"پارەكەی بەغدا پێش 25ی مانگ بگات لێبڕینی مووچە نامێنێت"
3 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەحكومەتی هەرێم ئەوەی بۆ هاوڵاتى دووپاتكردەوە» )200( ملیار دینارەكەی بەغدا پێش )25(ی مانگ بگات بڕیار لەبارەی لێبڕینی موچەوە دەدرێت ئەگەر سویلەی (895) ملیار دینار كە بۆ موچەی مانگێك پێویستە لەبەردەست بێت بەدڵنیایی لێبڕین نامێنێت».
پرسی ناردنی (200) ملیار دینار لەبەغداوە بووەتە شرۆڤەو قسەو باسی هەمووان، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش چاوەڕێیە عێراق لەم هەفتەیەدا ئەو بڕە بنێرێت تا بڕیارێك لەبارەی كۆتایی پێهێنان یان بەردەوامی لێبڕینی لەسەدا 21%ی موچە بدات.
لێبڕینی لەسەدا 21%ی موچە ماوەی حەوت مانگە بەردەوامەو ئەوەش موچەخۆرانی نیگەران كردووە كە سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بۆ سەروو (73) دۆلارو زیادبوونی داهاتەكانی ناوخۆ حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە لێبڕینی موچەكانیان.
وەفدی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لەدوایین سەردانیدا بۆ بەغداو گفتوگۆكانی لەگەڵ حكومەتەكەی كازمی بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 11ی یاسای بودجەی عێراق گفتوگۆی چڕیان ئەنجامدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری كۆمپانیای سۆمۆی عێراق و چەندین بەرپرسی دیكەی پەیوەندیدار، دواجار سێشەممەی هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا مانگانە بڕی (200) ملیار دینار بۆ هەرێم رەوانە بكرێت.
دوابەدوای بڕیارەكەی حكومەتەكەی كازمی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ مستەفا كازمی ئەنجامداو تێیدا ئەوەی خستەڕوو كە ناردنی (200) ملیار دیناری مانگانە ئەسەری رەجعی دەبێت، واتا لەمانگی یەكی ئەمساڵ تاكۆتایی ئەم مانگانە بەغدا دەبێت ترلیۆنێك و (200) ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى كە لەناوەندی بڕیاری حكومەتی هەرێم دەستی كەوتووە لەدوو رۆژی رابردوودا لەناو حكومەتی هەرێم گفتوگۆ لەسەر ناردنی ئەو بڕە كە (200) ملیار دیناری مانگانەیە كراوەو ئەوە دووپاتكراوەتەوە ئەگەر بەغدا پێش (25)ی ئەم مانگە كە دابەشكردنی موچە لەهەرێم دەستپێدەكات رەوانە بكرێت و سویلەی (895) ملیار دینار لەبەردەست حكومەتی هەرێمدا بێت لەگەڵ داهاتەكانی نەوت و ناوخۆ بڕیار لەسەر نەهێشتنی لێبڕینی موچە دەدات.
هاوكات، سەرچاوەیەك لەحكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەمیكانیزمی چۆنیەتی ناردنی ئەو (200) ملیار دینارە كردو وتی:»ئالیەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا بەو شێوەیەیە كە بەنووسراوێك بەواژۆی مستەفا كازمی یان ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنووسرێت لەبەرواری 1\1\2021 تا 30\6\2021 بڕی ترلیۆنێك و (200) ملیار دینار كەمانگانە (200) ملیار دینار دەكات بنێردرێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاراستەی وەزیری دارایی عێراق دەكرێت».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد ئیتر ئەوە دەكەوێتە ئەستۆی وەزیری دارایی كە ئایا ئەو گوژمەیە بەیەكەوە دەنێرێت ئەگەر سویلەی لەبەردەستدا بێت یان بەشێوازێكی دیكە دەبێت، وتیشی:» ناردنی ئەو بڕە بەسولفە دەنێردرێت یان بەشێوازێكی دیكە لەدەسەڵاتی وەزیری دارایدایە».
هاوكات وتیشی:» هەفتەی رابردوو كات كەم بووەو كاری لەسەر نەكراوە، بۆیە وەكو حكومەتی هەرێم تەسەور دەكەین ئەگەر كتابەكە بكرێت بۆ وەزارەتی دارایی ئەم هەفتەیە ئەو بڕە بگاتە هەرێم و چاوەڕێین».
ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» ئەگەر فشاری شەقام و حزب و پەرلەمان و ستافی حزب لەناو حكومەت نەبێت، حكومەتی هەرێم نییەتی نییە لێبرینی موچە كۆتایی پێبهێنێت».
دابان محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» حكومەتی هەرێم هەر بەداهاتەكانی ناوخۆو نەوت و چاكسازی كردن كەهەوڵێكی زۆر دراو لەبەر بەرژەوەندی حزب جێبەجێ ناكرێت بەئاسانی دەتوانێت لێبڕینی موچە نەهێڵێت، بەڵام مەبەستیان نییە».
ناوبراو باسی لەوەشكرد ئەگەر بەغدا (200) ملیار دینارەكەش بنێرێت، بەڵام فشاری شەقام و پەرلەمان و حزب و سیاسییەكان و ستافی حزب لەناو حكومەت دروست نەبێت، حكومەتی هەرێم نایەوێت لێبڕینی موچە كۆتایی پێبهێنێت.
دابان محەمەد وتیشی:» وەك چۆن پێشتر حكومەتی هەرێم خۆیان باسیان دەكرد كە بۆ موچە قەرزیان كردووە، دەتوانن و دەزانن كە بەغدا (200) ملیار دینار دەنێرێت ئەمڕۆ بڕیار بدەن تائەو بڕە پارەیە لەعێراقەوە دێت قەرز بكەن و موچەی تەواو بەبێ لێبڕین دابەش بكەن».
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» بەناردنی (200) ملیار دینارەكەش حكومەت ناتوانێت لێبڕینی موچە كۆتایی پێبهێنێت».
هێڤیدار ئەحمەد، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:»وەكو فراكسیۆنی پارتی داوامانكردووەو (65) پەرلەمانتار لەفراكسیۆنەكانی پارتی و گۆڕان و یەكێتی واژۆیان كردووە كەحكومەتی هەرێمی كوردستان بێتەوە پەرلەمان كە بەحزوری ئەوان كۆبوونەوە بكرێت لەسەر ئەو لێبڕینە».
ناوبراو باسی لەوەكرد كەحكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (895) ملیار دینار هەیە كە بێ لێبڕین موچە دابەش بكات، بەڵام لەئێستادا كە لێبڕینی لەسەدا 21%ی موچە هەبووە، بڕی (502) ملیۆن دۆلار كە دەكاتە (730) ملیار دینار خەرج دەكات بۆ موچە، وتیشی:»ئەگەر ئەوەی عێراق بەكاملی بێت كە (200) ملیار بێت، كە (10 بۆ 20) ملیار دیناری لێ دەڕوات بۆ قەرزدانەوەی بانكی TBI، ئەوكاتە هێشتا بەشی دابینكردنی موچە بەتەواوەتی ناكات».
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت:» حكومەتی هەرێم خۆشی موەفەق نەبووە لەگەیاندنی پەیامەكەی لەپرسی موچەدا».
هێڤیدار ئەوەشی روونكردەوە كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەپەرلەمان پێی راگەیاندوون كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم خۆی لەنزیكەوە چاودێریی مەلەفی موچە دەكات.