‌ئه‌منستى: پاراستن به‌ ھه‌ڕه‌مه‌کى خه‌ڵکیان بێسه‌روشوێن کردووه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

رێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى (ئه‌منستى)رایده‌گه‌یه‌نێت ده‌زگاى پاراستنى پارتى به‌شێوه‌ى ھه‌ڕه‌مه‌کى خه‌ڵکیان گرتووه‌ و شوێنبزریان کردوون و بۆیه‌داوا ده‌كات ده‌ستبه‌جێ ئه‌و ده‌ستبه‌سه‌رکراوانه‌ ئازاد بکه‌ن.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ى حوزه‌یرانى 2021، رێکخراوى ئه‌منستى نێوده‌وڵه‌تى له‌ نوێترین راپۆرتى خۆیدا رایگه‌یاند، ئاسایش و ھه‌واڵگریى حکومه‌تى ھه‌رێمى کوردستان(ھێزه‌کانى پاراستن، ئاژانسى ھه‌واڵگریى پارتى دیموکراتیى کوردستان) به‌شێوه‌ى ھه‌ره‌مه‌کى خه‌ڵکیان ده‌ستبه‌سه‌ر کردووه‌، تیایدا شه‌ش که‌س شوێنبزر کراون. 

 

رێکخراوى لێبوردنى نێوده‌ڵه‌تى راپۆرتى تایبه‌تى خۆى له‌ باره‌ى ده‌ستگیراوانى بادینان بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا به‌ وردى ره‌وشى ده‌ستگیرکردنیان و ئازادى راده‌ربڕینى له‌ هه‌رێمى کوردستان خستووه‌ته‌ڕوو، له‌ رێگه‌ى ده‌ستگیرکردنى ھه‌ره‌مه‌کى و گێچه‌ڵپێکردن ده‌ستبه‌سه‌رکراون، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ده‌ستبه‌جێ ئه‌و ده‌ستبه‌سه‌رکراوانه‌ ئازاد بکه‌ن.

له‌ باره‌ى ده‌ستگیرکردن و بڕیاردان به‌ سزادانى ده‌ستگیرکراوانى بادینان راپۆرته‌که‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، ئه‌وانه‌ى که‌ پێشتر حوکمدراون له‌ دادگایى نادادپه‌روه‌رانه‌- به‌ھۆى به‌شداریکردنییان له‌ خۆپیشاندانه‌کان یاخود کردارى پرۆفێشناڵانه‌ یان چالاکى په‌یوه‌ست به‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداوه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ که‌ به‌پێى ئه‌و پارێزه‌ر و کارمه‌ندانه‌ى مافه‌کانى مرۆڤ که‌ له‌لایه‌ن رێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تیى چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ کراوه‌ له‌نێوان مانگه‌کانى ئازارى 2020 و نیسانى 2021، ھێزه‌ ئه‌منییه‌ کوردییه‌کان ته‌نھا له‌ پارێزگاى دھۆک زیاتر له‌ سه‌د که‌سیان ده‌ستگریکردووه‌، به‌تایبه‌تى له‌ ناوچه‌ى بادینان و باکوورى خۆرئاواى پارێزگاکه‌.

رێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو، له‌نێوان مانگه‌کانى شوبات و ئایارى 2021، رێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تیى که‌یسی14 که‌سى له‌ بادینان تۆمارکرد که‌ سێ ڕۆژنامه‌وان و 11 چالاکوانى سیاسیى و کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نیى بوون، ھه‌موویان له‌نێوان مانگه‌کانى ئاب و تشرینى یه‌که‌مى 2020 ده‌ستگیرکرابوون- وه‌ بۆى ده‌رکه‌وت، که‌ له‌ ھه‌موو که‌یسه‌کاندا ئاسایش و ھه‌واڵگریى حکومه‌تى ھه‌رێمى کوردستان(ھێزه‌کانى پاراستن، ئاژانسى ھه‌واڵگریى پارتى دموکراتیى کوردستان)به‌شێوه‌یه‌کى ھه‌ره‌مه‌کى خه‌ڵکیان ده‌ستبه‌سه‌ر کردووه‌، که‌ شه‌شیان شوێنبزر کراون.

به‌پێى ئه‌و راپۆرته‌ له‌ ھه‌موو ئه‌و 21 که‌یسه‌ى که‌ رێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تیى تۆماریکردووه‌ به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌کردنى ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌، ھێزه‌کانی ئاسایش ئه‌و که‌سانه‌یان له‌ ماڵه‌وه‌ یاخود له‌ شوێنى کاریان ده‌ستگیرکردووه‌ به‌بێ فه‌رمانى ده‌ستگیرکردن یان ھه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کى فه‌رمى که‌ ھۆکارى ده‌ستگریکردنه‌که‌ روون بکاته‌وه‌.

راپۆرته‌که‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، له‌و که‌سانه‌ى که‌ به‌ ده‌ستبه‌سه‌رکراوى مانه‌وه‌ ته‌نیا رێگایان پێدرا له‌ ماوه‌ى سێ رۆژ بۆ هه‌فته‌یه‌ک به‌شێوه‌یه‌کى پچڕپچێ‌ په‌یوه‌ندیى به‌ خانه‌واده‌کانیانه‌وه‌ بکه‌ن، که‌ ھه‌رشه‌ش که‌سه‌که‌ له‌ ژوورى قه‌ره‌باڵغدا ھێڵراونه‌ته‌وه‌ و خۆراکى که‌میان پێدراوه‌.

هاوکات رێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى باسى له‌وه‌کردوه‌، "یه‌کێک له‌ حاڵه‌ته‌کان، ھێزه‌کانى ئاسایش که‌سێکیان به‌ته‌واوى رووتکرده‌وه‌ته‌وه‌ و واى لێکرا به‌درێژایى لێکۆڵینه‌وه‌که‌ به‌ رووتى بمێنێته‌وه‌... پێشکه‌ش نه‌کردنى په‌ڕاوى که‌یسه‌که‌ له‌کاتى گونجاودا بۆ ئه‌وه‌ى پارێزه‌ره‌کان به‌رگریى خۆیان ئاماده‌ بکه‌ن و خانه‌واده‌کانیان رێگه‌یان پێنه‌درا که‌ له‌ دانیشتنه‌کان ئاماده‌ بن".

رێکخراوه‌که‌ هێماى ئه‌وه‌ کردوه‌، ھیچ پارێزه‌رێکى که‌یسه‌کان پێش دادگاییه‌که‌ فایلى که‌یسه‌کانیان له‌کاتى پێویست پێنه‌درا تا به‌رگرییه‌کى رێکوپێک ئاماده‌ بکه‌ن.
له‌ باره‌ى پشت به‌ستنى دادگا به‌ شایه‌تیدانى دوو شایه‌تحاڵ، راپۆرتێکى ئه‌منستى ده‌ڵێت، دادگاکه‌ پشتى به‌ دوو شایه‌تى سه‌ره‌کى به‌ست، که‌ یه‌کێکیان ھه‌واڵپێده‌رێکى نھێنى بووه‌." شایه‌حتاڵه‌ نه‌ناسراوه‌که‌ له‌ دادگا ده‌رنه‌که‌وت، سه‌ره‌ڕاى داواکاریى پارێزه‌ر و فه‌رمانى دادوه‌ر. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش، پارێزه‌رى شێروان شێروانیى ته‌نھا یه‌ک رۆژ پێش دادگاییه‌که‌ فایله‌کانى که‌یسه‌که‌ى پێدرا، که‌ کاتى گونجاوى بۆ نه‌مایه‌وه‌ تاکو به‌شێوه‌یه‌کى رێکوپێک به‌رگرییه‌ک ئاماده‌ بکات".

هه‌روه‌ها رێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى له‌درێژه‌ى راپۆته‌که‌یدا باسى له‌وه‌شکردووه‌ که‌ "ده‌ستگیرکردنى ھه‌ڕه‌مه‌کى و ده‌ستبه‌سه‌رکردن و شوێنبزرکردنى به‌زۆره‌ملێ و دادگایکردن و هه‌ڕه‌شه‌ى دانپێدانان به‌ ترساندن و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ چالاکوانان وه‌رگیراوه‌".
 رێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى  له‌ عێراق، به‌تایبه‌تى له‌ دھۆک، رێکخراوه‌که‌ چوار حاڵه‌تى ترساندنى ئه‌و که‌سانه‌ى تۆمارکردووه‌ که‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیدارن به‌ قوربانیه‌کانى دواین سه‌رکوتکارییه‌کانى دژى ئازادى راده‌ربرین له‌ دھۆک، له‌ رێگه‌ى ھه‌ڕه‌شه‌ى زاره‌کیى له‌ دژى ئه‌ندامانى خانه‌واده‌ یان ئه‌و پارێزه‌رانه‌ى که‌ کار له‌ که‌یسه‌که‌ ده‌که‌ن دانپێدانانیان لێ وه‌رگیراوه‌.
 راپۆرته‌که‌ى ئه‌منستى ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، که‌ ھه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ تۆمه‌تى ناسراویان ئاراسته‌ کراوه‌ تۆمه‌تبار کراون به‌پێى یه‌کێک له‌و سێ یاسایه‌ى که‌ زمانى ناڕوون و فراوان له‌خۆ ده‌گرن و رێگه‌ده‌ده‌ن به‌ دادگاییکردن له‌سه‌ر کردارگه‌لێک که‌ به‌پێى یاساى نێوده‌وڵه‌تیى وه‌ک تاوانى ناسراو سه‌یر ناکرێن.

ده‌شڵێت، زمانێک تا ئه‌و رادده‌یه‌ لێڵه‌ که‌ رێگه‌ ده‌دا به‌ گرتنه‌به‌رى رێکارى یاسایى له‌ دژى ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ به‌ شێوه‌ى ئاشتیانه‌ ره‌خنه‌ له‌ کارمه‌ندانى حکومه‌ت و ده‌زگاکان ده‌گرن.
 مادده‌ى ژماره‌ (٢) له‌ یاساى ھه‌رێمى کوردستان بۆ قه‌ده‌غه‌کردنى خراپ به‌کارھێنانى ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندیکردن-یاسایه‌کى کێشه‌دارى تر- ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌کى گشتگیرتر به‌کارھێنرا بۆ تۆمه‌تبارکردنى که‌سانێک له‌به‌رامبه‌ر "خراپ به‌کارھێنانی" ئامێرى مۆبایل و ئیمه‌یڵ و ئینته‌رنێت، له‌ژێر تۆمه‌تى ناڕوون و فراوان که‌ به‌ پێى یاساى نێوده‌وڵه‌تى وه‌کو تاوان نه‌ناسێنراون.

رێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تیى زۆر نموونه‌ى به‌ ئامانجگرتن و گێچه‌ڵ پێکردن و ھه‌ڕه‌شه‌ لێکردن و ترساندنى که‌سه‌کانى تۆمارکردووه‌ ته‌نھا له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌ مافى ره‌واى خۆیان ھه‌ڵساون به‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات، تیایدا له‌ رێگه‌ى جێبه‌جێکردنى وردى یاسا خراپ پێناسه‌کراوه‌کان بۆ لکاندنى به‌ھانه‌ى بێ بنه‌ما، تۆمه‌تى لێڵ و فراوان به‌ که‌سه‌کان و بێبه‌شکردنیان له‌ مافه‌کانى دادگایى دادپه‌روه‌رانه‌ و ده‌سته‌به‌رى یاسایی.

هاوکات له‌ کۆتایى راسپارده‌کان رێکخراوه‌که‌ داواده‌کات، ده‌ستبه‌جێ ئه‌و که‌سانه‌ ئازاد بکه‌ن که‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رکردنى ھه‌ره‌مه‌کیى دا ماونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ى که‌ تاوانبار ده‌رچوون له‌ دادگاییه‌ نادادپه‌روه‌ره‌کان، مه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کى راستگۆیانه‌ به‌ تاوانێک تۆمه‌تبار بکرێن که‌ به‌پێى یاساى نێوده‌وڵه‌تیى بناسرێ.

له‌ باره‌ى په‌نا بردن بۆ دادگاى نێوده‌وڵه‌تى رێکخراوى ئه‌منستى له‌ راپۆرته‌که‌یدا داواده‌کات، ھه‌موو رێوشوێنێکى پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ھه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ بھێننه‌ به‌رده‌م دادگا که‌ گومانلێکراون به‌ ھه‌بوونى به‌رپرسیاریه‌تیى تاوانکاریى له‌ ده‌ستبه‌سه‌رکردنه‌ ھه‌ڕه‌مه‌کییه‌کان و شوێنبزرکردنه‌ زۆره‌ملێیه‌کان و ئه‌شکه‌نجه‌دان و تاوانه‌کانى دیکه‌ به‌پێى یاساى نێوده‌وڵه‌تیى یان پێشێلکارییه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ له‌ دادگایى دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ دادگاى مه‌ده‌نیى ئاسایى به‌بێ په‌نابردنه‌ به‌ر سزاى مه‌رگ.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار