پەرلەمانی کوردستان لەسەر کورتهێنانی موچە کۆدەبێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نووسراوێکدا بانگهێشتی سەرجەم ئەندام پەرلەمانەکان دەکات بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لەحكومەتی هەرێم رۆژی دووشەممە کۆدەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی چەند تەوەرێک کۆدەبێتەوە کە یەکێکیان پەیوەندیدارە بە مووچە و گوزەرانی خەڵک، لەو بڕگەدا بابەتی کورتهێنانی مووچە، کەموکوڕیی خاڵە سنوورییەکان، جێبەجێنەکردنی یاسای چاکسازی، داهاتی نەوت و ناوخۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێدەکرێن.
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نووسراوێکدا بانگهێشتی سەرجەم ئەندام پەرلەمانەکان دەکات بۆ دانیشتنی ژمارەی 16ـی خولی بەهارەی ساڵی سێیەمی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارە دانیشتنەکە رۆژی دووشەممە 28-06-2021 کاژێر 11:00 بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی کارنامەی پەرلەمانی کوردستان، شەش تەوەر لە کۆبوونەوەکە باسدەکرێن. بڕیارە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساکانی هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی لە کەرتی تایبەت و تێکەڵاو، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای رەسمی پولی عێراق دەکرێت.
