ترس؛ لەبردنی شوێنەوارەكانی بادینان هەیە

‌بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆك: ترسمان لەبردنی شوێنەوارەكانی ناوچەكانی شەڕی توركیاو پەكەكە هەیە

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

زیاتر لەمانگێكە شەڕ و بۆردوومانكردنی ناوچەكانی سنوری قەزای ئامێدی و زاخۆ  شەڕ تێیدا بەردەوامە ، بەو هۆیەوە سەدان دۆنم زەوی سوتان، لەئێستادا جگە لەداربڕین مەترسی دزینی شوێنەوارەكانی بادینانیشی هاتووەتە سەر

بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار لەپارێزگای دهۆك دەڵێت:» شەش تا حەوت ناوچەی شوێنەواری بەهۆی بۆردومان و سووتان زیانی پێگەیشتووە، بەتایبەت قەڵای قومری لەناوچەی هرور».

بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار لەپارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد ئەو شوێنەی كەشەڕ تێیدا بەردەوامە ناوچەی شاخاوییەو زۆرێك لەشوێنەواركان لەو ناوچەیەدان، وتیشی:»دەیان ئەشكەوتی كۆن ، ناوسك ، كڵێسە ، جگە لەمەش ئەو گوندانەی كەئێستا بۆردوومان دەكرێن بۆ ئێمە ناوچەی شوێنەوارین، چونكە لەو گوندانە مزگەوتێكی كۆن هەیە یان كڵێسایەك یان هەر شتێكی تر، بەهۆی شەڕی پەكەكەو توركیا زیان گەیشتووە بەژمارەیەك شوێنەواری ئێمە بەتایبەت لەناوچەی بەرواری باڵا».

ناوبراو وتیشی:» شەش تاحەوت ناوچەی شوێنەواری بەهۆی بۆردومان و سووتان زیانی پێگەیشتووە، بەتایبەت قەڵای قومری لەناوچەی هرور، جگە لەمەش هەندێك ئەشكەوتی شوێنەواری لەلایەن پەكەكەوە بەكاردەهێنرێن بۆ خۆپاراستن  و لەناو ئەو ئەشكەوتانە دەژین، ئێمە ترسێكی زۆرمان هەیە چۆن دارەكان بڕان، ئەوهاش شوێنەوارەكانی بادینان لەناوببرێن یان بدزرێن، لەسەر ئەم مەترسییە گەورەیە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار لەهەرێمی كوردستان و رێكخراوەكانی نیودەوڵەتیمان ئاگاداركردووەتەوە».

ئەو شوێنەوارانەی دەكەونە ناوچەی شەڕ لەچیای مەتین و چەندین شوێنی دیكەی ناوچەكە بۆ سەردەمی چاخی بەردین دەگەڕێتەوە، كە تەمەنیان لەنێوان (60 بۆ 90) هەزار ساڵ دەبێت، هەروەها بەشێكیان مێژوویان بۆ سەردەمی سۆمەری و بابلییەكان و دواتر بۆ سەردەمی مێژووی كۆنی كورد وەك سەردەمی میتانی و میدی و كاردۆخی لەزاگرۆس دەگەڕێتەوە .

كۆڤان ئیحسان، ڵێكوڵەرو شارەزا لەبواری شوێنەوار لەپارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» نزیكەی (20) شوێنی مێژوویی لەسنوری قەزای ئامێدی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، چونكە لەم شوێنانە شەڕی پەكەكەو توركیا دەكرێت، دڵنیام زیان بەو شوێنەوارانە كەوتووە ، ئەم (20) شوێنانە ، پردی كەون ، مەزارگا، قەڵا، رێگایەكانی كۆن و شوێنەواری، ئەشكەوت لەخۆدەگرێت.»

كۆڤان ئیسحان پێشیوابوو لەسەر ئەم (20) شوێنانە بەردەوام شەڕ لەنێوان توركیاو پەكەكە دەكرێت ، بۆیە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

ئەو شارەزایەی بواری شوێنەوار هێمای بۆ ئەوەشكرد «بەداخەوە پێش ماوەیەك مەرقەدی شێخ ئیسلام لەناوچەی گارە لەلایەن فرۆكەكانی توركیا تەقێنرایەوە، شێخ ئیسلام لەساڵی (486) هیجری كۆچی دوایی كردووە، هیچ كەسێك باسی ئەم رووداوەی نەكرد، سوپای توركیا كاتێك دەچێتە شوێنێك ناوچەكانی شوێنەواری وێران دەكات هەروەك لەعەفرین و كۆبانێ، بۆیە دەبێت هەموو كەسێك هەست بەبەرپرسیاری بكات لەبەرامبەر ئەم سامانە نەتەوەییە كە بەداخەوە لەئێستادا لەژێر مەترسی لەناوچوونە».

كۆڤان ئیحسان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە راپۆرتێكی بەزمانی ئینگلیزی ئامادە كردووە لەسەر شوێنەوارەكانی بادینان بەتایبەت ئەو شوێنەوارانەی كەئێستا لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندان، «بۆئەوەی فشارێكی نێودەوڵەتی لەسەر توركیا دروستبكەین، تا بەلایەنی كەمی شەڕ لەناوچەكانی شوێنەواری رابگریت».

«ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەسەر ئەم پرسە هەستیارە بێ دەنگن، حكومەتی هەرێم دەتوانێت شتێك بكات بۆ پاراستنی ناوچەكانی شوێنەواری، هیوادارم بەزووترین كات هەموو دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ ئەم پرسەیە بێنە سەرخەت تا بەدەردی دارەكان نەچێت»، كۆڤان ئیحسان وادەڵێت.

سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت:»ئەوانەی گلەیی دەكەن با فەرموون پێنج خولەك بچنە ئەو شوێنانە، ئەو ناوچانەی ئێستا شەڕی تێدایە لەدەرەوەی دەستەڵاتی ئێمەدایە».

رزگار سدقی، سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئێمە بێدەنگ نین و بەهیچ شێوەیەك ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بێدەنگ نین، بەڵام ئەو ناوچانەی كەئێستا شەڕی تێدا دەكرێت، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت بچێتە ئەو شوێنانە، ئەوانەی گلەیی دەكەن با فەرموون پێنج خولەك بچنە ئەو شوێنانە، ئەو ناوچانەی ئێستا شەڕی تێدایە».

رزگار سدقی ئەوەشی روونكردەوە كە بەدواداچوونیان كردووە بۆ پاراستنی شوێنەوارەكانی بادینان، وتیشی:»تەحەدا دەكەم یەك كەس دەستدرێژی بكاتە سەر شوێنەوارێك یان هەوڵی دزین بدات لەو ناوچانەی كە لەسنوری دەسەڵاتی ئێمەدایە رێگریمان كردووە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار