پارێزگاری سلێمانی: پێشوازی هەر بڕیارێک دەکەین بۆ دابەزینی نرخی بەنزین
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، پرسی نرخی سوتەمەنی و بەنزین لەدەسەڵاتی حکومەتە خۆجێیەکاندا نیە و پەیوەندی هەیە بە بازاری نێودەوڵەتی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، جەختیش دەکاتەوە هەر پێشنیازێکی یاسایی ، زانستی و کارگێڕی بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین هەبێت پشتیوانی دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشهممه 17ی حوزهیرانی 2021، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێکدا بەرۆژنامەنوسانی رایگەیاند، پرسی سوتەمەنی و بەنزین لەلای حکومەتە خۆجێیەکان نیە و هەرچارەسەر و بڕیارێکیش لەم بارەیەوە لەدەستی بازاری نێودەوڵەتی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا دایە.
لەبارەی لێدوانی چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش لەبارەی دۆزینەوەی میکانیزمی هێنانی بەنزین بەنرخێکی هەرزانتر، پارێزگاری سلێمانی وتی، "هەر رێکارێک یاسایی نەبێت ناتوانین قبوڵ بکەین، ناتوانین ئۆکتانی خوار 92 داخڵ بکەین لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبێلی خەڵک دەسوتێت و ماڵی خەڵک وێنران دەبێت، بۆیە هەر رێکارێکی یاسایی و زانستی و کارگێڕی هەبێت بەدڵنیاییەوە ئێمە پشتیوانی دەکەین".
ئەمڕۆ نرخی بەنزین لەبەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر لیترێک بەم شێوەیە بو؛ بەنزینی نۆرماڵ یەک لیتر بە 700 دینارە، بەنزینی موحەسەن یەک لیتر بە 750 دینارە، بەنزینی سوپەر یەک لیتر بە 850 دینارە.
