رۆژهەڵاتی کوردستان رووبەرێک لەدارستانی سووتاو

لەباکوورو باشوور بڕینەوە لەڕۆژهەڵات سووتان هەڕەشە لەدارستانەکانی زاگرۆس دەکات

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

 

بڕینەوەی داری دارستانەکانی باکورو باشوری کوردستان لەماوەی رابردوودا پرسی سەرەکیی زۆبەی میدیاو چالاکوانانی کورد بوو، بەڵام ئاگرکەوتنەوە بووەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەجۆرێک مەترسیی لەناوچوونی (50%)ی ئەو دارستانانە لەئارادایە.

زۆرینەی خەڵک پێیان وایە داری دارستانەکان تەنها بۆ سوتان و کەرەستەی پێویست و بەرهەمهێنانی ئۆکسجین و هەوای پاک گرنگە، لەکاتێکدا دارستانەکان دەتوانن (40%)ی ئاوی سروشتی لەخۆیاندا گل بدەنەوەو هاوکات تووێژینەوە زانستییەکان دەریانخستوە کەهەر پێنج دۆنم دارستان دەتوانێت (67) تۆن گەردیلەی خۆڵ لەخۆبگرێت و مرۆڤەکان لەمەترسیی ئەو گەردیلە و خۆڵبارینانە رزگار بکات، بۆیە لەناوچوونی ئەو دارستانانە جا بەبڕینەوە بێت یان بەسوتان دەتوانێت ژیانی ئاسایی مرۆڤەکان پەکبخات.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەنوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای کردووە لەهەرسێ چرکەدا دارستانەکانی گۆی زەوی بە پانتایی یاریگایەکی دووگۆڵی دەسوتێن و لەناودەچن واتە لەهەر سێ چرکەدا  دوو هەزارو (500) مەتر دووجا لەدارستانەکانی کۆی گۆی زەوی دەسوتێن و لەناودەچن.

دارستانەکانی رۆژهەڵات هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە..

بەپێی ئامارەکانی ژینگەی ئێران لەهەر (20) چرکەیەکدا رووبەرێکی هاوئەندازەی یاریگایەکی دووگۆڵی لەدارستانەکانی جوگرافیای ئەو وڵاتە بەهۆکاری مرۆیی و ئاگرکەوتنەوە و بڕینەوە رووبەڕووی لەناوچوون دەبێتەوە کەزۆربەی ئەو دارستانانەش دەکەونە رۆژهەڵاتی کوردستان.

لەساڵی (1955) تاساڵی (2020) نزیکەی یەک ملیۆن و (500) هەزار هەکتار لەدارستانەکانی ئێران لەناوچوون ، واتە لەهەر چرکەیەکدا (360) مەتر دووجا لەدارستانەکان سوتاون کەئەمەش ئاماژەیە کەساڵانە (1.5%) دارستانەکانی جوگرافیای ئێران لەناوچوون و هەر پێنج ساڵ جارێکیش یەک ملیۆن هەکتار کەدەکاتە حەوت ملیۆن و (500) هەزار دۆنم  لەدارستانەکانی ئەو وڵاتە بەتەواوەتی نامێنێت و لەنەخشەدا وەک دارستان ئەژمار ناکرێت.

تەنها لەساڵی (2020) زیاتر لە (105)هەزار دۆنم لەدارستانە سروشتییەکان واتە ئەو دارستانانەی خۆڕسکانە سەریانهەڵداوەو لەژینگەدا هەبوون، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە سوتاون و بەتەواوەتی لەناوچوون کەزۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان و لەناوچوونەکان دارستانەکانی زاگرۆس ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.

رێکخراوی ژینگەی ئێران ئاشکرای کردووە بڕینەوەو ئاگرکەوتنەوەی ئاسایی یان بەئەنقەست و ئەو هۆکارانەی دەستی مرۆڤی تێدابووە لەماوەی (16) ساڵدا چڕیی زۆربەی دارستانەکانی ئەو وڵاتەی بۆ (25%) تا (50%) کەمکردووەتەوەو بەناچاری هەوڵداروە دارستانی دەستکرد دروستبکرێت کەئەویش چڕییەکەی (1%) بۆ (5%)ە، کە بەراورد ناکرێت بەچڕیی دارستانی خۆڕسک.

ئەو رێکخراوە روونیکردووەتەوە کە ساڵانە لەئێران (515) هەزار دۆنم لەچڕیی دارستانەکانی وڵاتەکە کەم دەبێتەوە و لەبەرامبەردا (600) هەزار دۆنم دارستانی دەستکرد بەچڕییەکی کەمەوە جێگەی دەگرێتەوە کەئەمەش بەهەوڵی ژینگەپارێزان و ئەو کەسانەیە کەهەوڵی چاندنی نەمام دەدەن.

تائێستا هۆکاری (90%)ی سوتان و لەناوچوونی دارستانەکانی ئێران بۆ مرۆڤ دەگەڕێتەوەو رێکخراوی ژینگەی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە مرۆڤ زیاترین پشکی هەیە لە لەناوچونی دارستانەکانی وڵاتەکە، چونکە جگە لەبڕینەوە و وێرانکاریی ، مرۆڤ هۆکاری زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکانە لەدارستانەکاندا بەتایبەت دارستانەکانی (هیرکانی) لەباکوری ئێران و دارستانەکانی (زاگرۆس) لەڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دارستانەکانی هیرکانی و زاگرۆس لەڕووی چڕییەوە بەچڕترین دارستانەکان لەجوگرافیای ئێران ئەژمار دەکرێن.

لەباکورو باشور بڕینەوە لەڕۆژهەڵات سوتان هەڕەشە لەدارستانەکانی زاگرۆس دەکات..

دارستانەکانی زاگرۆس کە لەناوچەی (وان) لەباکوری کوردستانەوە دەستپێدەکات و بە (11) پارێزگا لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت، نزیکەی (40%)ی کۆی دارستانەکانی ناوچە جیاوازەکانی ئێران لەخۆدەگرێت کە رووبەرەکەی دەکاتە نزیکەی (30) ملیۆن دۆنم و زۆربەی دارەکانیشی لە بەڕوو، مازو، بێوڵ، قەزوان و چوالە و بایامە.

لەماوەی رابردوودا هەواڵی زۆر سەبارەت بەبڕینەوەی دارەکانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باکوری کوردستان کراوە کەهۆکارێکی سەرەکیی بڕینەوەی ئەو دارانە دەگەڕێتەوە بۆ پرسی داگیرکاریی حکومەتی تورکیا، چونکە مێژووی داگیرکاریی ئەو وڵاتە دەیسەلمێنێت کە تورکیا دوای داگیرکردنی هەر خاکێک هەوڵی لەناوبردن و بردنی بەروبوومی ئەو خاکە دەدات و تەنها زەوییەکی بەتاڵی بێسود دوای خۆی جێدەهێڵێت کە لەسیاسەتدا وەک سیاسەتی زەوی سوتاو ناودەهێنرێت.

دارستانەکانی زاگرۆس کە(70%)ی دارەکانی لەداری بەڕوو پێكدێت لەباکوری کوردستانەوە بەرەو پارێزگاکانی (ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام، چوارمەحاڵ و بەختیاری، لوڕستان) لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەگاتە پارێزگاکانی (هەمەدان، مەرکەزی، فارس) لەئێران، ئامارە رەسمییەکان دەریدەخەن تائێستا حەوت ملیۆن دۆنم لەداربەڕووەکانی زاگرۆس لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی نەخۆشییەوە وشک بوون کە پشکی زۆری ئەو ژمارەیە بەر پارێزگای ئیلام دەکەوێت، چونکە ئەو پارێزگایە سێ ملیۆن و (205) هەزار دۆنم لەداربەڕووەکانی بەهۆی نەخۆشییەوە وشک بووە کە دەکاتە نیوەی زیاتری دارستانەکانی و بەمەش ئەو پارێزگایە کەوتووەتە قەیرانی دارستانەوەو هاوکات پارێزگای لوڕستان تائێستا دوو ملیۆن و (800) هەزار دۆنم لەدار بەڕووەکانی وشک بووەو لوڕستانیش دوای ئیلام رووبەڕووی قەیرانی لەناوچوونی دارستان بووەتەوە.

بەپێی ئەو ژمارانە تەنها لە دوو پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترین رووبەری دارستانەکانی داری بەڕوو کە دەکاتە زیاتر لە شەش ملیۆن دۆنم، وشک بووە، بۆیە چالاکوانان و ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی حەوتی مانگی خاکەلێوە لەوەزری بەهاری هەموو ساڵێک وەک رۆژی بەڕووی زاگرۆس ناولێناوەو لەو رۆژەدا داوا دەکەن هەموان بە ناشتنی بەڕوو بەشداربن لەپڕۆسەی پارێزگاری و رێگریی لە لەناوچونی داربەڕووەکانی زاگرۆس.

ئاگر ئامانی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕیوە..

ئەمساڵ لەوەرزی بەهارو سەرەتای هاویندا زیاتر لە (51) ئاگرکەوتنەوەی گەورە لەدارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە و تەنها لەئاگرکەوتنەوەی ناوچەی سەردەشت سەر بەپارێزگای ورمێ کە چوار رۆژی خایاندووە نزیکەی (600) دۆنم لەدارستانی ئەو ناوچەیە سوتاوەو زیانی گەورەی ژینگەیی لێکەوتووەتەوە لەکاتێکدا سەرجەم دارستانەکانی پارێزگای ورمێ (13) ملیۆن و (400)هەزار دۆنمەو لە رووی چڕیی دارستانەوە بەیەکەمین دارستانی چڕ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەژمار دەکرێت.

سەرچاوەکانی هەواڵی ژینگە لەئێران بڵاویان کردووەتەوە لەهەفتەیەکداو لەسەرەتای وەرزی هاوینی ئەمساڵدا ئاگرکەوتنەوە لە رووبەری سێ هەزار دۆنم دارستان و پوش و پاوەنی ناوچە جیاوازەکان لەو وڵاتە روویداوە کە زۆربەیان لەدارستانەکان و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای ورمێ ئاشکرای کردووە لەساڵی (2020) نزیکەی (67) رووداوی ئاگرکەوتنەوە بووەتە هۆی سوتانی هەزارو (325) دۆنم لەدارستانەکانی ئەو پارێزگایە.

جگە لەئاگرکەوتنەوە مێرووی (پەپولەی سپی) کە لەساڵی (1998) سەریهەڵداوە بووەتە هەڕەشە بۆ لەناوچوونی داری چوالە و بەڕوو کە دارستانە چڕەکانی و سەردەشت و پیرانشار لەپارێزگای ورمێ گرتووەتەوە و تائێستا زیانی بە (650) هەزار دۆنم دارستان گەیاندووە و (50) هەزار بۆ (150) هەزار دۆنمی خستووەتە دۆخی لەناوچوونەوە.

حکومەتی ئێران بڕی چوار ملیۆن دۆلاری بۆ پاراستنی دارستانەکانی ورمێ تەرخان کردووە کە بەوتەی شارەزایان بەو بڕە پارەیە ناتوانرێت لانیکەمی ئامرازەکانی پاراستنی دارستانەکانی ئەو پارێزگایە دابین بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری سەرچاوە سروستییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاندوە لەسەرەتای وەرزی بەهار تاسەرەتای هاوینی ئەمساڵ (36) رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەناوچەکانی ئەو پارێزگایە بووەتە هۆی سوتانی هەزارو (610) دۆنم لەدارستان و پوش و پاوەنەکان کە بەدیاریکراوی لەو ژمارە (950) دۆنم دارستانی خۆڕسکی سەر بەدارستانەکانی زاگرۆس بووە لەکاتێکدا ساڵی (2020) نزیکەی (187) ئاگرکەوتنەوە روویانداوە کە بووەتە هۆی سوتانی حەوت هەزارو (225) دۆنم لەدارستانەکانی ئەو پارێزگایە.

سەرجەم  زەوی دارستان و پوش و پاوەنی پارێزگای سنە دەگاتە حەوت ملیۆن و (935)هەزار دۆنم کەنزیکەی نیوەی زیاتری سەرجەم رووبەری ئەو پارێزگایە دەکات و ساڵانە نێوەنجی (6.7%) کۆی ئالیکی ئاژەڵ لەئێران دابین دەکات.           

سەرۆکی فەرمانگەی دارستانی پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە پارێزگاکە خاوەنی دوو ملیۆن و(635) هەزار دۆنم دارستانەو هاوکات زیاترین زەوی کشتوکاڵی و پوش و پاوەنی هەیە کەدەکاتە نزیکەی حەوت ملیۆن و (875) هەزار دۆنم ، بەڵام ئاگرکەوتنەوەو وشکەساڵی بووەتە هۆی لەناوبردنی (850) هەزار دۆنم دارستانی خوڕسکی پارێزگاکە.

 ئاگری بەئەنقەست..

ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئێرانیش، مرۆڤە، بەڵام مەبەست و ئامانجەکان جیاوازن.

بۆ نموونە لەدارستانەکانی باکوری ئێران لەپێناو بەرژەوەندیی ماددی و بازرگانیدا ئاگر لەدارستانەکان بەردەدرێت، بۆیە سوتانی دارستانەکان و دارەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی خەڵوزو ئەمەش سەرچاوەیەکی گرنگی بازرگانییە، چونکە یاساکانی ئێران زۆر سنوردارەو رێگە بە سوتاندنی دار بۆ دروستکردنی خەڵوز نادات.

لەڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند دیاردەیەک هۆکاری سەرەکیی سوتاندنی دارستانەکانن، کەسەرەکیترینیان بەبڕوای خەڵکی ئەو ناوچەیە: هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی رێگریی لەجموجۆڵی نەیارانی چەکداری کۆماری ئیسلامی ئێران بەتایبەت نەیارە کوردەکان لەسنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگرن و بواری خۆحەشاردان و حەوانەوە بەو نەیارانە نەدەن، دارستانە چڕەکان ئاگر تێبەردەدەن و ئەمەش کارەساتی بۆ ژینگەی ئەو ناوچانە لێدەکەوێتەوە.

شەهیدانی پاراستنی دارستانەکانی رۆژهەڵات..

ساڵانێکە کۆمەڵێک چالاکوان و ژینگەپارێزی کوردستان لەچوارچێوەی گروپی چالاکیی مەدەنی و  شاخەوانی و ژینگەپارێزیدا هەوڵی رزگارکردنی دارستانەکان لەسوتان و لەناوچوون دەدەن و لەو پێناوەشدا تائێستا زیاتر لەهەشت کەس گیانی خۆیان بەخت کردووە.

لە (25)ی ئابی ساڵی (2018) بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەدارستانەکانی مەریوان دوو خۆبەخشی ژینگەپارێز بەناوەکانی (شەریف باجوەر، ئۆمێد کۆنەپۆشی) و دوو کارمەندی فەرمانگەی ژینگە لەئێران لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەی کەرەستەی سەربازیی گیانیان لەدەستداو لە(28)ی حوزەیرانی بەهۆی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی پاوە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەسی خۆبەخش و ژینگەدۆست بە ناوەکانی (موختار خەندانی، بیلال ئەمینی، یاسین کەریمی) گیانیان لەدەستدا.

ژیان لەپێناو ژینگەدا..

رووبەری دارستانەکانی جیهان بەگشتی (17) ملیارو (225) ملیۆن دۆنمە و (10) وڵاتی (روسیا، ئۆسترالیا، بەڕازیل، کۆنگۆ، کەنەدا، ئەندۆنیزیا، پیرۆ، هندستان، چین) خاوەنی (75%)ی سەرجەم دارستانەکانی گۆی زەوین و پشکی ئێران لەڕووی جوگرافییەوە (04%)ی دارستانەکانە کە نیوەی زیاتری لەڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

بایەخدان بەپاراستنی سروشت و ژینگە لەجیهاندا بووەتە بەشێکی گرنگی ژیان و لوتکەی شاخ و کێوەکان تا قوڵایی زەریاکانی گرتووەتەوە و لەو چوارچێوەیەدا نەتەوەیەکگرتووەکان دەیەی نێوان ساڵانی (2021) تا (2030) وەک سەردەمی (بووژانەوەی ئیکۆسیستم) ناولێناوەو هەوڵدەدات سیاسەتی ئابوریی و کەلتوریی و کۆمەڵایەتیی وڵاتانی جیهان لەسەر بووژاندنەوەی ئیکۆسیستم رێکبخات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار