قوباد تاڵەبانی: سزای گەندەڵکاران دەدەین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: " پڕۆسەیەكی گۆڕانكاریمان دەست پێكردووە و سزای گەندەڵکاران دەدەین و پاڵپشتی کەسانی دڵسۆز دەکەین".
ئهمڕۆ هەینی 16ی تەممووزی 2021 بەپێی راگەیاندراوێکی قایمقامیەتی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لێپرسراوانی بەشێک لە یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە: " ئەرکی سەرەکی فەرمانگە حکومییەکان خزمەتکردنە و کاری جددی دەکەین بۆ گەیاندن و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاونیشتمانیان و جێبەجێکردنی پرۆژەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی".
بە وتەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە پرۆسەیەکی گۆڕانکاری کراوە و "کرۆکی گۆڕانکارییەکان لەسەر بنەمای توانا و دڵسۆزی و خزمەتکردن دەبێت".
سەبارەت بە ئامانجی گۆڕانکارییەکان، قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کردووە "بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانی حکومەت و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای سلێمانی"، گوتیشی "ئەو کەسانەی کاری باش دەکەن و خزمەتی هاووڵاتییان دەکەن، پاڵپشتی دەکرێن، بەڵام لە بەرامبەردا قورسترین سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە تێوەبگلێن لە گەندەڵی و پۆست و پێگەکانیان بۆ مەرامی تایبەتی بەکاربهێنن و دڵسۆز نەبن لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو "بە هیچ جۆرێک رێگە بە هیزە ئەمنییەکان نادرێت دەستێوەردان لە کاروباری بازاڕ و سیاسەت و بژێویی ژیانی خەڵکدا بکەن".
هەروەها راشیگەیاند، تەنیا ئامانج لەو بڕیار و گۆڕانکارییانە خزمەتکردنی زیاتری هاونیشتمانیان و جێبەجێکردنی ئەرکی دامەزراوەکانی حکومەتە لە ئاستێکی باش و پێویستدا لە بەرامبەر خەڵک و رێگریکردن لە هەر هەڵە و کەموکورتییەک کە زیان بە ژیان و کاسبیی خەڵک بگەیێنێت.
