سەرەڕای فشارەكان؛ توركیا واز لەهەرێمی كوردستان ناهێنێت

فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی توركیا لەكاتژمێر سێی دوانیوەڕۆوە بەسەر ئاسمانی گوندەكەی شارباژێردا سووڕاوەتەوەو چاودێری كردووە

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

بۆردومانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی توركیا لەشارباژێر «ترسی» لەناو دانیشتوانی گوندەكان دروستكردووەو داوا دەكەن پارێزگارییان لێبكرێت.

سەرلەئێوارەی رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە كاتژمێر (6:40) خولەك، بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان توركیا بۆردومانی گوندی گەڵاڵەی سەر بەقەزای شارباژێری كردو تێیدا دوو گەریلا شەهیدبوون و یەكێكی دیكە برینداربوو.

قایمقامی قەزای ماوەت رایگەیاند فڕۆكەكانی توركیا ناوەڕاستی گوندی گەڵاڵەیان بۆردومان كردووەو ئوتۆمبێلێكی گەریلایان كردۆتە ئامانج كەگەریلای تێدا بووەو دوانیان شەهیدبوون و یەكێكیان بریندارە.

سوپای توركیا سەرەڕای داگیركارییەكانی لەسنوری بادینان و بڕینەوەی دارەكان و بردنیان بۆ وڵاتەكەی، بەردەوام بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەشوێن گەریلاكانەوەیەو دەیانەوێت لەو رێگەیەوە چالاكییەكانیان بەرانبەر سوپاكەیان لەباكورو باشووری كوردستان رابگرن یان كەمی بكەنەوە، بەڵام پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە بۆ پاراستنی خاك و گەلی كورد لەباشوور بەردەوام دەبن لە «بەرخودان» دژی سوپای توركیاو داگیركارییەكانی.

فڕۆكەكەی توركیا رۆژی شەممە، لەكاتژمێر 3ی ئێوارەوە بەئاسمانی ناوچەی گوندی گەڵاڵەدا سوڕاوەتەوەو تاكاتژمێر (6:30) خولەك ئەوكات موشەكەكەی هاویشتووە.

ژاكاو كمال، تەمەن 33ساڵ، دایكی چوار منداڵەو باس لەكاتی پێش رووداوەكە دەكات كەهاوسەرەكەی لەكار دەگەڕێتەوە.

ژاكاو بۆ هاوڵاتى باسی لەوەكرد كە فڕۆكەی توركیا بەسەر سەرمانەوە دەسوڕایەوەو ترسمان هەبوو ئێمەو مناڵەكان لەناوبچین».

ژاكاو ئەوەشی باسكرد هاوسەرەكەی پێشمەرگەیەو بەبنەماڵە سەر بەحزبی پارتین، وتیی:» بەگەریلاكانم وت كەدووربكەونەوە لەماڵەكەیان، بەڵام گەراجەكەیان و ئوتۆمبێلەكەیان زیانی بەركەوتووە... من ماڵ و حاڵم رۆیشت و زیانێكی زۆرم بەركەوت كە كەس نەبووە تائێستا لام لێبكاتەوە».

بۆردومانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی توركیا لەگەراجێكی ماڵێكی داوە كەتێیدا سێ گەریلای ژنی تێدا بووە.

حوسێن قادر یەكێكی دیكەیە لەدانیشتوانی گوندی گەڵاڵە دەڵێت ئەو ئوتۆمبێلەی كە گەریلای تێدابووە هەڵبەت GPSی لێبەستراوە، بۆیە فڕۆكەكە پێكاویەتی.

حسێن قادر، دانیشتووی گوندی گەڵاڵەی سەر بەقەزای ماوەت لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئوتۆمبێلێكی پیكاپ كە لەقامیشەوە هاتووە لەناو گوندی گەڵاڵە لەناو گەراجێكدا لەلایەن فڕۆكەكانی توركیا بۆرودمان كراو بەو هۆیەوە دوو گەریلا كوژراون و یەكێك برینداربوو».

ناوبراو وتیشی:» ئوتۆمبێلەكە لەناو ماڵەكانی گوندەكەدا بووەو بەساروخێكی فڕۆكەکە لێی داون، بەڵام هیچ كەسێكی گوندی گەڵاڵە زەرەری بەرنەكەوت».

حسێن قادر، جەختی لەوەكردەوە كەگەریلاكان لەهاتنیان بەرەو ناو گوندەكە ئامانجیان ئەوەبووە كە فڕۆكەی توركیا لێیان نەدات، ئەگینا دەیانتوانی خۆیان بشارنەوە یاخود بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان».

ئەم هاووڵاتییە، باسی لەوەشكرد بریندارەكە تادرەنگانی شەو لەگوندەكەدا ماوەتەوەو خەڵكی گوندەكە ئاگاداری بوون، دواتر پزیشكیان بۆ هێنا لەگوندەكەدا نەمان.

هاوكات رێژنە دێهاتی، كچێكی گوندی گەڵاڵەیەو هەر لەگەڵ بۆردومانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی توركیا بۆ لادێكەی ڤیدیۆو وێنەی بۆردومانەكەی بڵاوكردەوەو لەسۆشیال میدیا دەنگدانەوەی هەبوو.

رێژنە دێهاتی، لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» بەداخەوە رووداوێكی زۆر ناخۆش گوندەكەمانی گرتەوە كەخەڵكەكە تا بەرەبەیان نەیانتوانی چاو لێكبنێن و ئۆقرە بگرن لەتاو ترسی ماڵ و منداڵ و دووبارە بۆردومانكردنیان».

هەروەها دێهاتی ئەوەشی خستەڕوو كە ئەمە بۆ كێ گرنگەو كێ لێیان دەپرسێتەوە ئەگەر (10) كەسی ناو گوندەكەش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستبدایە كە دوو جار ناوەڕاستی گوندەكەیان بۆردومان كراوە.

 ئەو كچە بەهیواوە قسەی بۆ هاوڵاتى كردو وتی:» تازە شوێنێكم دروستكردووە تاكو بەرهەمی گوندەكەمانی تێدا كۆبكەمەوەو ساغیان بكەمەوەو گوندەكە بەرەو نوێبوونەوە بەرم، ئێمە ئاوەدانیی دەكەین، ئەوان وێرانی دەكەن، ئێمە هیوا دروستدەكەین، توركیا هیوامان ناهێڵن».

قایمقامی قەزای ماوەت ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەخەڵكی گوندەكان شڵەژاون و ترسێكی زۆر لەناو گوندی گەڵاڵە بەتایبەت دروست بووە.

كامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت، دوێنێ یەكشەممە سەردانی گوندی گەڵالەی كردو لەلێدوانێكدا بە وت:» بەڕاستی بۆ خەڵكی گوندەكە بارودۆخێكی زۆر ناخۆش بوو، خەڵكەكە هەموو شڵەژاوەو ترسێكی زۆری لەناو گوندەكە بڵاوكردووەتەوە».

ناوبراو ئەوەشی روونكردەوە كەتەنیا داواكاری ئەوان پاراستنیانەو ئەوانیش وەك ئەركی كارگێڕی خۆیان دەیگەیەننە پارێزگاری شارەكە «ئێستا لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەوەی ئەو ماڵەی گەراجەكەیان بۆردومان كراوە قەرەبوو بكرێنەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار