رۆژئاڤا؛ ژمارەیەک ژن و منداڵ لەکەمپی هۆل رادەستی بەلجیکا دەکاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤای کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی شاندێکی باڵای بەلجیکا بەسەرۆکایەتی ئیریك دی موینك، بەرپرسی دۆسیەی سوریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی قامشلۆی کردوە و ژمارەیەک ژن و منداڵی نیشتەجێی کەمپی هۆل کەبەرەگەز بەلجیکی بون رادەستی شاندەکە کراونەتەوە.

ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤای کوردستان لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی چەندین دۆسیە و بابەتی جیاوازەوە كراوە لەوانەش پرۆسەی سیاسی و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی بەكراوەیی هێشتنەوەی دەروازەی سنوریی باب ئەلهەوا بۆ گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان و بەردەوامبونی توركیا لە بڕینی ئاوی شاری حەسەكە، بۆیە داوایان لەشاندەکە کردوە رێگەچارەیەكی دیكە بۆ گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ خەڵكی رۆژئاڤای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگرنەبەر.

لای خۆیەوە دی موینك، بەرپرسی دۆسیەی سوریا لە وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا باسی لەوەکردوە، بەلجیكا رۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەرز دەنرخێنێت لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و دوپاتیكردوەتەوە کە زۆر نیگەرانن لە دۆخی كەمپەكان، بەتایبەتی لەم كاتەدا کە پەتای كۆرۆنا بەشێوەیەكی بەرچاو بڵاوبوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، كار دەكەن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان و ڤاكسینەكان بەزوترین كات بۆ کەمپەکان، هەروەها کار دەکەن بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی دورخستنەوەی منداڵان لە "فکری توندڕەوی".

لە كۆتایی سەردانەكەدا، ژمارەیەك ژن و منداڵی كەسوكاری چەكدارانی پێشوی داعشی بە رەچەڵەك بەلجیكی رادەستی شاندە كراون و یاداشتنامەیەكی هاوبەشیش واژۆكراوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار