لێبڕینی مووچە حكومەت دەباتەوە پەرلەمان

مووچەخۆران لەچاوەڕوانیی فشاری پەرلەماندان تا حكومەت لێبڕینی مووچە كۆتایی پێبهێنێت

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

سەرەڕای ئەوەی لەكارنامەی پەرلەماندا بوونی نییە، بەڵام پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بەئامادەبوونی حكومەت دەبێت و پرسی لێبڕینی موچە تاووتوێ دەكرێت.

ساڵێکی تەواو بەسەر بڕیاری لێبڕینی موچەدا تێدەپەڕێت و سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ دوو هێندەی ساڵی رابردوو و زایدبوونی داهاتەکانی ناوخۆش، بەڵام حکومەت بۆ ئەم مانگەش موچە بەلێبڕینی لەسەدا (21) دابەشدەکات.

پەرلەمانی كوردستان لەنووسراوێكدا بانگهێشتی سەرجەم ئەندام پەرلەمانەكان دەكات بۆ دانیشتنی ژمارەی (16)ی خولی بەهارەی ساڵی سێیەمی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، بڕیارە دانیشتنەكە ئەمڕۆ دووشەممە 28-6-2021 كاژێر 11:00 بەڕێوەبچێت. بەپێی كارنامەكە شەش تەوەر لەكۆبوونەوەكە باسدەكرێن كەهیچیان باسی لێبڕینی موچەی تێدا نییە.

پێش دوو هەفتە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەدوو یاداشتی جیاواز (55) واژۆ و (65) واژۆ بەجیا كۆكرایەوە بۆ بانگهێشتی حكومەتی هەرێم لەسەر لێبڕینی موچە.

هێڤیدار ئەحمەد ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان وتی:»ئەمڕۆ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانە بەحزوری حكومەتی هەرێمی كوردستان».

ناوبراو وتیشی:»لەحكومەت دەپرسین، نەوت بەرزبۆوە، بۆ موچە هەر بەلێبڕینەوە دەدرێت؟، باج زیادبووە، داهاتی گومرك زیادبوە، تاپۆ، رسومات هەر هەمووی زیاد بووە، بۆ هەر موچە بەلێبڕیبەوە دەدرێت؟».

بڕیارە هەریەك لە وەزیری سامانە سروشتیەكان و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا و وەزیری پلاندانان و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ، سەرۆكی دیوانی

ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی ئامادەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بن، بەڵام سەرۆكی حكومەت ئامادە نابێت.

ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكگرتوو‌‌‌: گومانمان هەیە ئامانج لەو تەوەرە زۆرانەو ونكردنی گفتوگۆی پرسی لێبڕینی موچە بێت.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» دەبێت سەرۆكایەتی پەرلەمان روونكردنەوە بدات بەئێمەو بەخەڵكیش بۆ مانگێكە كۆنەبووەتەوەو ئێستاش دێت جەلسەیەكی تولانی دادەنێت كە لەوانەیە مانگێكی بوێت».

ناوبراو وتیشی:» گومانمان بۆ دروست بووە ئامانج لەم هەموو بڕگە زۆرو زەبەندە ونكردنی یاداشتی پەرلەمانتارانە، نەك لێبڕینی موچەی ونكردووە و لێبڕینی موچەی هێناوەتە ناوەوە».

هەڵەدنی ئەوەی دووپاتكردەوە كە لەیاداشتەكەیاندا وتوویانە هەڵگرتنی لێبڕینی موچە، بەبڕیارێكی تەشریعی پەرلەمان كۆتایی پێبێت ئەگەر حكومەتیش ئامادە نەبێت.

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەكرد كە ئەوە بەرنامەی كارەو دانراوە، دەبێت هەر تەوەرێك هەقی خۆی پێبدرێت بەتایبەت لێبڕینی موچە، وتیشی:» پێشتر چەندین جار پەرلەمانتاران داوایان كردووە دانیشتنی پەرلەمان لەسەر كۆتایهاتنی لێبڕینی موچە بكرێت و كاتەكەی دواخراوە، هیوادارین ئەمڕۆ بكرێت».

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت:»تەنها داوامان كردووە پرسی لێبڕینی موچە باس بكرێت نەك شتی دیكە».

روپاك ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەفراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» تەوەرەكان زۆرن و ئێمە تەنیا داوامان كردبوو لێبڕینی موچە بێت، بۆیە پێویستە بەتەنیا ئەو پرسە باسبكرێت».

ئەندامێكی دیكەی پەرلەمان لەفراكسیۆنی گۆڕان پێیوابوو دەبێت كاتی تەواو هەبێت كە وەزیرە پەیوەندیدارەكان دێنە پەرلەمان وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە.

رزگار حەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بەهاوڵاتى  وت:» ئێمە تەنیا دەمانەوێت لەسەر لێبڕینی موچە و داهاتەكانی حكومەت قسە بكەین، كە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و نزیكبوونەوەی رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا بوونی هەیە».

ناوبراو ئەوەشی روونكردەوە كەوەڵامی پێویستی پەرلەمانتاران بدرێتەوە لەلایەن وەزیرەكانەوە كە جێگەی قەناعەتی پەرلەمانتاران بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار