فشارەكان نەبوونە فریادڕەسی سزادراوانی بادینان

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

دادگای پێداچوونەوە دوا پلەی بەبڕیارەكەی سزادراوانی بادیناندا دووبارە و سزای شەش ساڵ زیندانی كردنیانی پەسەند كرد، هەموو پشتگیرییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان نەبووە فریادڕەسیان و دوا پلەی وەرگرت و تەنها كەسوكاریان چاوەڕێی بڕیاری لێخۆشبوون دەكەن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە.

رۆژی 20ی حوزەیرانی 2021، دادگای پێداچوونەوە بڕیارەكەی دادگای پەسەند كرد تایبەت بەسزادراوانی بادینان، دوێنێ یەكشەممە ئەو بڕیارە راگەیەندرا بۆ هەریەك لە(شێروان شێروانی، ئەیاد كەرەم، گوهدار محەمەد ئەمین، شڤان سەعید، هاریوان عیسا).

روگەش جەباری، خێزانی شێروان شێروانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێمە تەواو شۆك بووین بەبڕیارەكە و تەنیا ماوە سەرۆكی هەرێم خۆی وەك مرۆڤێك و كوردێك مامەڵە لەگەڵ تاكەكانی كۆمەڵگەكەی بكات، كەكوردین دوور لە سیاسەت لێیان خۆش ببێت، ئێمە سوپاسی دەكەین».

هاوسەری شێروان شێروانی پێشیوابوو ئەو بڕیارە دەركەوت، كە سزاكە تەواو سیاسییەو پەیوەندی بەسیاسەتەوە هەیە، نەك سزای كەسانێك كە شتێكیان كردبێت و لێیان خۆش ببن.

پارێزەری شێروان شێروانی رایگەیاند ئەمڕۆ دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوە بڕیاری سزای زیندانیكردنی چالاكوانانی وەك خۆی پەسەندكردو بڕیارەكەش دواپلەی وەرگرت. محەمەد عەبدوڵا، پارێزەری رۆژنامەنوس شێروان شێروانی بەهاوڵاتى وت:» ئەمڕۆ دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوە بڕیاری سزای زیندانیكردنی چالاكوانانی وەك خۆی پەسەندكردو بڕیارەكەش دواپلەی وەرگرت».

ناوبراو باسی لەوەشكرد، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان داوای پارێزەرانی سزادراوانی بادینانی رەتكردەوە كەداوای راستكردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچونەوە (تصحیح القرار تمیز )یان كردبوو، بەوەش دادگای پێداچوونەوە بڕیاری دادگای تاوانی دووی هەولێری پەسەندكرد بەسزادانی هەریەك لەو پێنج چالاكوانە بۆ ماوەی شەش ساڵ».

 «لەڕووی یاساییەوە هیچ قۆناغێكی راستكردنەوەی بڕیاری دادگا نەماوە تەنها لێخۆشبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە»، پارێزەرەكەی شیروانی وای وت.

رۆژی 16ی شوبات دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر بڕیاریدا بەشەش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسی سنوری بادینان بەتۆمەتی (كۆكردنەوەی زانیاری قەدەغەكراو، كاركردن بۆ گروپی چەكداری و پێدانی زانیاری بەلایەنی دەرەكی، بەمەبەستی تێكدانی ئاسایشی كوردستان)، بڕیارەكەی دادگای هەولێر بەپێی ماددەی 21ی سزادانی عێراقی بوو كە تایبەتە بەتێكدانی ئاسایشی هەرێم و كاركردن بۆ لایەنی دەرەكی.

یەكێك لەدەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەركردنی بڕیاری لێبوردنی تایبەت و گشتییە بۆ سزادراوان كە لەزیندانەكاندان، چوار ساڵ جارێك پەرلەمانی كوردستان لەڕێگەی یاسایەكەوە پێشنیار بۆ ئازادكردنی زیندانیكراوانی حوكمدراو دەردەكات و سەرۆكایەتی هەرێم دوای سەیركردنی پێشنیارەكە بڕیاری لەسەر دەدات.

دوێنێ یەكشەممە سەنتەری میترۆ بۆ ئازادی رادەربڕین و بەرگری لە رۆژنامەنووسان داوای لە نێچیرڤان بارزانی كرد كە بڕیاری لێخۆشبوونیان بۆ دەربكات، لەبەیاننامەكەیاندا ئاماژە بەوە كراوە كە»وەك پێشتر داوامان لێكردبووی لەبارەی سزادراوانی بادینانەوە، ئەمجارەش داوا دەكەین بڕیاری لێخۆشبوون بۆ سزادراوانی بادینان دەربكەن».

برای گوهدار محمەمەد بۆ هاوڵاتى  ئەوەی خستەڕوو كە رۆژی شەممە گوهدار پەیوەندی پێوە كردووەو داوای كردووە كەڕۆژنامەنووسان و چالاكوانان فشارەكانیان زیاتر بكەن.

زیدان محەمەد، برا گەورەكەی گوهدار، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بارودۆخی دایكم زۆر خراپەو زۆر بەدووبارە پەسەندكردنەوەی بڕیارە نیگەرانین، بەڵام چارمان نیە و تەنیا لەسەرۆكی هەرێم داواكارین بڕیارێك بدات».

 ناوبراو پێشیوابوو ئەوان» بێتاوانن» و شەش ساڵ زیندانی تەمەنێكە بۆ كوڕێكی گەنج كە هیچ تاوانێكی نەكردووە.

نوێنەری كەسوكاری زیندانیكراوان دەڵێت:»ئەم بڕیارە هێندەی تر سومعەی هەرێمی كوردستانی ناشرین كرد، ئەمە تەحەدای خەڵكە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار