ئوتومبێلی ئاگركوژێنەوەكەی كەمپی شاریا لەكاركەوتووە

ئاگركەوتنەوەی كەمپی شاریا: ئوتویەك ئیشی كردووەو نەكوژاوەتەوەو ئەو رووداوەی لێكەوتووەتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز.دهۆك

پاش تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر ئاگركەوتنەوەكەی كەمپی شاریا، بەرپرسانی كەمپەكە دەڵێن ئوتویەكی جل ئیشی كردووەو نەكوژاوەتەوەو ئەو رووداوەی لێكەوتووەتەوە، دوای رووداوەكە پەیوەندی كراوە بەبەرپرسانی كەمپەكەوە، بەڵام وتوویانە:» ئوتومبێلی ئاگركوژێنەوەكەی كەمپی شاریا لەكاركەوتووە».

رۆژی 4ی حوزەیرانی 2021 ئاگرێكی گەورە لەكەمپی شاریای ئاوارە ئێزدییەكان دەكەوێتەوە، بەو هۆیەیەوە (280) خێمە سووتان و (136) خێزانیش هەموو كەلوپەلەكانیان بەهۆی ئاگرەكەوە لەناوچووەو (90) خێزانی دیكە كەلوپەلەكانیشیان سووتان .

سینو بەشار، خەڵكی شەنگالەو ماوەی حەوت ساڵە لەكەمپی شاریا نیشتەجێیە، بەهۆی ئاگرەكەی كەمپەكەوە هەموو كەلوپەلەكانی سووتاون وەك خۆی دەڵێت:»حەوت ساڵە بەكرێكاری و هەزاران ناخۆشی كۆمەڵێك كەلوپەلی ناوماڵم كڕی، بەڵام لە رۆژی 4ی حوزەیران لەماوەی چەند خولەكێكدا هەموویان سووتان ، هیچ شتێكمان نەماوە، تەنیا توانیمان گیانی خۆمان لەئاگرەکە پاراست».

ژنانی داعش لەكەمپی هوڵی رۆژئاوا گەڕانەوە ناوچەكانی خۆیان و هێشتا ئێمە لەناو خێمەداین ، تاكە داواكاریمان ئەوەیە هەموولایەك هاوكاریمان بكات بگەڕێینەوە زێدی خۆمان  تا بەیەكجاری لەو هەموو ناخۆشییە رزگاربین، رۆژێك ئاگر بەردەبێتە كەمپ، رۆژێك تووشی كێشەیەكی تر دەبین، بێزاربووین لەژیانی كەمپ، بەسە دەمانەوێت بگەڕێینەوە

 

سینو بەشار ئاماژەی بەوەشكرد كەلوپەلەكانی بە بەهای هەشت ملێون دینار بووەوو بڕێك پارەشی هەبووەو هەموویان سووتاون، وتیشی:»یەك ئۆتۆمبێلی ئاگركوژانەوە لەناو كەمپدا بوو لەكاتی رووداوەكە تەلەفونمان بۆ بەڕێوەبەری كەمپ كرد، وتی ئۆتۆمبێلەكە لەكاركەوتووە، دوایی تەلەفونمان بۆ بەرگری شارستانی دهۆك كرد تائەوان هاتن ئاگرەكە زۆر گەورەبوو تاگەیشتنە ئەوەی نزیكەی (300) خێوەت بسووتێت».

«ژنانی داعش لەكەمپی هوڵی رۆژئاوا گەڕانەوە ناوچەكانی خۆیان و هێشتا ئێمە لەناو خێمەداین ، تاكە داواكاریمان ئەوەیە هەموولایەك هاوكاریمان بكات بگەڕێینەوە زێدی خۆمان  تا بەیەكجاری لەو هەموو ناخۆشییە رزگاربین، رۆژێك ئاگر بەردەبێتە كەمپ، رۆژێك تووشی كێشەیەكی تر دەبین، بێزاربووین لەژیانی كەمپ، بەسە دەمانەوێت بگەڕێینەوە»، سینو بەشار وای وت.

كەمپی شاریا بەدووری (20) كم لەناوەندی دهۆكەوە دوورە ، دوو هەزارو (500) خێزان لێی دەژین ، لەو ژمارەیە (187) خێزانیان خێمەكانیان بەتەواوی پێداویستییەكانەوە سووتاون، بەشێك لەو خێزانانە دوو یان سێ خێمەیان هەبووە .

بەڕێوەبەری نوێی كەمپی شاریا ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە لەدوای رووداوی ئاگركەوتنەوەكە پەیوەندی كراوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رووداوەكە، بەڵام ئوتومبێلی ئاگركوژێنەوەكە لەكاركەوتووە.

هەكار موحەمەد ، بەڕێوەبەری كەمپی شاریا لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئاگرەكە بەهۆی شۆرتی كارەبا بووە، بەهۆی نزیكی خێوەتەكان لەیەكترو هاتنی هەوا لەكاتی رووداوەكە ، ئاگرەكە زوو بڵاوبووەوە، ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە لەكەمپ هەبووە، بەڵام لەكاركەوتبوو، دوای ئەوە ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە لەدهۆك و چەند ناوچەیەكی تر هاتوون بۆ كونتروڵكردنەوەی رووداوەكە».

هەروەها ناوبراو باسی لەوەشكرد بەهۆی ئاگرەكەی 4ی حوەزیران (288) خێوەت بەتەواوی سووتان، جگە لەمەش (99) خێوەتی تر بەشێكیان سووتان و كۆی گشتی خێوەتەكان دەگاتە (387) خێوەتی ئاوارەكان و ئەوانەشی زیانیان پێگەیشتووە (187) سەرۆك خێزانن ، لەم ژمارەیە (136) خێزان هیچ شتێكیان بۆ نەماوەتەوەو هەموو پێداویستییەكانیان سووتاون.

لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لەبەرگری شارستانی دهۆك دەڵێت:» خێزانێك لەناو كەمپ داوەتێكیان هەبووە جلوبەرگی خۆیان ئوتوو كردووە، لەخێوەت دەرچوونەو ئوتووەكەش هەر ئیشی كردووەو ئەوەش شۆرتی كارەبای دروستكردووە».

بێوار عەبدولعەزیز، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لەبەرگری شارستانی دهۆك لەلێدوانەكەیدا بۆ هاوڵاتى،  هێمای بۆ ئەوەشكرد لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە، تائێستا هۆكاری دروست و 100%ی بۆ روون نەبووەتەوە، وتیشی:» خێزانێك لەناو كەمپ داوەتێكیان هەبووە جلوبەرگی خۆیان ئوتوو كردووە، لەخێوەت دەرچوونەو ئوتوەكەش هەر ئیشی كردووە، ئینجا نازانین ئەمە بووەتە هۆكاری شۆرتی كارەبا یان شتێكی تر بووە «.

لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لەبەرگری شارستانی دهۆك، ئەوەشی دووپاتكردەوە كە بەهۆی ئاگرەكەوە (288) خێمە بەتەواوی سووتان، (136) خێزانیش هەموو كەلوپەلەكانیان بەتەواوی سووتان، «تەنها لەڕۆژی رووداوەكە شەش كەس كە دوو لەوان پۆلیسی ئێمە بوون بەسووكی برینداربوون، نزیكەی (30) كەسیش تووشی تەنگەنەفەسی بوون، ئێستا دۆخی هەمووان زۆرباشەو گەڕاونەتەوە ماڵەكانی خۆیان، زیانە داراییەكان یەكجار زۆرن، بەهۆی نەگەیشتنی راپۆرتی كۆتایی ناتوانم ئاماژە بەهیچ ژمارەیەك بدەم «.

دوابەدوای رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی كەمپی شاریا، بەفەرمانی پارێزگاری دهۆك، بەرێوەبەری  كەمپەكە دوورخرایەوەو رۆژێك دوای ئەوە كەسێكی دیكە لە شوێنەكەی دانراوە.

لەئێستادا فەرمانگەی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان كەسەرپەرشتی هەموو كەمپەكانی ئاوارەیی دەكات لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی زیانلێكەوتووان لەبڕی خێوەت بەبلۆك شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەكرێت.

دوای رووداوەكە سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بەنوێنەرایەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری ئەوە درا كە ئەمجارە لەجیاتی خێوەت» بە بلۆك و كۆنكرێت ژووی حەوانەوەیان بۆ دروستبكرێت،  هەفتەیەكە دەست بەدروستكردنی ژوورەكان كراوە بۆ ئاوارەكان و تائێستا لەسەدا 65%ی كارەكان تەواوكراون»، بەڕێوەبەری نوێی كەمپی شاریا وای وت.

دەربارەی چۆنیەتی قەرەبووكرنەوەی ئاوارەكان، بەڕێوەبەری كەمپی شاریا ئەوەی روونكردەوە كەهەموو شتێك بۆ ئەو خێزانانە دەكەن، سندوقێكیان داناوە بۆ ئەو كەسانەی هاوكاری زیانلێكەوتووانی كەمپی شاریا دەكەن، وتیشی:»بەخۆشحاڵییەوە خەڵكێكی زۆر لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان هاوكارییان پێشكەشكردووە، تائێستا بڕێكی باش لەپارە كۆكراوەتەوە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لەكەلوپەلی ناوماڵ، لەدوای كۆتایی هاتنی هەڵمەتەكە بڕی پارەكەو كۆی كەلوپەلەكان رادەگەیەنین».

هاوكات، بەڕێوەبەری نوێی كەمپەكە ئەوەی دووپاتكردەوە كەنوێنەری  عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان چەندین كەلوپەل و پێداویستی رەوانەی كەمپەكە كردووەو دوای هەڵمەتی كۆكردنەوەی هاوكارییەكان دابەشی دەكەن بەسەر ئاوارەكاندا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار