«دوو هەزارو 400 دۆنم زەوی لەگەرمیان داگیركراوە»
سەرەڕای نوسراوی دادگاو وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ گەڕاندنەوەو قەرەبووكردنەوەیان، بەڵام هێشتا زەوییەكانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
هەشت هاووڵاتی گوندی حاجی لەر لەگەرمیان كەزیاتر لەدوو هەزارو (400) دۆنم زەوییان داگیركراوە، داوا لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سێ سەرۆكایەتیەكە دەكەن قەرەبوویان بكەنەوەو زەوییەكانیان وەربگرنەوە.
نوری فەخرەدین تاڵەبانی، خەڵكی گوندی حاجی لەر سەر بەئیدارەی گەرمیان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئێمە تاپۆی موڵكەكانمان هەیە كەكاتی خۆی لەحكومەتی عێراقی هەر یەكەمان (300) دۆنم زەویمان وەرگرتووەو ئێستا لەلایەن خەڵكی عەرەب و ئێرانی ناوچەكەوە داگیركراوە».
ئەم خاوەن زەوییە لەساڵی 2004دا لای دادوەر سكاڵایان تۆماركردووەو دادگا لیژنەی پێكهێناوەو دواتر سزا بۆ حەوت كەس دەركراوەو پارەی قەرەبووكردنەوەكەی دیاریكراوە، بەڵام لەدوای تەممیزكردنەوەی بڕیارەكەشەوە تائێستا كاری پێنەكراوەو وتی:» بڕیارەكە لەلایەن پۆلیسەوە تائێستا پشتگوێخراوەو وەك خۆی ماوەتەوە».
بەپێی بڕیاری (117)ی حكومەتی عێراقی، هەركەس كەجوتیار بووە لە گوندەكاندا (300) دۆنم زەوی بەناویانەوە تاپۆ كراوە و بۆتە موڵكی خۆیان.
ئاڵا نوری، یەكێكە لەو كەسانەی كە (300) دۆنم زەوی لەگوندی حاجی لەر داگیركراوە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێمە (300) دۆنم زەویمان هەیە بەناوی دایكمەوەو تاپۆی حكومەتی عێراقمان هەیە، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە هاتووینەتە ناوشار لەساڵی هەشتاكانەوە، بۆیە لەدوای ئەوەوە داگیركراوەو ئێستا لەدوای راپەڕینەوە خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان كردووەتە خاوەنی و ئێمە ناتوانین وەریبگرینەوە».
ئەو جوتیارانەی كەئێستا زەوییە كشتوكاڵیەكانی ئەم هەشت خێزانە بەڕێوەدەبەن زۆرترینیان عەرەب و ئێرانین و كاری كشتوكاڵی تێدادەكەن.
هەروەها ئاڵا نوری، باسی لەوەكرد چەندین جار هەوڵیانداوە زەویەكانیان وەربگرنەوە، بەڵام ئەو جوتیارانە داگیریان كردووە ئامادە نین بیاندەنەوە.
«تائێستا چووینەتە وەزارەتی گشتوكاڵ و پەرلەمان و زۆر جێگەی پەیوەندیدار، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە وەریبگرنەوەو داواكارم وەزارەتی كشتوكاڵ كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكات».
هاوڵاتى پەیوەندی كرد بە شادییە حسێن، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر داواكاریی ئەم هاووڵاتیانە، بەڵام لەوەڵامدا وتی:» ئێمە بەهیچ شێوەیەك قسە لەسەر ئەو بابەتە ناكەین، چونكە پێش زیاتر لەچوار ساڵ ئەو كێشەیە لەئیدارەی گەرمیان چارەسەر كراوە»، بەڵام ئەوانەی زەوییەكانیان بەناوەوەیە ئەو قسەیە رەتدەكەنەوەو دەڵێن:» بڕیاری دادگاو نووسراوی وەزارەتی كشتوكاڵ هەیەو تائێستا قەرەبوو نەكراوینەتەوە، ئیتر چۆن ئەو دۆسییە چاككراوە».
شەش ساڵ پێش ئێستا، رۆژنامەی هاوڵاتى ژمارە (1579) لەساڵی 2015دا كاری لەسەر ئەو دۆسیەیە كردووەو داواكاری ئەو هاووڵاتیانەی گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەڵام تائێستا وەك خۆیان دەڵێن نە قەرەبوو كراونەتەوە نە زەوییەكانیان وەرگیراوەتەوە.