رەئیسی؛ سەرۆكی ســـەركوتو سێدارە لەئێران
رەئیسی تۆمەتباری سەرەكییە بۆ لەسێدارەدانو گولــلـەبارانكردنی (17) هەزار نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەركەوتنی پێشبینیكراوی ئیبراهیم رەئیسی كە متمانەپێكراوی خومەینی و خوێندكاری خامنەیی و یاری وەفاداری قاسم سولەیمانی بووە، سەرنجەكانی بۆ خۆی راكێشاوەو رەنگە یەكێك بێت لەو سەرۆكانەی كەزۆرترین تۆمەتی سەركوت و زیندانیكردن و لەسێدارەدان لەمێژووی كۆماری ئیسلامی ئێراندا بیگرێتەوە.
رەئیسی زیاتر لە (40) ساڵ لەهەستیارترین ناوەندە جیاوازەكانی سەر بەدەزگای دادوەریی، لێكۆڵینەوەو چاودێریی و ئەمنیی كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاربەدەست بووە و تۆمەتبار دەكرێت بەسزادان و لەسێدارەدان و گولـلەبارانكردنی (17) هەزار نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (1988) كە ژمارەیەك لەو نەیارانە سەر بە حزبە چەپەكانی كورد بوون.
زۆربەی میدیاكانی جیهان رەئیسی وەك كەسێكی توندڕەوو بكوژی زیندانیان ناودەهێنن كە لەلیستی سزاكانی ئەمەریكادایە دژی ئێران و میدیا عەرەبییەكان ئەو بەجێگرەوەی خامنەیی و هۆكارێك بۆ پووچەڵكردنەوەی ئەگەری كودەتا لەناوخۆی سیستمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەمدەدەن.
بەدەر لەهەموو هەواڵ و شیكردنەوەكان رەئیسی لە (18) ساڵیی تەمەنی خۆیەوە متمانەپێكراوی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران بووەو بەكەمترین تەمەنەوە هەر بەفەرمانی خومەینی لەدامەزراوە دادوەرییەكانی ئێراندا جێگیر كراوەو رۆڵی بەرچاوی هەبووە لەسەركوت و لەناوبردنی نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوخۆی وڵاتەكەدا.
لەكاتێكدا ئێران بەهۆی سزاكانی ئەمەریكاوە لەقوڵترین قەیرانی دارایی مێژووی خۆیایەتی، بەڵام رەئیسی دوای سەركەوتن لەهەڵبژاردنەكان، لەیەكەم دیداری تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند ئەگەری رێككەوتنی ئێران و ئەمەریكا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بەرنامەی موشەكی دوورە لە راستییەوە و ئەو ئامادە نییە چاوی بەسەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت.
لەقەمسەڵەی سەربازییەوە تا عەبای دادوەریی..
سەید ئیبراهیم رەئیسولساداتی ناسراو بەئیبراهیم رەئیسی لەساڵی (1960) لەشاری مەشهەد لەپارێزگای خوراسان لە رۆژهەڵاتی ئێران لەبنەماڵەیەكی ئایینیی ئەو شارە لەدایكبووەو بەوەچە لەدایك و باوكەوە دەچێتەوە سەر نەوەكانی زەیدی بن عەلی كوڕی سەجاد كەدەكاتە ئیمامی چوارەمی شیعەكان.
رەئیسی لەتەمەنی پێنج ساڵییەوە باوكی لەدەست دەدات و دواتر لەگەڵ چوونە خوێندنگەی سەرەتاییەوە سەرقاڵی خوێندن لەبواری ئایینی شیعەدا دەبێت و زۆربەی پلەكانی خوێندنی ئایینیی لەشارەكانی مەشهەد و قوم بەپلەی باڵا دەبڕیت.
ئیبراهیم رەئیسی كە لەساڵی (1979) و لەگەڵ رووخانی حكومەتی محەمەد رەزا پەهلەوی دوایین پاشای ئێران یەكێك بووە لە رێكخەرە سەربازیی و ئەمنییە سەرەكییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەتەمەنی (20) ساڵیدا و بەفەرمانی روحەڵڵا خومەینی دەبێتە یاریدەدەری دادوەری داواكاری گشتیی لەشاری كەرج و دوای سێ مانگ بەبڕیارێك دەبێتە سەرۆكی داواكاری گشتی لەو شارە، بۆیە لەو سەردەمەوە چیتر رەئیسی جلوبەرگی سەربازیی لەبەر نەكردووە و تەنها بەمێزەرە و عەباوە دەركەوتووە.
ئەو لەساڵی (1985) دەبێتە جێگری سەرۆكی داواكاری گشتیی كۆماری ئیسلامی ئێران لەتاران و دواتر لەساڵی (1987) بەفەرمانی راستەوخۆی خومەینی رادەسپێردرێت بۆ چارەسەری كێشەكانی دەزگای داد لەپارێزگاكانی (كرماشان، لورستان، سمنان) كە ئەمەش ئاماژە بووە بەوەی كە خومەینی تا چ ئاستێك متمانەی بە رەئیسی هەیە.
سەرۆكی سەركوت و سێدارە..
رئیسی (36) ساڵ بەسەركوت و زیندانی و لەسێدارەدان حوكمی كردووە، چونكە لەتەمەنی (18) ساڵییەوە یەكێكە لەتۆمەتبارە سەرەكییەكانی لەسێدارەدان و گولـلەبارانكردنی (17) هەزار نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران لەزیندانەكانی ئەو وڵاتەدا.
ساڵی (1988) دوای تەواوبوونی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، خومەینی بەفەرمانێك دەستەیەكی بۆ لەسێدارەدانی نەیارانی كۆماری ئیسلامی لەزیندانەكانی ئێران پێكهێنا كە یەكێك لەئەندامانی ئەو دەستەیە كە بە(دەستەی مەرگ) ناودەهێنرێن ئیبراهیم رەئیسی بوو، شارەزایان پێیان وایە كۆتایی جەنگی نێوان عێراق و ئێران باشترین هەل بووە بۆ سەركوتی سەرجەم نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو وڵاتە.
حزبی موجاهیدنی خەلقی ئێران رایگەیاندووە بە فەرمانی دەستەی مەرگ زیاتر لە (10) هەزار ئەندام و لایەنگری ئەو حزبە كە نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران بوون لەگەڵ زیاتر لەچوار هەزار كەسی لایەنگران و ئەندامانی حزبەكانی دیكە لەئێران لەسێدارە یان گولـلەباران كراوەو لەلایەكی دیكەوە سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئێران ئەو ژمارانە رەتدەكەنەوە، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاندووە؛ ژمارەی ئەو كەسانەی لەساڵی (1988) لەلایەن دەستەی مەرگەوە بڕیاری سێدارەو گولـلەبارانكردنیان بەسەردا جێبەجێكراوە چوار هەزار و (482) كەس بوون.
لەلایەكی دیكەوە ئاگنێس كاڵامار، ئەمینداری رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەر بەنەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاندووە رەئیسی لەكاتێكدا خۆی بەبەرگریكاری مافەكانی مرۆڤ دەزانێت كە لەدەیەی (80) بەتایبەت لەساڵی (1988) بەڵگەی روون هەیە لەسەر پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەلایەن ئەوەوە.
رئیسی لەساڵی (1989) تا (1994) سەرۆكی داواكاری گشتیی شاری تارانی پایتەختی ئێران بووەو لەساڵی (1994) بووەتە سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی سەر بەدەزگای دادی كۆماری ئیسلامی ئێران و دواتر لەساڵی (2004) تا ساڵی (2014) بووەتە جێگری یەكەمی سەرۆكی دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەو لەساڵی (2011) تائێستاش بەفەرمانی خامنەیی سەرۆكی داواكاری گشتیی تایبەت بەزانایانی ئایینیی هەموو ئێران دەستنیشان كراوە.
رەئیسی بۆ ماوەی (14) ساڵ لەژێر دەستی عەلی خامنەیی وانەی (جیهاد و قیساس)ی لەگەڵ مەكاسبی موحەڕەمە (بازرگانیی حەرامكراو)ی خوێندووە و توانیویەتی دواتر دكتۆرا لەبواری فیقهـی شیعەو مافە كەسییەكان لەزانكۆی موتەهەری لەتاران وەربگرێت و گەورەترین پلەی زانستی ئایینیی لەناوەندی زانستی ئایینیی قوم ببڕێت كە بەچوارەم پلە ناودەهێنرێت و باڵاترین پلەی زانستی ئایینیی شیعەیە لەقوم.
دوای بڕینی و تەواوكردنی خوێندنی ئایینی و زانستی ماوەی ساڵانێك وەك مامۆستای زانكۆ لەبواری (فیقهـ و دادوەریی و ئابوریی) وانەی وتووەتەوە.
رەئیسی لەساڵی (2004) بە بەدەستهێنانی (80%)ی دەنگەكانی ئەنجومەنی دەستبەژێری رێبەری (ئەنجومەنی خوبرەگانی رەهبەری) وەك نوێنەری پارێزگای (خوراسانی باشور) بووە ئەندامێكی ئەو ئەنجومەنەو لەئێستادا ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنەیە كە بەیەكێك لەهەستیارترین دامەزراوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەژمار دەكرێت.
رئیسی خاوەنی شەش كتێبە لەبوارەكانی (زانستی ئایینیی و ئابوریی) و زۆربەی وتارو نووسینەكانیشی لەسەر ئەو دوو بوارە و پەیوەندیی و گرێدراویی ئەو دوو بوارە پێكەوە بووە.
رەئیسی دوای ئەوەی لەساڵی (2017) بە بڕیاری خامنەیی بوو بەسەرۆكی دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی ئێران، توانی ژمارەیەك دادوەرو كارمەندی خاوەن پێگە و پێشینە لەو دەزگایە كە بەنەیاری ئەو ئەژمار دەكران دووربخاتەوە و ژمارەیەكیشیان بەزیندانیكردن سزا بدات و رەنگە ئەم رووداوە لەدەزگای دادی ئێران یەكێك بێت لە رووداوە مێژووییەكان كە هەم ئاماژەیە بەگەندەڵبوونی ئەو دەزگایە و هەمیش ئاماژەیە بەتەشەنەكردنی نەیارانی كۆماری ئیسلامی لەئێران.
رەئیسی لەساڵی (2019) لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بەهۆی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤەوە خرایە لیستی سزای نێودەوەڵەتییەوەو ئەمەریكا رایگەیاند؛ رەئیسی دەستی لەسەركوتی نەیارانی ناوخۆو دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە.
رئیسی داوای خوێنی قاسم سولەیمانی دەكات..
ئیبراهیم رەئیسی لەسەر گۆڕی قاسم سولەیمانی كاندیدبوونی خۆی بۆ سیانزەیەمین هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران راگەیاند، كەئەمەش ئاماژەیەكی بەهێزە كە یارێكی وەفاداری سولەیمانییە و دەیەوێت لەسەر رێچكەو رێبازی ئەو فەرماندە سەربازییەی كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بێت.
ئەو لەزستانی ئەمساڵ سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق كردو بە راشكاوی رایگەیاند كە یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی گەشتەكەی بۆ بەغدا لێكۆڵینەوەی خێرایە لەدۆسیەی كوشتنی قاسم سولەیمانی بۆ ئەوەی لەنزیكەوە ئاگاداری كارەكانی دەزگای دادوەریی عێراق بێت بۆ بە ئەنجامگەیاندنی دۆسیەكە، ئەو گەشتەی رەئیسی ئاماژەبوو كە وەك یارێكی وەفاداری سولەیمانی دەیەوێت داوای خوێنەكەی لەعێراق و ئەمەریكا بكات.
خاوەن دەسەڵاتترین كاندید..
بەفەرمانی خامنەیی لەساڵی (2016) تا ساڵی (2019) ئیبراهیم رەئیسی وەك خاوەنداری مەزارگەی (ئیمام رەزا) لە مەشهەد كەئیمامی هەشتەمی شیعەكانە، دەستنیشان دەكرێت، ئەم مەزارگەیە زیاترین داهاتی ئابوریی نانەوتیی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، چونكە ساڵانە (30) ملیۆن كەس سەردانی ئەو مەزارگەیە دەكەن و بڕە پارەیەك وەك خێر بۆ سندوقەكانی تەرخان دەكەن، بەڵام بەرپرسان رایانگەیاندووە ئەو مەزارگەیە رۆژانە سێ ملیار تمەن خەرجی هەیە كەدەكاتە (122) هەزار دۆلار لەكاتێكدا هەندێك سەرچاوە داهاتی ساڵانەی ئەو مەزارگەیە بەزیاتر لە (15) ملیار دۆلار دەخەمڵێنن.
رەئیسی كە ساڵی (2017) خۆی بۆ دوانزەیەمین هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی كاندید كردبوو لەبەرامبەر حەسەن رۆحانی شكستی هێنا ، بەبەدستهێنانی نزیكەی (16) ملیۆن دەنگ واتە (38%)ی دەنگەكان كە دەكاتە زیاترین دەنگی ركابەری دۆڕاو لەمێژووی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی ئێراندا تۆمار كرد، چونكە پێش ئەو لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی ساڵی (2009) میر حسێن موسەوی، سەرۆكی بزوتنەوەی سەوز-ی سەر بە ریفۆرمخوازان لەبەرامبەر مەحمود ئەحمەدی نەژاد (13) ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی سەركەوتن بەدەستبهێنێت.
جارێكی دیكە رەئیسی بەختی خۆی لەئەمساڵداو لەسیانزەیەمین هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی ساڵی (2021) لەئێران تاقیكردەوەو بە بەدەستهێنانی (18) ملیۆن دەنگ كە دەكاتە (62%) كۆی (28) ملیۆن لەدەنگەكان، كورسیی سەرۆك كۆماریی مسۆگەر كرد.
بەهۆی پشتیوانیی هەمەلایەنەی باڵی محافزكارو تەنانەت ژمارەیەك لە ریفۆرمخوازان و رێكخستنی ئەو هەڵبژاردانانە بەشێوەیەكی ئەندازیاریی لەبەرژەوەندیی رەئیسی، سەركەوتنی ئەو پێشبینیكراو بوو.
هەر لەگەڵ سەركەوتنی چاوەڕوانكراوی رەئیسیدا كیم جونگ ئون، سەرۆكی كۆریای باكور پیرۆزبایی لێكردو داوتریش سەرۆك و بەرپرسانی ڤەنزوێلا و ڤێتنام ، كوباو توركیاو نەمساو ئیمارات و قەتەرو سوریاو عێراق پیرۆزباییان لێكرد.
شكستی پێشبینیكراوی ریفۆرمخوازن..
سەركەوتنی رەئیسی بووە هۆی یەكدەستبوونی دەزگای جێبەجێكار (حكومەت) و دەزگای یاسادانان (پەرلەمان) بۆ محافزكاران، رەنگە ئێستا باڵی ریفۆرمخواز لەهەمو كاتێك زیاتر بێ پەڕوباڵتر بێت، چونكە بێگومان بە لەدەستدانی حكومەت و پەرلەمان لەماوەی ساڵێكدا داهاتوویەكی ناڕوون بۆ ئەو باڵەی كۆماری ئیسلامی ئێران چاوەڕوان دەكرێت.
یەكەمجار ریفۆرمخوازان پەنایان بۆ حەسەن خومەینی، كوڕەزای روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەرو رێبەری پێشوی كۆماری ئیسلامی ئێران برد بۆ ئەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی كاندید بكات، بەڵام ئەو لەژێر كاریگەریی دیدارێكی عەلی خامنەیی لەخۆكاندیدكردن پاشگەز بووەوەو دواتر ئەو باڵە پەنایان بۆ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران برد كەئەویش رایگەیاند كاری دیپلۆماسی و پسپۆڕییەتەكەی بۆ خزمەت بەكۆماری ئیسلامی ئێران لەهەموو شتێك بۆ گرنگترە، بۆیە هێندەی دیكە ریفۆرمخوازان بێهیوا بوون.
دوایین فریادڕەسی ریفۆرمخوازان ئیسحاق جیهانگیری، جێگری سەرۆك كۆمار بوو، بەڵام كاندیدبوونی ئەو لەلایەن ئەنجومەنی چاودێریی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە رەتكرایەوە بۆیە ئەو باڵەی كۆماری ئیسلامی بەدەستێكی بەتاڵەوە بەشداریی ئەو پڕۆسەیان كردو ئەنجامەكەشی بەسەركەوتنی پێشبینیكراوی رەئیسی كۆتایی هات.
رەئیسی خەونی پاكسازیی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی هەیە..
مێژووی دەسەڵات و بڕیاربەدەستبوونی رەئیسی دەتوانێت ئاماژەیەكی گرنگ بێت بۆ پاكسازیی نەیارانی ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوخۆی سیستمی كۆماری ئیسلامی ئێراندا و هەموو ئاماژەكان بەدەر لەزۆربەی شیكردنەوەكان ئەوە دەردەخەن كە هێزی ئیداری و یاسایی و ئابوری و سەربازیی رەئیسی بەكاربهێنرێت بۆ پاكسازیی لەسیستمی كۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستی درێژكردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی ئەو كۆمارە ئیسلامییە لەئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەزمانێكی دیكە شێوازی ئەندازیاریی سیانزیەمین هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران و سەركەوتنی رەئیسی بەمەبەستی لەبێژنگدانی سیستمی كۆماری ئیسلامی ئێران بووە.