبڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە بدرێت و پارێزەرانی زیندانیان ئاماژە بەوەدەدەن گەشبینن ئەمجارە ئەنجامی هەبێت و سزاكە هەڵبوەشێنرێتەوە.
بەشدار حەسەن پارێزەری سزادراوانی بادینان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئێمە راستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەكەمان داوەو چاوەڕوانی ئەوەین، چونكە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە لەگەڵ سزاكە ئەرزو ئاسمانی فەرقەو جیاوازە، بەڵگەكان یەكناگرنەوە، بۆیە پێویستە كاری لەسەربكرێت و چاوەڕێی ئەوەین».
ئەم پارێزەرە جەختی لەوەشكردەوە، دۆسیەكانیان بەوردی خوێندۆتەوەو فشارەكان زۆرن لەئێستادا بۆیە ئومێدیان زۆرە ئەنجامی هەبێت.
نیاز عەبدوڵڵا، رۆژنامەنوس پێیوابوو بەدەر لەم كەیسانە كەیسی تریشیان هەیە كە»لەلایەن هێزی دەمامگدارەوە فڕێندراون و بێسەروشوێن كراون، بۆیە بەتەواوی پێچەوانەی یاسایەو بڕیارەكان تەنیا حزبی و سیاسین و دورن لەبڕیارێكی دادپەروەریانە».