مەسرور بارزانی: دڵنیابن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن به‌ڵێنی خۆیه‌تی

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی كراوه‌، بۆ ناردنی بودجه‌ی كوردستان هه‌نگاوێكی باش ده‌بێت، بۆ زیاتر په‌ره‌پێدان به‌ ئابوری كوردستان و دابینكردنی خه‌ڵكی كوردستان و دەشلێت" دڵنیابن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن به‌ڵێنی خۆیه‌تی"

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ی حوزه‌یرانی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی کارگەی جوتیار بۆ بەرهەمهێنانی فینگەر لە پەتاتە، لە ناحیەی روڤیای سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك رایگەیاند، ئه‌و جوتیاره‌ی په‌تاته‌ یان گه‌نم ده‌چێنێت پێویسته‌ له‌ به‌رهه‌می خۆی دڵنیا بێت كه‌ ساخ ده‌بێته‌وه‌، به‌رنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌بو كه‌ هیچ نیگه‌رانییه‌ك له‌ لای جوتیاران نه‌مێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئه‌م جۆره‌ پڕۆژانە بێگومان گه‌لێك گرنگ و ستراتیژینه‌، بۆ پشتیوانیكردنی كه‌رتی كشتوكاڵی و پێشخستنی ئابوری هه‌رێمی كوردستان، جێگه‌ی خۆیەتی‌ سوپاسێكی تایبه‌تی كۆمپانیای جێبه‌جێکار بكه‌م، كه‌ ده‌ستی به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ كردوه‌ به‌ پشتیوانی شانشینی هۆڵه‌ندا، جێگه‌ی رێز و پێزانینی ئێمه‌یه‌".

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، "پار كه‌ سه‌ردانی هۆڵەندام كرد و لە دیدارێكماندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا، مارك روته‌ باسمان له‌ پشتیوانی به‌رنامه‌ی چاكسازی هه‌رێمی كوردستان و پێشخستنی ئابوری كوردستان کرد، به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ به‌ پیر داواكه‌ی ئێمه‌وه‌ هاتن و هه‌مو ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا بۆ ئه‌وه‌ پشتیوان و هاریكار بن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌رتی كشتوكاڵ به‌تایبه‌ت و هه‌مو كه‌رته‌كان به‌ره‌و پێش بچن".

ئەوەشی خستەڕو، "هه‌مو ده‌زانین كه‌ كه‌رتی كشتوكاڵ یه‌كێكه‌ له‌ بناغه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێشخستنی ئابوری هه‌ر وڵاتێك، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك داده‌مه‌زرێت ده‌بێته‌ هۆكار بۆ چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ی پیشه‌سازی، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ردی بناغه‌ی داده‌نرێت، بیستمان كه‌ هه‌زاران ده‌رفه‌تی كار بۆ جوتیار و كرێكاری ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ و پارێزگایه‌ ده‌ڕه‌خسێنێت".

مەسرور بارزانی وتیشی، "داواكاری من له‌ جوتیارانی خۆشه‌ویست ئه‌وه‌یه‌ گرنگی به‌ جۆری به‌رهه‌می خۆیان بده‌ن، ده‌مانه‌وێت كوردستان به‌ جۆری به‌رهه‌مه‌كه‌ی بناسرێت، كه‌ ئه‌و تام و چێژه‌ی له‌ به‌رهه‌می كوردستان هه‌یه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ بزانێت و ببێته‌ هێمایه‌كی بازرگانی كه‌ له‌ دره‌وه‌ بفرۆشرێت".

لەبارەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا، مەسرور بارزانی وتی، "رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی كراوه‌، بۆ ناردنی بودجه‌ی كوردستان هه‌نگاوێكی باش ده‌بێت، بۆ زیاتر په‌ره‌پێدان به‌ ئابوری كوردستان و دابینكردنی خه‌ڵكی كوردستان و له‌وانه‌ش، موچه‌ی خه‌ڵك، حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ پێشخستنی باری ژیانی هه‌مو هاوڵاتییان له‌ هه‌مو ئاسته‌كان، من له‌و باوه‌ڕه‌دام مادام ئێستا له‌ كوردستان كه‌شێكی وا له‌ ئارادایه‌ بتوانین باری ئابوری به‌ره‌و پێش ببه‌ین، هیوادارم حكومه‌تی فیدراڵیش به‌ره‌و پیری داخوازی هه‌رێم بێت و بازاڕی عێراقیش به‌روی به‌رهه‌می هه‌رێم بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی باشتربونی ئابوری عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشت

هەروەها وتیشی، "ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست دێن، بێگومان سود و قازانجی بۆ هه‌مو خه‌ڵكی عێراق ده‌بێت، جارێكی دیكه‌ ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موان ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنان بۆ ده‌خوازم".

مەسرور بارزانی ئەوەشی وت، "دڵنیابن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن به‌ڵێنی خۆیه‌تی، پێش ئێستا باسی ئه‌وه‌مان كرد ده‌رفه‌تی كار بۆ خه‌ڵكی خۆمان بڕه‌خسێنین و به‌ پشتیوانیكردنی كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی هاوبه‌ش و هاریكاری دۆست و وڵاتانی دۆست هه‌زاران هه‌لیكار بۆ خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌ڕه‌خسنێرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار