لە رێگەی پێنج درۆنەوە هێرش دەکرێتە سەر هەولێر

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی چەند درۆنێکەوە هێرش دەکرێتە سەر شاری هەولێر و هێرشەکە لە نزیک گوندی براغ و بە دووری 3 کیلۆمەتر لە نزیک کۆنسوڵخانە نوێیەکەی ئەمریکاوە بووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 26-06-2021، بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان هێرشێک لە رێگەی درۆنەوە بۆ سەر شاری هەولێر کراوە، ئەو شوێنەی هێرشی کراوەتە سەر دەکەوێتە گوندی براغ لە نزیک کۆمەڵگەی شاوێس و تەنیا 3 کیلۆمەتر لە کۆنسوڵخانە نوێیەکەی ئەمریکاوە دوورە.
هێرشەکە لە رێگەی درۆنی تی ئێن تیڕێژکراو بووە، دووان لە تی ئێن تییەکان تەقیونەتەوە و یەکێکان نەتەقیوەتەوە، یەکێک لە تی ئێن تییەکان باخێکی لە گوندەکە کردووەتە ئامانج و دوابەدوای هێرشەکانیش هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
لە ماوەی رابردوودا ئەمە دووەمجارە لە رێگەی درۆنەوە هێرش دەکرێتە سەر شاری هەولێر، جاری رابردوو بارەگاکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرایە ئامانج.
