چین تیمێکی بۆ سێ مانگ ناردە بۆشایی ئاسمان

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

حکومەتی چین، سێ کەشتیوانی بە کەپسوولی شینزو 12 و لەڕێگەی کەشتی ئاسمانی لۆنگ مارچ تو ئێف-ەوە ناردووەتە بۆشایی ئاسمان.

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی بۆشایی ئاسمانی چین، ئەو سێ کەشتیوانە دەچنە وێستگەی ئاسمانی چینی لە بۆشایی ئاسمانی بەناوی ویستگەی "تیانهی" و بۆ ماوەی 3 مانگ لەوێ دەمێننەوە.

کەشتییە ئاسمانییەکەی چین لە کاتژمێر 4:22 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-06-2021 بەرەو ئاسمان هەڵدرا و بە سەرکەوتوویی گەشتەکەی دەستپێکرد و دەچێتە وێستگەی ئاسمانیی تیناهی کە لە 29ـی مانگی نیسانی 2021دا حکومەتی چین دامەزراندنی لە بۆشایی ئاسمان راگەیاند. 

بەم هەوڵە نوێیەی چین کارەکانی لە بۆشایی ئاسماندا فراوانتر کرد و لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا چین توانی بەرد و خاک لە مانگەوە بیێنێتەوە بۆ سەر زەوی و هەروەها رۆبۆتێکی شەش ویلی تایبەت بە توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانیش ناردە سەر مەریخ، لە ماوەی شەش مانگدا ئەمە سێیەمین سەرکەوتنی چینە لە بواری بۆشایی ئاسماندا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار