یەرەکە کوژرانی دوو گەریلای لە گەڵاڵە پشتراست کردەوە
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی کە بەمدواییانە هێرش بۆسەر هێزەکانیان زیادیکردووە، شەهیدبوونی دوو گەریلای لە گوندی گەڵاڵەی شارباژێڕ ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ سێشهممه 22ی حوزهیرانی 2021، یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، لەسەر بۆردوومانەکەی ١٩ی ئەم مانگە لە گوندی گەڵاڵەی سەربە شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەمدواییانە بە پەیوەندی دەوڵەتانی داگیرکەری ئێران و تورکیا، هێرشەکان دژی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ یەرەکە و هەپەژە زیادی کردووە و هەوڵدەدەن لە ڕێگای لێدان بە فڕۆکە و هێرشی چەپەڵ، گورز لە هێزەکانمان بدەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەو چواچێوەیەدا لە ڕۆژی ١٩ی ٦ی ٢٠٢١ـدا لە ناوچەی شارباژێڕی سەربە سلێمانی، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی کردە سەر هەڤاڵانمان، کە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێک چووبوون و دەگەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، لەم بۆردوومانەدا دوو هەڤاڵی ژن بەناوەکانی “ئەکین و ئادار” شەهید بوون، کە لەسەر ڕووداوەکە و ناسنامەی ئەو هەڤاڵە شەهیدانە، دواتر زانیاریی بەرفراوانتر بڵاودەکەینەوە.
لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەم بۆردوومانەی دەوڵەتی فاشیستی تورکدا، هەروەها باخ و بێستان و ماڵی گوندنشینەکان زیانێکی زۆریان پێگەیشت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی یەرەکەدا هاتووە: وەک هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان ‘ئەکین و ئادار’ و هەموو گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین و بەڵێن دەدەین کە تێکۆشانیان بەرز بکەینەوە.
پێشتر هاولاتی راپۆرتێکی لەسەر روداوەکەی گوندی گەلالە بلاوکردەوە
https://hawlati.co/page_detail?smart-id=19881
