‌ "مه‌ترسى له‌سه‌ر ناردنى 200 ملیار دیناره‌که‌ ئاشکرا ده‌کرێت"

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی مەترسیەک لەسەر ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم ئاشکرا دەکات و رایگه‌یاند وەزیری دارایی عێراق کە دەبێت ئەو واژۆ لە تەمویلکردن بدات، هەتا پێش کۆبونەوەکە وتویەتی، "من لەدەرەوەی یاسای بودجە پارە نانێرم و دەبێت هەرێم فەقەرەکانی تایبەت بەمادەی 11 جێبەجێ بکات و بەجێبەجێکردنیشی هەرێم دەبێت 100 ملیار بداتە بەغدا".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ى حوزه‌یرانى 2021، بەختیار شاوەیس، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاندراوێکی بەناونیشانی "بریاری ناردنی 200 ملیارەکە چۆن بو؟" بڵاوکردەوە".

دوێنێ لەدوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڵاوکرایەوە کە مانگانە 200 ملیار بۆهەرێم دەنێرن، لەراگەیاندنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەمە باس نەکراوە، خۆی هەر باس نەکردنی ئەوەی پارە بۆ هەرێم دێت لە بەیانەکەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران جێگەی سەرسورمان و پرسیارە".

وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەشکردوە، عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق کە دەبێت ئەو واژۆ لە تەمویلکردن بدات، هەتا پێش کۆبونەوەکە وتویەتی، "من لەدەرەوەی یاسای بودجە پارە نانێرم و دەبێت هەرێم فەقەرەکانی تایبەت بەمادەی 11 جێبەجێ بکات و بەجێبەجێکردنیشی هەرێم دەبێت 100 ملیار بداتە بەغدا (بۆ ریش چون سمێڵیان دانا) چونکە نرخی نەوت بەرزە و داهاتی 250 هەزار بەرمیل و تەسلیمکردنی نیوەی داهاتی نانەوتی بەقەولی عەلاوی هەر وادەکات".

بەختیار شاوەیس باسی لەوەشکردوە، "دواتر وەک بەشداربویەکی کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆی باسکردم، بەبێ دەنگدانی وەزیری دارایی لەئەنجومەنی وەزیران دەنگدراوە بەناردنی 200 ملیار دینار مانگانە، هەتا ئەوکاتەی کەهەرێم فەقەرەکانی یاسای بودجە جێبەجێ دەکات، بەشێوەی مقاسە بدرێ و دواتر حەق و حساب بکەن، بەڵام چۆن بوو کازمی و ئەنجومەنی وەزیران بەبێ دەنگدانی وەزیری دارایی ئەم دەنگەیاندا؟، سائیرون و کازمی پەلەپروزەی هەڵبژاردنی پێشوەختیانە، بەحساب نایانەوێ کێشەیان هەبێ و بۆ ئەمە چاوپۆشی دەکەن".

رونیشیکردەوە، "گوشاری سیاسی لەماوەی رابردو لەسەر بەغدا چڕکرایەوە، پەیامی هاوسەرۆک شێخ لاهور وەک تەواوکەری سەردانی وەفدی باڵای یەکێتیی بەسەرۆکایەتی هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی لەهەفتەی پێشتر بۆ بەغداد نمونەی گوشارەکانن، بەڵام لەمانەش گرنگتر بەردەوامی ئەم گوشارە سیاسیانەیە بۆ نەهێشتنی لێبڕینی موچە، چونکە بەپێی لێدوانی قسەکەری حکومەت، بۆ ئەوەی لێبڕینی موچە نەمێنێت پێویستیان بە 180 ملیار دینارە، واتە لەئەگەری هاتنی 200 ملیارەکەی بەغدا، ئیتر پاساوی لێبرینی موچە نامێنێ".

بەختیار شاوەیس دەشڵێت، "کۆسپی ناردنی ئەم برە پارەیە وەزیری دارایی دەبێت، چونکە بەپێی یاسا تەنها عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عیراق دەتوانێ ئیمزای ناردنی پارەکە بکات و دەنگی بەبریارەکە نەداوە لەکۆبونەوەی دوێنێ، هەروەها کاردانەوەی هەندێک پەرلەمانتاری عیراق ئەوانەی کە لەیاسای قەرزدا کازمی یان وەستاند رەنگە کۆسپێکی دیکە بێت، بەلای ئێمەوە گرنگ هاتنی پارەکەو گرنگتر نەمانی لێبڕینی موچەیە، هەندێک خەڵکیش چۆن لەهەڵوێست و گوشارەکانمان تێدەگات، ئەوا ویژدانی خۆمان لەهەمو شتێک گرنگترە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار