قوباد تاڵه‌بانى: کار بۆ فره‌جۆرکردنى سه‌رچاوه‌کانى داهات ده‌که‌ین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ کونسوڵى گشتى یۆنان له کۆبوه‌وه و رایگه‌یاند:"حکومه‌تى هه‌رێم کار بۆ فره‌جۆرکردنى سه‌رچاوه‌کانى داهات ده‌کات و ستایشى نمونه‌ى یۆنانى کرد له گرنگیدان به گه‌شتوگوزار که ده‌کرێت ببێته وانه و ئه‌زموون بۆ هه‌رێم".
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 22ى حوزه‌یرانى 2021، نوسینگه‌ى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بڵاویکرده‌وه که قوباد تاڵه‌بانى پێشوازى کرد له د. ستاڤرۆس کیریمیس، کونسوڵى گشتى یۆنان له هه‌رێمى کوردستان و پێکه‌وه په‌یوه‌ندییه دو قۆڵییه‌کان و چۆنییه‌تى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و وڵاتى یۆنانیان تاوتوێ کرد.
هه‌روه‌ها ئه‌وه خراوه‌ته‌روو که قوباد تاڵه‌بانی، پیرۆزبایى ده‌ستبه‌کاربونى له کونسوڵى نوێى یۆنان کرد له ئه‌رکى نوێیدا و داوای‌کرد هه‌رچى ده‌توانێت بیکات بۆ بره‌ودانى زیاترى په‌پوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و ئه‌سینا به‌تایبه‌ت له بواره‌کانى گه‌شتیارى و خوێندنى باڵا و که‌له‌پور و بازرگانیدا.
دواتر قوباد تاڵه‌بانى پوخته‌یه‌کى له‌باره‌ى کارنامه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم پێشکه‌ش به کونسوڵى یۆنان کرد و جه‌ختیکرده‌وه که"حکومه‌تى هه‌رێم کار بۆ فره‌جۆرکردنى سه‌رچاوه‌کانى داهات ده‌کات و ستایشى نمونه‌ى یۆنانى کرد له گرنگیدان به گه‌شتوگوزار که ده‌کرێت ببێته وانه و ئه‌زموون بۆ هه‌رێمى کوردستان".
لاى خۆیه‌وه کونسوڵ ئاماده‌یى وڵاته‌که‌ى ده‌ربڕى بۆ په‌ره‌پێدانى هاریکارى زیاتر له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌ت له دروستکردنى په‌یوه‌ندى نێوان شاره‌کانى هه‌رێمى کوردستان و شاره‌کانى یۆنان.
