وەزیری دەرەوەی روسیا: ئەمریكا لە ئەفغانستان شكستی خوارد

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزیری دەرەوەی روسیا لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان رایگەیاند:"  ئەركی ئەمریكا لەو وڵاتە شكستی خواردووەو ژمارەی هێزەكانی سوپای ئەفغانستانیش هەرچەندە چوار هێندەی چەكدارانی تاڵیبانە، بەڵام دۆخەكە بەم جۆرەیە كە ئێستا دەیبینین.

شێرگی لاڤرۆڤ، لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی تایبەت بە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا، كە لە تاشقەندی پایتەختی ئۆزبەكستان بەڕێوەچوو، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە ئەفغانستان، بە شكستێكی گەورەی سەربازیی ئەو وڵاتە وەسفكردو وتی:" بەپێچەوانەی لێدوانی جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا كە باسی لەوە كردبوو ئەركە ساربازییەكەیان لە ئەفغانستان سەركەوتوو بوو، بەڵام راستییەكەی ئەركی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان شكستی خوارد.

وتیشی:" هەرچەندە بایدن ھەوڵیدا دۆخەكە بە رەنگە ئەرێنییەكانەوە پێشكەش بكات، بەڵام دەبێت ئەمریكا بە ئاشكرا ئەمە قبوڵ بكات كە ئەوان شكستیان هێنا.

وەزیری دەرەوەی رووسیا هۆشداریشیدا لە بەهێزبوونی پێگەی هەردوو رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و قاعیدە لە ئەفغانستان، ئاماژەی بەوەشكرد كە بەرھەمھێنانی ماددەی ھۆشبەر لەو وڵاتە گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی، بەجۆرێك لەئێستادا 90%ی تەواوی ماددە ھۆشبەرەكانی جیھان لە ئەفغانستان بەرھەمدەھێندرێت.

لاڤرۆڤ، وتیشی:" بەپێی ئامارەكان، 300 ھەزار سەرباز لە خزمەتی ئیدارەی ئەفغانستاندایە. ژمارەی چەكدارانی تاڵیبانیش سێ بۆ چوار ھێندە كەمترە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەنجامەكان بەم شێوەیە كە دەبینین".

وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی نایەوێت ئەفغانستان بگاتە ئاستی ئاژاوەو ئەوەی خستەڕوو كە دەیانەوێت خەڵكی ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی ئاشتی و سەقامگیری بژین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار