دۆسییەکەی دانەخراوە؛ نهێنییەكانی ئازادكردنی قاسم موسڵح
3 ساڵ لەمەوپێش
نامۆ سەربەست
ماوەیەك لەمەوبەر گرژییەكان لەنێوان حەشدی شەعبی و حكومەتی عێراقدا خەریك بوو بگاتە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی، ئەوەش بەهۆی دەستگیركردنی قاسم موسڵح، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی حەشد لەئەنبار، بەتۆمەتی تیرۆر. دواتر دیمەنەكە گۆڕاو قاسم بەهۆی «بەشنەكردنی بەڵگەكانەوە» وەك بەیاننامەكەی ئەنجومەنی دادوەری وتی، ئازادكرا.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو موسڵح ئازادكراو وێنەو ڤیدیۆكانی بڵاوبوونەوە كە لەشاری كەربەلا لەنێو كەژاوەی لایەنگرانیدا دەسوڕایەوەو هەندێكیان مەڕو حوشتریان لەبەرپێدا سەردەبڕی، لەولاشەوە دەركەوتەكانی گرژییەك لەنێوان حكومەت و ئەنجومەنی دادوەریدا دەركەوت، لانیكەم لەڕووی راگەیاندنەوە.
ئەنجومەنی دادوەری عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند:»ئازادكردنی موسڵح بەهۆی ئەوەوە بووە كەهیچ بەڵگەیەك نییە لەدژی».
دەشڵێت لەكاتی تاوانی كوشتنی چالاكوانی كەربەلایی، ئیهاب ئەلوەزنی، كەبریتییە لەئەو تاوانەی تۆمەتباركراوە بەئامادەكاریی بۆی، «موسڵح لەدەرەوەی عێراق بووە».
راشیگەیاندووە:»خێزانی ئەلوەزنی لەكاتی تۆماركردنی وتەكانیاندا هیچ بەڵگەیەكیان بەپێی یاسا لەو بارەیەوە پێشكەش نەكردووەو لایەنەكانی لێكۆڵینەوەش، وێڕای هەوڵە ناوازەكانیان، نەیانتوانیوە بەڵگە پێشكەش بكەن»، بەڵام سەرچاوەیەكی فەرمیی ئاگادار بەماڵپەڕی حوڕەی راگەیاند كە:»ئازادكردنی موسڵح لەئەنجامی فشاردا بووە بۆ سەر دادگا».
جەختیشی كردەوە كە:»حكومەت بەڵگەو تۆماری پێشكەشكردووە كەئیدانەی موسڵح دەكات، هەروەها دانپێدانانی موسڵح هەیە، بەڵام دادوەرەكە وایداناوە كەهەموو ئەوانە بەس نین».
سەرچاوەكە دەشڵێت:»سەیر لەوەدایە كەهەمان دادوەر فەرمانی دەستگیركردنەكەی دەركردووە، ئەگەر بەڵگەكان بەش ناكەن، بۆچی لەبنەڕەتەوە فەرمانەكەی دەركرد؟ حكومەت ئەركی خۆی بەجێهێناوە، بەڵام دەستی لەلایەن دادگاوە بەستراوە».
بەپێی ئەو سەرچاوەیە ئەو دادوەرەی ئازادی كردووە، سەر بەلیژنەی دژایەتی گەندەڵییە كەحكومەت پێكیهێناو ئەحمەد ئەبو رغیف بریكاری وەزارەتی ناوخۆ سەرۆكایەتی دەكات و بەلیژنەی ئەمری دیوانی ناسراوە.
سەرچاوەكە رەتیكردەوە دۆسیەكە كۆتایی هاتبێت و جەختیكردەوە كە:»حكومەت بەدوای بەڵگەو بەراوردی نوێدا دەگەڕێت».
بەڵام دانینا بەبوونی «تێكشكان» و «سەركەوتن» لەهەوڵەكانی حكومەتداو وتی:»هێشتا پیاوكوژەكانی وەك خانەی مەرگ و حسام ئەلئەزیرجاوی لەزینداندان و دادگا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكات».
سەرچاوەكە دەشڵێت:»ئەوەی روودەدات بەشێكە لەپرۆسەیەكی خۆدزینەوەی درێژخایەن و هەڵسوكەوتی گروپە چەكدارەكان بەڵگەیە بۆ قەبارەی ئەو فشارەی حكومەت خستوویەتییە سەریان و لەژێر فشارێكی زۆردان».
هاوكات سەرچاوەیەكی تر كە لەحكومەتی عێراقدا كاردەكات تەئكیدی كردەوە كە:»ئازادكردنی موسڵح بەهۆی بەشنەكردنی بەڵگەكانەوە، مانای كۆتایی هاتنی دۆسیەكە نییە، بەڵكو مانای ئەوەیە كە لەكاتێكدا حكومەت بەڵگەی نوێ بداتە دادگا، دەكرێت دۆسیەكە بكرێتەوەو حكومەتیش بەردەوامدەبێت لەلێكۆڵینەوە».
هەر لەوبارەیەشەوە، سەرچاوەیەكی تری حكومەتی عێراق لەلێدوانیكیدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس بەرپرسیاریەتی ئازادكردنەكەی خستە ئەستۆی دادگاو وتی:»لەلایەن خۆمانەوە وەك حكومەتی عێراقی، هەموو بەڵگەكانی تایبەت بەدۆسیەی موسڵحمان پێشكەشكرد، بەڵام دادگا بەهۆی ئەو فشارانەوە كەخرانە سەری، ئازادی كرد».
سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد كە بەڵگەكان:»پەیوەندیی تەلەفونیی لەنێوان موسڵح و جێبەجێكارانی تیرۆكردنەكەو وتەی شایەتحاڵەكان و كەسوكاری قوربانییەكان و نامەی هەڕەشە بۆ خێزانی قوربانییەكان لەخۆدەگرێت، كە دەیسەلمێنن موسڵح لەتیرۆركردنەكانەوە تێوەگلاوە، بەڵام دادگا دەڵێت بەڵگەی پێویستی نییە بۆ بەردەوامیی دەستبەسەركردنی موسڵح».
بڕیاری ئازادكردنی قاسم موسڵح هێندە لەناكاو بوو تەنانەت فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، كە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران وتی موسڵح لای ئەوان دەستبەسەرە، ئاگاداری ئازادكردنەكە نەبوون.
بەبەڵگەی ئەوەی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادكردنەكەیدا، ئاژانسی «ئەڵترا عێراق»ی ناوخۆیی پەیوەندی دەكات بەلیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندییەكەوە، بەڵام دەڵێت هیچی فەرمییان پێنەگەیشتووەو ئاگادار نییە. ئاژانسەكە دەڵێت دوای ماوەیەك خەفاجی تەلەفونی كردەووەو وتی بەڵێ بەبڕیاری دادگا ئازادكراوە.
ئاژانسی فرانس پرێس لەسەرچاوەیەكی حەشدی شەعبییەوە باسی لەئەوەكرد كە:»موسڵح بەچەند رۆژێك پێش ئازادكردنی لای حكومەت نەماوە، بەڵكو براوەتە بارەگای حەشدی شەعبی بۆ لێكۆڵینەوە».
دوای دەستگیركردنی سەرچاوەیەكی بەرپرسی حكومی بەماڵپەڕی حوڕەی راگەیاند كە: «موسڵح لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا، دانیناوە بەتێوەگلان لەئۆپراسیۆنەكانی كوشتنی چالاكوان و خۆپیشاندەراندا».
لەكاتێكدا ئەندامانی حەشدی شەعبی لایەنگری موسڵح، ڤیدیۆی پێشوازیلێكردنیان بەهوتافاتی ئاینییەوە بڵاودەكردەوە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕبوون لەڕەخنە و رەتكردنەوە بەرامبەر بڕیارەكە.
یەكێك لەو تۆمەتانەی ئاراستەی موسڵح كرابوو، هەڕەشەكردن بوو لەچالاكوانی دیاری كەربەلا، ئیهاب ئەلوەزنی، بەرلەوەی لەناوچەی ئەلمەدینەل قەدیمە، كەماڵی ئەوو موسڵحیشی لێیە، بكوژرێت.
دوای كوژرانیشی دایكی ئیهاب بەئاشكرا لەشاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە وتی كەهەڕەشەی لەكوڕەكەی كردووەو وتوویەتی دەتكوژم.