لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق: پێدانی 200 ملیار دینار بە هەرێمی کوردستان نایاساییە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى ‌

به‌شێک  لە ئه‌ندامانی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێدانی 200 ملیار دیناری مانگانە بەهەرێمی كوردستان "نایاساییە" و پێچەوانەی یاسای بودجەیە.  

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ى حوزه‌یرانى 2021، لیژنەی دەستپاكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  لەبەیاننامەیەكدا داوای لە داواكاری گشتی كردووە رێكاری یاسایی دژ بەحكومەتی مستەفا كازمی بگرێتە بەر ئەگەر بەغدا مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات. 

 لیژنەی دەستپاكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، هۆشداریدەداتە حكومەت و بانكی ناوەندی كە ئەو "هەنگاوە" نەنێن. شەوی رابردوو بڕیاردرا دوای وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان نایاساییە و پێچەوانەی ماددەی 11ـی بودجەی 2021ـە".

لە راگەیاندراوەکەی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەماندا هاتووە، "هۆشداریی بە پەرلەمان و بانکی ناوەندی دەدەین ئەو هەنگاوە نایاساییە نەنێن".

وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە 200 ملیار دینار بۆ پێدانی شایستەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات، ئەمەش دوای تەواوبوونی وردبینیکردنی داتاکانی تایبەت بە داهاتی نانەوتی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان.

رۆژی چوارشەممە 31ی ئاداری 2021 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بەگشتی دەنگی لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق دا، یەکێک لەو ماددانەش کە لە ماوەی رابردوودا کێشەی لەسەربوو، ماددەی 11 بوو لە پرۆژەیاسای بودجە، کە تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا بە کۆی دەنگ پەسندکرا، هەندێک لە ماددەکانیش هەموارکرانەوە.

بەپێی ماددەی 11ـی یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی خۆی بەرهەمبهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات، هاوکات دەبێت هەرێمی کوردستان 50%ـی داهاتی نانەوتیی خۆی رادەستی بەغدا بکات، ئەوکات حکومەتی عێراق بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت، کە پێشبینی دەکرێت تێکڕا بگاتە زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار.

لە هەرێمی کوردستاندا 1 ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار