لاهور شێخ جه‌نگی: له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی هاولاتیان ڕۆڵی هانده‌ر ده‌بینین له‌نێوان لایه‌نه كوردستانییه‌كان

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی رایگه‌یاند:" ڕۆڵی هانده‌ر ده‌بینین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مو لایه‌نه كوردستانییه‌كان دوای هه‌ڵبژاردن له ژێر چه‌تری ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه كۆببنه‌وه، چونكه ئێمه پێمانوایه به‌یه‌كه‌وه به‌هێزترین و ده‌توانین پێكه‌وه له به‌غدا داكۆكی له مافه ڕه‌وا و ده‌ستورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین".
لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ برای به‌ڕێزم كاك عومه‌ر سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له مێرگه‌پان سه‌ردانی د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆككۆماری عێراقمان كرد".
لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی و عومه‌ر سه‌ید عه‌لی، رێكخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌مڕۆ شه‌ممه له مێرگه‌پان سه‌ردانی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراقیان كرد، له دیدارێكدا كه ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی و ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی گۆڕان ئاماده‌ی بون، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد ده‌رباره‌ی بارودۆخی گشتیی عێراق و هه‌رێم و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتو.
راشیگه‌یاند، "له دیدارێكدا كه هه‌ڤاڵانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماده‌ی بون، بیروڕامان ئاڵوگۆڕ كرد ده‌رباره‌ی بارودۆخی گشتیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتو، هاوڕابوین له‌سه‌ر پێویستیی چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان له پێناو سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌كان و دابینكردنی سه‌قامگیری و ئاسایش و ئارامی بۆ هاوڵاتییان".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "گرنگی و چاره‌نوسسازی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتومان دوپاتكرده‌وه وه‌ك خواستێكی جه‌ماوه‌ری بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازیی و ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و باره لار و نه‌خوازراوه‌ی كه ڕوبه‌ڕوی وڵات بوه‌ته‌وه، له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه پێكهێنانی هاوپه‌یمانی كوردستان له نێوان یه‌كێتیی و گۆڕانمان به هه‌نگاوێكی گرنگزانی له پێناو ئارامی و یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی كورد له به‌غدا".
